ئیلهام ئەحمەد بۆ ترەمپ: تورکیا هێرشبکاتە سەر کۆبانێ کارەسات روودەدات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری دەکەن هێرش بکەنە سەر کۆبانێ و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە روودانی "کارەساتی مرۆیی" هۆشداری دەدەن. ئیلهام ئەحمەد لەوبارەیەوە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکیدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندووە: "زەنگی مەترسییە و تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ چوونە نێو سووریا بەشێوەیەکی فراوان و هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانەی کورد لە دەستی کورددایە بە پشتیوانی ئەمریکا.''
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە: "ئەو هێزانەی کۆکراونەتەوە لە گرووپە چەکدارەکان و هێزی کۆماندۆی تورکیا و تۆپهاوێژ پێکدێن بە ژمارەی زۆرەوە کۆکراونەتەوە و لەنزیک کۆبانێ جێگیرکراون."
 
"هێرشی تورکیا زۆر نزیکە"
 
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: "هێز کۆکردنەوەی تورکیا، هاوشێوەی ئەو جووڵە سەربازییەیە تورکیا لە 2019 کردی و هێرشیکردە سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.'' هاوکات، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی دەڵێ: "جەختمان لەسەر ئەو پرسەیە و گوشار دەکەین بۆ دان بەخۆداگرتن.'' 
 
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی دووشەممە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و ئۆپەراسیۆنی تورکیای بە "چاوەڕوانکراوە" ناوبردووە و داوایکردووە: "گوشار لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات هێز نەنێرێتە سەر سنووری باکووری سووریا."
 
ئیلهام ئەحمەد لە نامەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی، "ئامانجی تورکیا دروستکردنی ناوچەیەکی دیفاکتۆیە لەسەر خاکی ئێمە، پێش ئەوەی تۆ (دۆناڵد ترەمپ) وەکو سەرۆک دەستبەکاربیت.''
 
ئیلهام ئەحمەد گوتوویەتی: "تورکیا دەیەوێت گوشار لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات، وەکو دەسەڵاتداری سەر خاکی ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.'' هۆشداریش دەدات ئەگەر تورکیا ئەو هێرشە دەستپێبکات "لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت.''
 
تائێستا تورکیا هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە، بەڵام وەکو رۆژنامەی وۆڵ ستریت دەڵێت: "هەڕەشەی تورکیا لە هەسەدە کە هاوبەشی ئەمریکا دەکات لە شەڕی داعش و رێگری لەسەرهەڵدانەوەی، پێش چەند هەفتەیەک دێت لە گۆڕانکاریی لە ئیدارەی ئەمریکا.''
 
هەسەدە "شکستهێنانی" ئاگربەستی نێوان خۆیان و گرووپە چەکدارەکانی راگەیاند و گوتی: "تورکیا هێز کۆدەکاتەوە لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کۆبانێ".
 
بەگوێرەی ئیلهام ئەحمەد، "بەدرێژایی سنوور دەبینین تورکیا هێزەکانی کۆکردووەتەوە، خەڵکی سڤیلی ئێمە لەژێر ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانکاری و مردندان."
 
رۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "تورکیا سەرپەرشتی هەتەشەی کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سووریا.''
 
ترەمپ باسی لەوەشکرد: "تورکیا ئەو پرۆسەیەی دەستبەسەرداگرتنەکەی بەشێوەیەکی نادۆستانە کردووە، بێ ئەوەی خەڵکێکی زۆر گیانلەدەست بدات.''
 
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو نامەیەی کە بۆ ترەمپی ناردووە، نووسیویەتی: "هەر هێرشێکی تورکیا رەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار کەس تەنیا لە کۆبانێ."
 
هەر لەو نامەیەدا هاتووە: "باوەڕمان پێتە کە لە وەرگرتنی دەسەڵات وەکو سەرۆکی ئەمریکا رێگری لەو کارەساتە بکەی، چونکە ئەردۆغان گوێ لە تۆ دەگرێت، متمانەمان هەیە کە جارێکی دیکە بەدەم داواکاری تۆوە بێت.''
 
ئیلهام ئەحمەد بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای گوتووە: "سەرکردایەتیی یەکلاکەرەوەی ئێوە دەتوانێت رێگری لەو داگیرکارییە بکات، پارێزگاریش لە شکۆ و سەلامەتی ئەوانە بکات کە وەکو هاوپەیمانی نەگۆڕی ئەمریکا ماونەتەوە لە پێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکان."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە