نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەمریکا لە هەوڵدایە شەڕ لە سووریا روونەدات
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن
رووداو: ئەمشەو چەندین بۆچوونی بەرپرسانی ئەمریکیمان بیست، بەڵام هیچ شتێکی روون تێدا نەبوو سەبارەت بە پرسی پاراستنی رۆژئاڤای کوردستان. بە بڕوای تۆ، ئەمریکا رۆژئاڤای کوردستان لە هێرشەکانی تورکیا دەپارێزێت؟
سینەم محەممەد: وەکو دەزانن دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و رژێمی بەعس، شەڕێک لەلایەن چەتەکانی سەر بە تورکیاوە لە منبج روویدا، هەروەها ئێستا لەسەر بەنداوی تشرین روودەدات. بێگومان، ئەو شەڕە بە هاوکاری تورکەکان دەکرێت. لەم دۆخەدا، هەمووتان دەزانن ئەم دۆخە لەنێوان دوو ئیدارەدایە، ئیدارەی نوێی ترەمپ کە هێشتا دەستیپێنەکردووە و، ئیدارەی ئێستای بایدن کە ماوەیەکی کورتی ماوە بۆ دەرچوون لە دەسەڵات، بۆیە ئیدارەی نوێ یان ئیدارەی بایدن ناتوانن هیچ بڕیارێکی زیاتر بدەن. بەو هۆیەشەوە، هەوڵەکانیان ئەوەیە کە ئەم شەڕە رابگیرێت. نایانەوێت ئێستا شەڕێک رووبدات. بینیمان لە سەرتاسەری سووریا، ئێستا ئاگربەست هەیە، شەڕ نییە، بۆیە ئێمەش وەک خەڵکی خۆسەری دیموکرات، خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، دەمانەوێت شەڕ رابوەستێت. هیوامان بە بنیاتنانەوەیەک هەیە بۆ سووریا. بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر کورد، بە راستی ئەمریکا بە تووندی هەوڵی زۆر گەورە دەدات، لە نێوان ئێمە و تورکیا و گرووپە چەکدارەکان، هەوڵی زۆری ئەمریکا هەیە، ئەوان لە چەند رۆژی رابردووەوە لەسەر ئەو هەوڵە وەستاون و دەیانەوێت هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات و خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکەن، کە هیچ کات شەڕ روونەدات و ئاگربەست بکرێت. بینیمان کە وەزارەتی دەرەوە گوتوویەتی، ئێمە ئێستا ئاگربەستێک دەکەین، تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە. ئەوەش تاوەکو ئێستا باشە، بەڵام دەمانەوێت ئەو ئاگربەستە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە لایەکی دیکە، لایەنی سیاسی، بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، لەگەڵ هەموو خەڵکی سووریا دەستپێبکەین. ئێمە ئەوەمان دەوێت، بەڵام بەداخەوە تورکیا دەیەوێت ئاراستەی شەڕمان پێبکات، بەڵام بە راستی ئەمە زۆر خراپە، نەک تەنیا بۆ کورد، نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو هاووڵاتیانی کە لە ناوچەکەدا دەژین.
رووداو: ئیلهام ئەحمەد نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە. لە نامەکەیدا تایبەت لەسەر ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کۆبانێ وەستاوە یان داواکاریی دیکەشی تێدایە؟ دەتوانی هەندێک وردەکاریی ئەو نامەیە زیاد بکەیت و بڵێیت؟
سینەم محەممەد: راستە، نامە چوو بۆ سەرۆک ترەمپ، بەڵام من گوتم، هێشتا دەستی بە دەسەڵات یان حکومەتەکەی نەکردووە. بەڵام ترەمپ دەتوانێت کاریگەرییەکی باش لەسەر ئەردۆغان دروست بکات، لەبەرئەوەی پێشتریش پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە. بەڕێز ئیلهام ئەحمەد دەیویست ئەو پەیوەندییانەی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەکاربهێنێت، تاوەکو ئێستا ئەو ئاگرە رابوەستێت، ئەو شەڕە رابوەستێت. ئیدی کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵات، ئەو کاتە هەموو شتێک ئارام دەبێت. ئێمە نامانەوێت کاتێک ترەمپ دێتە سەر دەسەڵاتی خۆی و ببینێت کە لە ناوچەیەک شەڕ هەیە، لە ناوچەیەک ئاڵۆزی هەیە. لە ناوەڕۆکدا گوتوویەتی، ئێمە دەمانەوێت ئەم شەڕە رابوەستێت، و ترەمپیش بتوانێت زەخت لەسەر ئەردۆغان دروست بکات، تاوەکو ئەو شەڕە رابوەستێت، ئەو کاتە ئارامییەک لە هەموو سووریا دەبێت، وەکو ئەوەی ترەمپ دەیویست، هەردەم ترەمپ دەیویست و دەیگوت، من ئارامییەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکدەهێنم، لەبەر ئەوەش خواستی ئێمە ئەوە بوو.
