پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و 'دۆخی رۆژئاوای کوردستان' کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە پیرمام لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆببنەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، لە حکومەتی داهاتوو "تەنیا بەشدار نابین، بەڵکو هاوبەش دەبین". سەرچاوەیەکیش لە پارتی دەڵێت، چاوەڕێن بزانن داواکارییەکانی یەکێتی چین، ئەوکات قسەی خۆیان دەکەن.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی، دووەمین کۆبوونەوەیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. کۆبوونەوەی یەکەم لە سلێمانی و کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیان لە پیرمام دەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، پرسی کۆبوونەوەی نێوانیان لەگەڵ پارتی "پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت"، بەڵام باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتی لە کابینەی داهاتوودا تەنیا بەشداریی حکومەت ناکات، بەڵکو دەبێت یەکێتی بەشێک بێت لە حکومەت، دەبێت هاوسەنگی هەبێت لە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتوو."
یەکێتی داوای چ پۆستێک دەکات؟
ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی: "دەمانەوێت ئەم جارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێت، واتا دوو ساڵ لای پارتی و دوو ساڵیش لای یەکێتی، ئێمە بەپێی ئەزموونەکانی رابردوومان، ئەم بڕیارەمان داوە، ئەگەر لەسەر ئەمەش نەگەیشتینە رێککەوتن، داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "یەکێتی بڕیاری خۆی داوە و بە فەرمی داوای یەکێک لەو دوو پۆستە دەکات، پێویستە ئەم جارە یەکێتیش بەشدار بێت لە پۆستە گرنگەکان و بڕیارە گرنگەکان، نامانەوێت سیناریۆی کابینەی نۆیەم دووبارە ببێتەوە."
گۆڕانکاری لە ئەندامانی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی کراوە
یەکێتی بە هەمان شاندی پێشووی لەگەڵ پارتی کۆنابێتەوە و گۆڕانکاریی لە ئەندامەکانی کردووە. ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، "هیچ هۆکارێکی ئەوتۆ نەبووە تەنیا بە باش زانراوە لە جێگەی رزگار حاجی حەمە، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ببێتە ئەندام لە شاندەکە."
شاندی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ئەندامەکانی پێکهاتوون لە رێواز فایەق، دەرباز کۆسرەت و د. ئامانج رەحیم.
دوایین کۆبوونەوەی ئەو دوو حیزبەی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 30-11-2024 بوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی.
پارتی لەبارەی داواکارییەکانی یەکێتییەوە چی دەڵێت؟
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "جارێ یەکێتی هیچ یەکێک لە داواکارییەکانی بە ئێمە نەگوتووە، بەڵام سەرۆکی حکومەت بە هاوبەشی هەرگیز نابێت، پارتی ئەمە قبووڵ ناکات."
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشیار زێباری سەرۆکایەتیی دەکات و پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامانی شاندەکەن.
ئەو سەرچاوەیەی پارتی دەڵێت: "یەکێتی لە کابینەکانی رابردووش هەر هاوبەشی حکومەت بووە، بریکاری وەزیریان هەبووە لە ناو حکومەت، ئەم جارەش هەر وەک جارەکانی دیکە دەبێت."
لەبارەی تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەو سەرچاوەیەی پارتی گوتی: "جگە لە بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێش 15 کورسی بەدەستهێنا.