قوتابیانی قوتابخانەیەکی سنووری پیرمام 'لەنێو جرج و دووپشک' دا دەخوێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

قوتابخانەی رەشوان نورۆ لە سنووری پەروەردەی پیرمام 11 ساڵە لەنێو کابینە دان، بەشێکی کابینەکان تەقیون و کونی زۆری لێ دروستبوون، "مار، دووپشک، جرج و مشک" دێنە نێو پۆلەکان. پەروەردەی پیرمام دەڵێت: "کابینەکان نۆژەن دەکەینەوە."
 
قوتابخانەکە ساڵێکە گواستراوەتەوە سەر پەروەردەی پیرمام، پێشتر بە فەرمانێکی پەروەردەی خەبات بینای کۆنی قوتابخانەکە لە خانوویێکی دوو ژووری پێکدەهات 11 ساڵ پێش ئێستا چۆڵکرا و کابینەیان بۆ دابینکرا، ئێستا کابینەکانیش کۆن و رزیون و "کەڵکیان نەماوە تەنانەت نۆژەنیش بکرێنەوە". زۆربەی ژوورەکان ژێرەوەیان شکاون و بنمیجەکانیشی دلۆپە دەکەن. 
 
محیەدین مستەفا، مامۆستای ئایینی و کەسوکاری یەکێک لە قوتابیانی گوندەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی زەحمەتی خوێندنی قوتابییەکانی لەنێو کابینە کرد و گوتی: "کاتێک قوتابییەکان دێنەوە ماڵ بە دایک و باوکیان دەڵێن، حەشەراتی زۆر وەک مار و دووپشک لەنێو پۆل دان. ئێستاش مار لەنێو کابینەکاندایە و زۆر دەترسن. جگە لەوە کۆنی زۆری تێدایە و قوتابییەکانمان سەرمابردوو دەبن. لە 2013ـەوە لەنێو کابینە دەخوێنن."
 
قوتابخانەکە 6 پۆلییە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن پۆلی 1و 2 لەگەڵ پۆلی 4 و 5 لە ژوورێک وانە دەخوێنن. کامێرای رووداو چووەتە نێو قوتابخانەکە و دۆخی خوێندنی نێو پۆلەکانی خستووەتەڕوو. زنار زیاد، قوتابییەکی قوتابخانەکەیە، بە فەرهاد دۆڵەمەری گوت: "لەنێو کابینە ناتوانین بخوێنین. تۆزێک باران بێ ژوورەکە هەمووی تەڕ دەبێ، مشک لە سووچێکەوە دێتە دەر و لە سووچێکی دیکە دەڕوات، دێتە ناو پۆل. داوا دەکەین بینایەکی نوێمان بۆ دروستبکرێت."
 
 
ئیدارەی قوتابخانەکە لە کابینەکانی دیکەی خوێندن باشترنیە، کارگێری قوتابخانەکە نزیکەی 20 نووسرایان بۆ دروستکردنی بینای نوێی قوتابخانە ئاراستەی پەروەردەی خەبات و پیرمام کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
 
نەعیمە زوبێر، بەڕێوەبەری پەروەردەی پیرمام، بە رووداوی گوت: "کێشەی بینای قوتابخانەکانمان بە راپۆرت گەیاندووەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و داوامانکردووە بە زووترین کات چارە بکرێ، کێشەی بینای قوتابخانەی رەشوان نورۆ لە دوو هەفتەی داهاتوو چارەسەر دەکرێ، کابینەکانیان بۆ نۆژەندەکرێتەوە. لە پلانمان دایە بینای نوێیان بۆ دروستبکەین."
 
سەیفەدین مامەند، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەشوان نورۆی بنەڕەتی، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "نووسراومان دەکرد بۆ پەروەردە و هەر دەڵێن ئەوساڵ نا ئەوساڵ. سەرپەرشتیاری پەروەردەش دەهاتن و پێمان دەگوتن بیناکەمان کەڵکی خوێندنی نییە. لە نووسراوەکان داوای بینای نوێمان کردووە، پێمان گوتوون نۆژەنی بکەنەوە نۆژەنیشی ناکەنەوە. هەرچەندە کەڵکی نۆژەنکردنەوەیشی نەماوە و دەبێ بینای نوێ دروستبکرێ و کەلوپەلی خوێندنی بۆ دابینبکرێت."
 
نەجلە ئەسعەد، بەرپرسی بەشی بڕوانامەکان لە پەروەردەی پیرمام بە رووداوی گوت: "بۆ بابەتی کۆنی بینای قوتابخانەکان لەسەر هێڵین، بە راپۆرت ناوی ئەو قوتابخانانە بەرزکراوەتەوە کە پێویستییان بە بینای نوێ هەیە. شەش قوتابخانەی سنوورەکەمان پێویستییان بە بینای نوێ هەیە، قوتابخانەی دارەبزمارە دوای سەردانیکردنی بەڕێوەبەری پەروەردە راستەوخۆ بڕیاری تێکدانی درا و کابینەی نوێیان بۆ دابینکرا."
 
وەک نەجلە ئەسعەد ئاماژەی بۆ دەکات، نووسراوی قوتابخانەی رەشوان نورۆیان سەبارەت بە خراپی بینای قوتابخانەکەیان بەدەستگەیشتووە. دەشڵێت: "سبەی سەردانێکی مەیدانی ئەو قوتابخانەیە دەکەین، ئەگەر کابینەکان چاکبکرێنەوە چاکی دەکەین، ئەگەرنا کابینەی نوێیان بۆ دابین دەکەین."
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کابینەکان "کەڵکی نۆژەنکردنەوەشیان نەماوە". بیلال خالید، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: "12 ساڵە نووسراو دەکەین نە بینامان بۆ دروستکراوە و نە کەلوپەلی خوێندنیشمان بۆ دابینکراوە. ئێستا خوێندن ناچارییە لە قوتابخانەکە، ئێستا ستەمێکی زۆر لە قوتابییەکانمان دەکەین، دوو پۆل تێکەڵی یەک کابینە دەکەین و کاتەکە دەکەینە دوو بەش بەهۆی نەبوونی شوێن. کابینەکان کەڵکی نۆژەنکردنەوەیان نەماوە، سێ ساڵ پێش ئێستا تیمێک لە پەروەردەی خەبات هاتن و نۆژەنیان کردنەوە، بەڵام دیسانەوە وەکخۆی لێهاتەوە چونکە دارەکانی ژێر کابینەکان کاتێک تەڕدەبن رزی دەبن."
 
31 قوتابی لە پۆلی یەک بۆ 6ـی بنەرەتی لە قوتابخانەی رەشوان نورۆ دەخوێنن، پێش بە قەزابوونی پیرمام قوتابخانەکە سەربە پەروەردەی خەبات بووە، ساڵێکە گواستراوەتەوە سەر پەروەردەی پیرمام، بە دوو پەروەردە و 20 داواکاری هێشتا ‌گوندەکە بێ بینای قوتابخانەیە.