رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سووریا چووەتە قۆناخێکی نوێیەوە و لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی بەعس، چەندین بۆشایی لە ناوچەکەدا دروستبوون. "ئێستا دەسەڵات لە دیمەشق گۆڕاوە و روون نییە داهاتووی سووریا چۆن دەبێت."
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 17.12.2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە ساڵانێکە هێرش دەکاتە سەر ناوچەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەم بۆشاییانە سوودی وەرگرت و چەتەکانی ئاراستەی شاری منبج کرد. بێگومان داگیرکەری تورکیا بە هەموو هێزە ئاسمانییەکانی و ئەگەرچی راستەوخۆش نەبێت، بە شێوەیەکی شاراوە لە زەویدا بەشداری لەم هێرشی داگیرکارییەدا کرد."
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، "بەم داگیرکارییەی [تورکیا] رووی کردە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ، واتە ویستی رووبکاتە کۆبانێ. لێرەدا شەڕی زۆر دژوار روویدا. تورکیا بە هەموو تەکنیکەکانییەوە هێرشیکردە سەر شەڕڤانەکانمان. بەڵام دوای پێنج رۆژ و لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەورەی شەڕڤانەکانمان، ئەم هێرشانە بە تەواوی شکێنران."
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا ئامانجیەتی سووریا داگیر بکات و زیاتر دەڵێ: "بێگومان ناوەستێت و ئێستا پیلان دادەنێت بۆ هێرشکردنە سەر شاری کۆبانێ. تەنانەت پیلانەکەی ئەوەیە کە هەموو خاکی سووریا داگیر و لکێنراو بکات. بۆ ئەمەش ئێستا لە سەرەتادا لە کۆبانێ و لە سەرتاسەری ناوچەکەدا ژمارەیەکی زۆری سەرباز و چەتەکانی، لەگەڵ چەکی قورس لە دۆخێکی ئامادەییدا راگرتووە. هەروەها بە شێوەیەکی رۆژانە هێرش دەکات و هەڕەشە دەکات."
بە بڕوای هەسەدە، "جیهان هەموو دەزانێت کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە هەموو ئەنجوومەنەکانیانەوە، هێزێکی شەرعین و شەڕێکی زۆر دژواریان دژی داعش کرد و تاوەکو ئێستا ئەم خەباتە بەردەوامە."
ساڵی 2014 و دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی سووریا، داعش دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان کرد. داعش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە چڕتر دەکردنەوە و بەرگریی کوردانی شارەکەش بەهێزتر دەبوو. لەو کاتەدا، بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیش هێزێکی پشتیوانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ هاوکاریکردنیان نێردرا و داعش لەوێ تێکشکێندرا.
"جیهان هەموو ئەم سەرکەوتنەی ئێمەی دژی داعش پیرۆزکرد. بەڵام بەداخەوە لەو شوێنەی کە ئێمە داعشمان تێکشکاند، ئێستا دەوڵەتی تورکیا وەکو تۆڵەی داعش بستێنێتەوە، هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە. هەموو کەس دەزانێت داعش سەرەتا لە کۆبانێ تێکشکا. یەکەم شکستی خۆی لەوێ خوارد. واتە لە کۆبانێ لە پێناو ئازادیی گەلی کورد و هەموو گەلانی ناوچەکە، تەنانەت بۆ پاراستنی هەموو جیهان لە مەترسیی داعش، شکۆی مرۆڤایەتی پارێزرا."
دەشڵێت: ئەوانەی دەیانگوت "کۆبانێ کەوت، یان دەکەوێت" ئێستا چەتەکانی خۆیان ئاراستەی کۆبانێ دەکەن. ئێمە وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات بڕیارمان داوە، تاوەکو کۆتایی بەرەنگاری ئەم هێرشانە دەبینەوە. چۆن کۆبانێ بووە سەرەتای لەناوبردنی داعش، بۆ ئەردۆغان و چەتەکانیشی دەبێتە سەرەتای شکست."
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "کەمتر لە 24 کاژێر دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ناوچەکانی باکووری سووریایان بە دەست هێنایەوە، تیرۆریستانی داعش دەستیان بە هەڵمەتێکی چەکدارانەی نوێ کرد. ئەمە خۆی لە خۆیدا هێمایەکی مەترسیدارە کە هەڕەشەی داعش بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە."
بە بڕوای هەسەدە، سەرەتا گەنجانی کورد و عەرەب و تەواوی خەڵکی ناوچەکە پێویستە ئەم مەترسییانە ببینن و بۆ بەرزکردنەوەی خۆڕاگری، "شوێنی خۆیان لە نێو هێزەکانی سووریای دیموکرات بگرن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە خەڵکەکەمان لە هەر شارێکدا گەڕەک و کۆڵانەکانیان دەپارێزن، ئەوەندەش دەبنە پشتیوانی هێزی پاراستنی خۆیان. لەبەر ئەوە پێویستە خەڵکەکەمان بە ڕۆحی بەرخۆدان هەڵسوکەوت بکەن و تەواوی ژیانیان بەگوێرەی راستی ئەم شەڕە دژوارە رێک بخەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا، هەسەدە بانگەوازێک بۆ جیهان دەکات. "داوا لە تەواوی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان، هاوپەیمانان، شۆڕشگێڕان، کەسانی دیموکرات و ئازادیخواز دەکەین کە پێویستە لە تەنیشت خەڵکی کۆبانێ و هێزەکانی سووریای دیموکرات جێ بگرن و پێکەوە رووحی یەکی تشرینی یەکەم زیندوو بکەینەوە. ئەم رووحە جارێکی دیکە جیهانەکەمان لە مەترسی داعش و لایەنگرانی دەپارێزێت و بۆ دروستکردنی سووریایەکی دیموکرات و ئازاد رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