مەزڵووم عەبدی: پابەندین بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "جەخت لە پابەندبوونی جێگیرمان بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا دەکەینەوە."
 
سێشەممە، 17.12.2024، مەزڵووم عەبدی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "جەخت لە پابەندبوونی جێگیرمان بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا دەکەینەوە و رایدەگەیێنین کە ئامادەین پێشنیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی لە چەک داماڵدراو لە شاری کۆبانێ پێشکێش بکەین."
 
مەزڵووم عەبدی دەڵێ: "لەگەڵ دووبارە دابەشکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانین لەژێر چاودێری و ئامادەبوونی ئەمریکییەکان."
 
جەخت لەوەش دەکاتەوە "ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بەردەوامی ناوچەکەیە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، 17.12.2024 هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەم بۆشاییانە سوودی وەرگرت و چەتەکانی ئاراستەی شاری منبج کرد. بێگومان داگیرکەری تورکیا بە هەموو هێزە ئاسمانییەکانی و ئەگەرچی راستەوخۆش نەبێت، بە شێوەیەکی شاراوە لە زەویدا بەشداری لەم هێرشی داگیرکارییەدا کرد."
 
ساڵی 2014 و دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی سووریا، داعش دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کرد. داعش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕتر دەکردنەوە و بەرگریی کوردانی شارەکەش بەهێزتر دەبوو. لەو کاتەدا، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیش هێزێکی پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هاوکاریکردنیان نێردرا و داعش لەوێ تێکشکێندرا.
 
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "بەم داگیرکارییەی [تورکیا] رووی کردە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، واتە ویستی رووبکاتە کۆبانێ. لێرەدا شەڕی زۆر دژوار روویدا. تورکیا بە هەموو تەکنیکەکانییەوە هێرشیکردە سەر شەڕڤانەکانمان. بەڵام دوای پێنج رۆژ و لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەورەی شەڕڤانەکانمان، ئەم هێرشانە بە تەواوی شکێنران."
 
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا ئامانجیەتی سووریا داگیر بکات و زیاتر دەڵێ: "بێگومان ناوەستێت و ئێستا پیلان دادەنێت بۆ هێرشکردنە سەر شاری کۆبانێ. تەنانەت پیلانەکەی ئەوەیە کە هەموو خاکی سووریا داگیر و لکێنراو بکات. بۆ ئەمەش ئێستا لە سەرەتادا لە کۆبانێ و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ژمارەیەکی زۆری سەرباز و چەتەکانی، لەگەڵ چەکی قورس لە دۆخێکی ئامادەییدا راگرتووە. هەروەها بە شێوەیەکی رۆژانە هێرش دەکات و هەڕەشە دەکات."
 
بە بڕوای هەسەدە، "جیهان هەموو دەزانێت کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەموو ئەنجوومەنەکانیانەوە، هێزێکی شەرعین و شەڕێکی زۆر دژواریان دژی داعش کرد و تاوەکو ئێستا ئەم خەباتە بەردەوامە."