رووداو: دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ کاتێک دێتە سەر دەسەڵات لە ئەمریکا، بە بڕوای ئێوە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە سووریا دەهێڵێتەوە؟
سینەم محەممەد: تاوەکو ئێستا دەیانهێڵێتەوە، بەڵام کاتێک ترەمپ دێت، بەڕاستی دیار نییە. دیار نییە کە دەیانهێڵێتەوە یان نا. ئەمەش پەیوەستە بەو تیمەی لەگەڵ ترەمپە و چۆن دەتوانن رازیی بکەن. ترەمپ نایەوێت بچێتە شوێنێک کە شەڕ و ئاڵۆزی تێدا هەبێت، جارێک گوتوویەتی کە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە سووریا نییە. بەڵام ئێستا من دەبینم و پێشبینی دەکەم، ترەمپ دەمێنێتەوە تاوەکو ئارامییەک لە هەموو سووریا دەبێت، چونکە تیمەکەی لەگەڵی، وەکو نموونە، وەزیری دەرەوەی دیاریکراو، زۆر پشتگیری کوردان و زۆر پشتگیری ئەوە دەکات کە ئارامی لە سووریا ببێت، پشتگیری هەسەدەش دەکات. هەروەها ئەو کەسەی کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دانراوە، پێگەکەی زۆر گرنگە و پێشتر ئەندامی کۆنگرێس بووە و زۆر پشتگیری کوردی کردووە. ئەمە دەبینین کە ئەگەر هەردووکیان کاریگەرییەکی باشیان لەسەر ترەمپ هەبێت، پێموانییە ترەمپ پاشەکشە بکات، بەڵام هێشتا نازانین.
رووداو: لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئێستا کە هەڵبژێردراون، پشتیوانی بۆ رۆژئاڤای کوردستان چۆنە؟
سینەم محەممەد: تاوەکو ئێستا ئەندامانی کۆنگرێسی پێشوو و ئەوانەی تازە هاتوون، زۆربەیان، بە راستی زۆر هەڵوێستێکی باشیان هەیە و یارمەتی کورد دەدەن، ئێمە ئەوە دەبینین. هەندێک لەلای ئەنجوومەنی پیران و هەندێکیش لەلای نوێنەران. ئەندامانی هەردوو لایەن هەن، کە یارمەتی کورد دەدەن و پشتیوانی کورد دەکەن. کاتێک دیدارەکانمان لە ناو کۆنگرێس دەکرد، ئێمە ئەوەمان بینی. لە ناو کۆنگرێس گرووپێکیش هەیە، ئێمە پێی دەڵێین گرووپی لایەنگری کورد لە کۆنگرێس. ئەویش هەیە. گرووپێکی گەورەیە، بچووک نییە، نزیکەی ٥٠ ئەندامی هەبوون، هەموویان پشتیوانی پرسی گەلی کوردیان دەکرد. زۆرن، لەبەر ئەوەش دیدارەکانمان لەگەڵیان بەردەوام بوو، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. سیناتۆری زۆریش هەن تاوەکو ئێستا دیدارەکانمان لەگەڵیان بەردەوامە، ئەوانیش هەوڵدانیان هەیە، سیناتۆرێک لە لای ترەمپ و سیناتۆرێکیش لە لای بایدن، هەردووکیان هەوڵدانیان هەیە کە کاریگەری لەسەر بایدن و لەسەر ترەمپ دروست بکەن، کە ئەو شەڕە رابگرن و بازرگانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سووریا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە تایبەتی لەسەر کورد، پێویستە رابوەستێت. پەیامی هەموویان یەکە، پەیامێک دەدەن کە مرۆڤی کورد، یان هێزەکانی سووریای دیموکرات تاوەکو ئێستا دەبێت لەگەڵمان یارمەتیدەر بن، لەگەڵمان یارمەتیدەر بوون کە شەڕی داعشمان کرد، بۆ ئەوەی داعش لەناو ببەین، ئەو کاتە پێویستە ئەو گەلە بە تەنیا نەهێڵین. ئەمە پەیامی ئەوانە تاوەکو ئێستا.
