بەهۆی سەرماوە لە 5 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ

لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و 20 پارێزگای ئێران بەهۆی سەرما و سۆڵەوە کراوەتە پشوو. لە سێ پارێزگای دیکەش دەوامی فەرمانگەکان یەک کاژێر درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەستپێدەکات و تەنیا لە سێ پارێزگا دەوام ئاساییە.
 
ئەمە سێیەمین رۆژە لەسەر یەک لە زۆربەی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرما و سۆڵەوە پشوو رادەگەیێنرێت.
 
چەند رۆژێکە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، بەهۆیەوە رۆژی سێشەممە، 17-12-2024  بۆ سێیەمین رۆژ لە ژمارەیەک پارێزگە کرایە پشوو.
 
یاسر رەهبەردین، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری هاوئاهەنگی رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی کەشوهەوای سارد، بڕیاردرا فەرمانگەکانی حکومەت، دامەزراوە پەروەردەییەکان، قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگاکە دابخرێن.
 
رەهبەردین گوتی، بریارەکە بەمەبەستی رێگری لە کەمبوونەوەی گاز و سووتەمەنیی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان دراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ''بڕیارەکە دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندروستییەکان ناگرێتەوە.''
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، رۆژی سێشەممە لەو پارێزگایە پشوو راگەیێندراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوابەدوای پێشبینی و ئاگادارکردنەوەی کەشناسیی پارێزگاکە سەبارەت بە بەردەوامی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، بە بڕیاری کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگاکە، رۆژی سێشەممە، لە سەرجەم قوتابخانەکان، زانکۆکان، فەرمانگە حکومییەکان، بانکەکان (جگە لە لقە هەڵبژێردراوەکانی هەر بانکێک) پشووە."
 
بە پێی راگەیێندراوەکە، ''بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها دادگەکان ناگرێتەوە.''
 
هاوکات لە پارێزگەکانی ئیلام، لوڕستان و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، جیا لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان داخراون.
 
جیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەگشتی لە 20 پارێزگای ئێران بەهۆی سەرما و سۆڵە و بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبا پشووی سەرانسەری راگەیێندراوە.
 
هەروەها لە سێ پارێزگای دیکەی ئێرانیش، بەهۆی بەردەوامیی سەرما و سۆڵەوە، دەوامی فەرمانگەکان یەک کاژێر درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەستپێدەکات و تەنیا لە سێ پارێزگا دەوام ئاساییە.
 
بە گوێرەی کەشناسیی ئێران، لە سێشەممەوە دووبارە شەپۆلێکی بەفر و باران، روو لە وڵاتەکە دەکات و پارێزگەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە.