سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: هەڵەکان دووبارە نەبنەوە و ئامێرەکان تاقیبکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رەخنە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەگرێت و داوای لێدەکات گەرەنتی تەواو بدات لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو هەڵە هونەرییانەی لە دەنگدانی تایبەت روویاندا و سەلامەتیی ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێندرێن بپارێزرێت، دەشڵێت، "زۆر نیگەرانین و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین هەڵەکان نەهێڵێت."

رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو کەموکورتییانەی لە رۆژی دەنگی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق روویاندا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو کێشە هونەرییانەمان کرد، کە لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان روویاندا، بەتایبەت نەناردنی ئەنجامەکان لە رێگەی ئامێری گوێزەرەوە لە زۆر لە سندووقەکانی دەنگدانەوە و گواستنەوەیان بۆ سەنتەرەکانی ژماردن و جیاکردنەوە بەبێ ژماردنیان بە دەست."
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق هەروەها دەڵێت، "ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکەکانی بەجێبگەیەنێت و بەپێی دەستوور پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران و مافی بەربژێرەکان بپارێزێت و وردتربێت و هەڵەکان لە دەنگدانی گشتی دووبارە نەبنەوە، بەتایبەت ژمارەی بنکە و وێستگەکان چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە کە لە دەنگدانی تایبەت هەبوون."
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەو راگەیێندراوەیدا داوای گەرەنتیی تەواو لە کۆمیسیۆن دەکات کە هەڵەکانی دەنگدانی تایبەت دووبارە نەبنەوە و دەڵێت، "یاسای هەڵبژاردن مەرجی داناوە کۆمیسیۆن لەگەڵ کۆمپانیایەکی پشکنەری سەربەخۆ گرێبەست بکات و تاقیکردنەوە بکات بۆ دڵنیابوون لەسەرجەم رێکارەکان و دابینکردنی هەموو گەرەنتییەک بۆ پارێزگاری لە سندوقە نێردراوەکان لەپێناو یارینەکردن بە ئەنجامەکان."
 
لە کۆتاییدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان نیگەرانیی خۆی نیشانداوە و داوا لە کۆمیسیۆن دەکات خۆی لە هەڵەکان دووربگرێت و دڵنیا ببێتەوە لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی لە وێستگەکاندا بەکاردەهێندرێن پێش پڕۆسەی دەنگدانی گشتی.
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد.
 
رۆژی دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.