سەرگەڕان؛ 54 هەزار دۆنم زەوىی داگیرکراو، کێشەى نێوان دوو نەتەوە و سێ پارێزگا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
پارچە زەوییەک لە سەرگەڕان؛ وێنە: رووداو
پارچە زەوییەک لە سەرگەڕان؛ وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

13 گوندى کوردى لە ناحیەى سەرگەڕان لە کەرکووک، هەموو ساڵێک دووجار لەگەڵ وەرزى کێڵان و دروێنە کێشە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دروست دەکرێت، 54 هەزار دۆنم زەوى ئەو گوندانە بەهۆى هەڵنەوەشاندنەوەى بڕیارەکانى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس، بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.
 
هەفتەیەکە پێنج گوندیان بوونەتە پرسێکى گەرم لە کەرکووک، دواى ئەوەى سوپای عێراق نەیهێشت جووتیارانى کورد زەوییەکانیان بکێڵن، بەهۆى ئەوەى عەرەبە هاوردەکان گوشاریان کردووە، کە پێشتر بە گرێبەست ئەو زەوییانەیان پێدراوە.
 
محەممەد ئیسماعیل، یەکێک لە نوێنەرى جووتیارانى ئەو سنوورە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو گوندانەى لە سنوورى نەینەوان کێشەیان نییە، ئەوانەى لە سنوورى کەرکووکن سوپا رێگە نادات بکێڵرێن".
 
ناحیەى سەرگەڕان لە 42 گوند پێکهاتووە، دوو گوندیان عەرەبنشینن و 40 گوندەکەى دیکەیان کوردنشینن، زەوییە کشتوکاڵییەکانى 13 گوندیان بە گوێرەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشی هەڵوەشاوە، لە هاونیشتمانییانى کورد داگیرکراون تاوەکو ئێستا بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە، رووبەری ئەو 13 گوندە بەتێکڕا 54 هەزار دۆنمە.
 
لەو 13 گوندە 4 یان لەسنوورى نەینەوان، دووانیان لە بۆشایی ئەمنین لە نێوان کەرکووک و هەولێرى پایەختى هەرێمى کوردستان، حەوتەکەی دیکەیان لە ناو سنوورى کارگێڕیی کەرکووکن.
  
بەرپرسیارێتیى ئەمنى ئەو گوندانە لە سنوورى دەسەڵاتى حکومەتى عێراق لە دەست فیرقەى 8ى کەرکووک و  14ى سوپان لە سنوورى نەینەوا. 
 
لە چەند رۆژى رابردوودا کێشە لەسەر زەوى گوندەکانى شەناغە، گابەڵەک، سەربەشاخ، خەرابە، پەلکانە روویدا، کە بە هەموویان 25 هەزار دۆنمن.
 
چارەسەرى کێشەى 13 گوندەکە ھەڵوەشاندنەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشە، کە ئێستا بۆ ئەو هەنگاوە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانى عێراقە و تەنیا قۆناخى دەنگدانى ماوە.
 
سەباح حەبیب، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "پەسندکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە چارەسەرى کێشەى زەوی و زارەکانى سەرگەڕان و ناوچەکانى دیکەى کەرکووک دەکات، بەهۆى پشووى پەرلەمانەوە پەسندکردنى دەکەوێتە ساڵى نوێ."
 
هەرچى 19  گوندەکەى دیکەیە بە بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکوورى حیزبى بەعس لە جووتیارانى کورد زەوتکراون، بە گوێرەى بڕیارەکانى ژمارە 4ى 2007 و 29ى 2012ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، دەبێت گرێبەستى عەرەبە هاوردەکان لەو 19 گوندە هەڵبوەشێندرێتەوە و بدرێنەوە خاوەنە رەسەنەکانیان، کە کوردن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی پارتی و یەکێتی

پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و 'دۆخی رۆژئاوای کوردستان' کۆدەبنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە پیرمام لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆببنەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، لە حکومەتی داهاتوو "تەنیا بەشدار نابین، بەڵکو هاوبەش دەبین". سەرچاوەیەکیش لە پارتی دەڵێت، چاوەڕێن بزانن داواکارییەکانی یەکێتی چین، ئەوکات قسەی خۆیان دەکەن.