رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەرکەسێک کەسوکاری لە سووریا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێسەروشوێنە، پەیوەندییان پێوەبکات بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکەن.
ئەڤین یاسین، گوتەبێژی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، 17-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرکەسێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان کەسێکی لە سووریا یان هەر وڵاتێکی دیکە بێسەروشوێن بووبێت دەتوانێت بەم ژمارەیە 80022222 پەیوەندیمان پێوەبکات".
رۆژانی یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە کاژێر 08:30 بەیانی بۆ 03:30 دوای نیوەڕۆ ژمارەکە کراوەیە، لە رێگەی هەموو تۆڕەکانی مۆبایلەوە لە عێراق بێبەرامبەر دەتوانرێت پەیوەندی پێوە بکرێت. ئەڤین یاسین دەڵێت، تیمەکانی وەڵامدانەی پەیوەندییەکان دەتوانن بە زمانی کوردی یان هەر زمانێکی دیکە کە پەیوەندییان پێوەدەکرێت، وەڵام بدەنەوە.
گوتەبێژی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە رێگەی تیمەکانیان لە تەواوی وڵاتان دەتوانن بەدواداچوون بۆ هەموو کەیسێکی ونبوو یان بێسەروشوێن بکەن.
لەدوای کەوتنی رژێمی ئەسەد لە سووریا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان لە زیندانی سیدنایا دۆزراونەتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیندانییەک نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