رووداو: ئایا ئێستا ئەمریکا ئامادەیە هەمان ئەو پشتیوانییەی لە رووی سەربازییەوە دەیداتە هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە رووی سیاسیشەوە بیداتە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات؟
سینەم محەممەد: لە رووی سیاسییەوە، ئێستا قۆناخێکی دیکەیە. چووینەتە قۆناخێکی نوێوە. دەبینین ئێستا سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، بە راستی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە شام هەیە، هەموو کەس دەزانێت ئەمانە کێن. ئێمەش بانگەوازمان کرد و گوتمان، ئێمەش وەک کورد، یان وەک خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەموو کوردەکانی، عەرەبەکانی، سریانەکانی، کریستیانەکانی، بەشێکین لەو سووریایە. ئێمە لە سووریا جیا نین، بۆیە دەبێت بۆ داهاتووی سووریا، ئێمەش هەین، چۆن ئێمە - وەک هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک کورد، وەک هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە - رۆڵێکی گەورەمان هەبوو، چۆن تیرۆری داعشمان لەناوبرد، ئێستا ئێمەش بەشێکین لەم سەرکەوتنەی کە دەڵێن ئێستا لە سووریا روویداوە، ئێمە بەشێکی سەرەکین. بەو پێیەش پێویستە بەشێکی سەرەکی بین لە داهاتووی سووریا. چەندین راگەیاندنی ئەمریکا هەبوون، دەیانگوت، لەمەودوا هەموو پێکهاتەکانی سووریا، وەک کورد، وەک دروزییەکان، وەک پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە، پێویستە رۆڵیان لە داهاتووی سووریادا هەبێت. بانگەوازی ئەوان ئەمەیە. ئێمەش ئەمە دەخوازین.
رووداو: بۆ کورد چۆنە سینەم خان؟ تۆ دەڵێیت ئەمریکا دەڵێت بۆ کورد و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بەتایبەت بۆ کورد، روانگەی ئەمریکا چییە، میکانیزمی پشتگیری ئەمریکا بۆ کورد چییە؟ هەموو کورد پێکەوە و لایەنە سیاسییەکانی کورد بە یەک شاندی کوردی هەبێت، پشتگیری بدات و بە یەک شاند بچێتە دیمەشق و بچێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، یان پشتگیری تەنیا بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە؟
سینەم محەممەد: بۆ کورد، ئەمە شتێکی دیکەیە. بە بۆچوونی ئەمریکا کوردانی رۆژئاوا هەموو یەکن، جیاوازییان نییە. کێشەی کورد لەسەر کورد دەمێنێتەوە، نەک لەسەر ئەمریکا. پێویستە ئێمە خۆمان ئامادە بکەین، یەک نامە، یەک پرۆژە، یەک روانگە، بچین بۆ ئەمریکا پێیان بڵێین، ئەمە پرۆژەی ئێمەیە، ئەمە روانگەی ئێمەیە، دەمانەوێت چارەنووسمان لە سووریای نوێ چۆن بێت. ئەمە لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە. ئێمە کوردانی رۆژئاوا لە ئێستاوە پێویستە دەستمان بخەینە ناو دەستی یەکتر، ئەگەر ئەنجوومەنی کوردی بێت... ئەگەر هەوڵەکانی ئەمریکا هەن بۆ دیالۆگی کوردی - کوردی جارێکی دیکە پێکبێت. بەڕاستی لەسەر ئەوەش کاری کرد. ئێمە ئەوە دەمانەوێت. ئێستا رەوش گۆڕاوە. رەوش وەک پێش ساڵێک نییە، رەوش وەک پێش 14 ساڵ نییە. رەوش ئێستا لە قۆناغێکی نوێدایە و پێویستە چارەنووسی کوردان دیاری بکات. ئێمەی کورد دەمانەوێت چی بۆ کوردان لە دەستووری نوێی سووریا هەبێت، پێویستە ئەمەش هەبێت. پێویستە لە دەستووری نوێی سووریا، مافی کوردان مسۆگەر بێت، ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لەبەر ئەوە من ناتوانم تەنیا ئەو قسەیە بکەم، یان ئەنجوومەنی کوردی بە تەنیا ئەو قسەیە بکات، لەبەر ئەوە پێکەوە، هەموو کوردانی ئێمە، هەموو گەلی کورد و پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە مەدەنییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، پێویستە ببنە یەک و بە یەک روانگەوە بچنە دیمەشق.
رووداو: پێش ماوەیەک فەرماندەی گشتیی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ئەوان ئامادەن بۆ پێشنیازێک کە کۆبانێ ببێتە ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو بە سەرپەرشتی و ئامادەیی ئەمریکا. لەسەر ئەمە بۆچوونی تۆ چییە؟ بە بۆچوونی تۆ، ئەمریکا شتێکی وەها دەکات و هەنگاوێکی وەها دەنێت؟
سینەم محەممەد: بەپێی ئەوەی روودەدات، هەمیشە هەڵوێستی تورکیا ئەوەیە کە شەڕ بکات، تورکیا هەمیشە دەیەوێت لەوێ هێرشێک بکات، نەک تەنیا کۆبانێ داگیر بکات، بەڵکو هەموو خاکی سووریای خستووەتە بەرچاوی خۆی و دەڵێت من هەمووی دەگرم، هەمووی هی منە. لەبەر ئەوە هەوڵدانی ئێمە هەیە کە میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ راگرتنی ئەو شەڕە، بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە رۆژئاوای کوردستان پێکەوە بژین، ئێمە ئەوە دەخوازین. لەبەر ئەوەش ئەو پێشنیازە لە فەرماندەی هەسەدە، بەڕێز مەزڵوم عەبدی هاتووە کە ئێمە ئامادەین کۆبانێ بێ چەک بکەین. بێ چەک بەو مانایە نایەت کە خەڵکی کۆبانێ بێ هێز بهێڵین، بێ چەک، دەبێت هێزەکانی ئەمریکاش لە کۆبانێ بمێننەوە وەکو چاودێر تاوەکو هیچ شتێک بەسەر خەڵکی کۆبانێ نەیەت. ئەمە یەکەم، ئەوی دیکەش ئاسایش هەیە، پۆلیسی ناوخۆ هەیە، واتە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەبن، بەڵام پێویستە بوونی ئەمریکا لەوێ هەبێت. ئەمەش پێشنیازێک بوو، لەبەر ئەوەی نامانەوێت شەڕ دروست ببێت. ئەمریکاش لەم لایەنەوە لەگەڵ ئێمەیە. بەڵام پێویستە ئەوانیش تورکیا رازی بکەن. من پێموایە تاوەکو ئێستا هەڵوێستی ئەمریکا زۆر کار دەکات کە ئەو شەڕە روونەدات، لەبەر ئەوەی ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە ئێستا کە شەڕێکی نوێ لە سووریا روو بدات، ئەوان نایانەوێت.
رووداو: ئەگەر تورکیا هێرش بکات، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە بۆچوونی ئێوە، پێویستە هەڵوێستی دەستەی تەحریر شام چی بێت بەرامبەر تورکیا؟
سینەم محەممەد: دەستەی تەحریر شام، ئێستا لە شامە و وەکو دەسەڵاتداری لێهاتووە، پێویستە گەلی سووریا و زەوی و خاکی سووریا بپارێزێت. پێویستە ئێستا هەڵوێستێکی هەبێت، بە تورکەکان بڵێت، ئیدی بەسە، ئێستا حکومەتێک دامەزراوە و حکومەتێکی کاتی دروستبووە، ئێمەش بەرپرسی خاکی سووریاین بە تەواوی، پێویستە رێگە نەدەین تورکیا بێتە نێو خاکی سووریاوە، پێویستە بەم شێوەیە بێت. ئێمە هیوا دەخوازین وابێت، بەڵام وەکو دەزانن، حکومەتی ئێستای شام، کێشەی زۆری هەیە، کێشەی ئابووری هەیە، کێشەی ئاسایش هەیە، کێشەی چۆنیەتی بنیاتنانەوە هەیە، هێشتا تازە وەریگرتووە. پێویستە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بن، لەگەڵ تورکەکان کار بکەن تاوەکو ئەم شەڕە لە سووریا رابوەستێت و هیچ کاتێک شەڕ لەوێ روونەدات. نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە و نە لە بەرژەوەندی ئەورووپایە و نە لە بەرژەوەندی دەوڵەتە عەرەبییەکانیشە کە تورکیا بێتە ناوەوە و پارچەیەک لە خاکی سووریا بگرێت. هەروەها هەڕەشەی تیرۆری داعش، تاوەکو ئێستا هێشتا لە ناوەوە، لە حەسەکە، لە شارەکانی باکووری رۆژهەڵات هێشتا هەن. زیندانییەکانی داعش هێشتا هەن، 12 هەزار کەس هەن، لە کەمپی هۆڵ زیاتر لە 50 هەزار کەس هەن. ئەمانە چۆن دەکەن، ئەگەر هێرشێک روویدا؟! ئەمە هەمووی مەترسییەک لەگەڵ خۆی دەهێنێت. لەبەر ئەوە کەس نایەوێت ئەو شەڕە رووبدات، لەبەر ئەوە هەوڵەکانی ئێستا هەن، هەم ئەورووپی و هەم ئەمریکی کە بتوانن رایبگرن.
رووداو: سەبارەت بە ناوخۆی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، دوای رووخانی رژێمی ئەسەد و گۆڕانی دەسەڵات، هیچ گۆڕانێک لە روانگەی عەرەبە هاوپەیمانەکانتان لە نێو مەسەدە روویداوە؟
سینەم محەممەد: دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی بڵێین، ئەو عەرەبانەی تاوەکو ئێستا لە نێو هەسەدە و لە نێو مەسەدەن، تاوەکو ئێستا روانگەکانیان بەردەوام و یەک روانگەن، بەڵام ئەگەر لەسەر گرووپێکی بچووک لە دێرەزوور دەرچووبێت، ئەو گرووپە پێشتر هەمان گرووپ بوو کە دەیویست ئاڵۆزییەک لە ناوخۆی دێرەزوور دروست بکات و دەریبخەن کە ئەوان هەسەدە و مەسەدەیان لەوێ قبووڵ نەکردووە، دەستی دەرەکیش لە پشتیانەوە هەیە. هێزەکانی دیکەش هەن. ویستیان کێشە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروست بکەن. دەیانەوێت وەک فیتنەیەک لە نێوان گەلی کورد و عەرەب دروست بکەن. ئێمەش دەڵێین نەخێر. تاوەکو ئێستا، 14 ساڵە پێکەوە کار دەکەین، عەرەب و کورد پێکەوە تیرۆری داعشیان رووخاند، پێکەوە خوێنیان داوە، بۆیە نابینین هەڵوێستێکی خراپ دەرکەوتبێت، هەموو هەڵوێستەکانیان تاوەکو ئێستا پشتگیری پرۆژەکە دەکەن. دەزانن ئێستا چی لە سووریا روودەدات، دۆخی سووریا هێشتا ئارام نییە. هێشتا نازانین دۆخەکە لە داهاتوودا چۆن دەبێت. بەڵێ ئێستا هەموو کەس دڵخۆشە و ئەسەد رووخاوە، بەڵام بە راستی تاوەکو ئێستا داهاتووەکەی زۆر روون نییە. ئێمەش دەزانین ئەو گرووپانەی هاتوونەتە شام تاوەکو ئێستا لە لیستی تیرۆردان، خەڵکی زۆر و زۆر هێزی ئەورووپیش دەڵێن، بۆ دروستکردنی سووریایەکی نوێ، هەموو جەخت دەکەنەوە، پێویستە سووریایەکی نوێ دروست ببێت و هەموو پێکهاتە ئایینییەکانیش تێیدا هەبن. ئەوانیش سەیر دەکەن و چاودێری دەکەن، ئاخۆ کارەکانیان باش دەبێت؟! ئەوکات لە لیستەکە دەریاندەهێنن. ئەگەر بە راستی بینییان شتی خراپی زۆر روودەدات، پێموانییە باش بێت. من دەڵێم، راگەیەندراوێک لە عەشیرەتە عەرەبەکانەوە دەرچوو بۆ هەمووان و هەڵوێستی خۆیان دیاریکرد، کە ئەوان تاوەکو کۆتایی لەگەڵ هەسەدە و مەسەدە و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتن و بەردەوام دەبن و ئێمەش بەشێکین لە سووریا. هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنی و باش بوو.