رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی ورمێ لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 50 نوێنەری پەرلەمانی ئێران داوایان لە سەرۆککۆمار و رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، ئاو لە دەریای خەزەر و دەریاچەی وانی باکووری کوردستانەوە بگوازرێتەوە.
سەلمان زاکر، نوێنەری شاری ورمێ لە پەرلەمانی ئێران، گوتی گواستنەوەی ئاوی دەریاچەی خەزەر و دەریاچەی وان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ "لە درێژماوەدا کاریگەریی دەبێت."
لە ساڵانی رابردوودا زۆر جاران بابەتی گواستنەوەی ئاو لە دەریاچەی وان، دەریای خەزەر و تەنانەت لە رووباری ئاراسەوە بۆ دەریاچەی ورمێ باس کراوە، بەڵام شارەزایانی ژینگە پێیانوایە ئەمە پرۆژەیەکی کردەیی نییە و سەرکەوتوو نابێت.
شارەزایان دەڵێن، ئیکۆسیستمی دەریاچەی وان لەگەڵ دەریاچەی ورمێ جیاوازە و لە ئەگەری گواستنەوەی ئاوی وان بۆ ورمێ، ژینگەی دەریاچەی ورمێ و ئیکۆسیستمەکەی دەکەونە مەترسییەوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە کۆمەڵێک پرۆژەی گواستنەوەی ئاو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ جێبەجێکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا کاریگەرییان لەسەر رەوتی وشکبوونی دەریاچەکە نەبووە.
هادی فەرەجی ئازاد، سەرۆکی ژوورە پیشەییە کشتوکاڵییەکانی تەورێز، رۆژی شەممە، 16-12-2023 گوتی: داوا لە حکومەت دەکەین دەریاچەی ورمێ لە مردن رزگار بکات، چونکە دۆخی نەگونجاوی ئەو دەریاچەیە خراپترین دۆخی بۆ کشتوکاڵ، بەرهەمهێنان، ئابووری و تەنانەت ژیانی خەڵکی ناوچەکەش پێکهێناوە."
ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران، هۆکاری قوڵبوونەوەی کێشەی دەریاچەی ورمێی گەڕاندووەتەوە بۆ بەڕێوەبەریی ژیاندنەوەی ئەو دەریاچەیە کە لە حکومەتی ئیبراهیم رەئیسیدا پارێزگاری ورمێ وەک بەرپرسی ژیاندنەوەی دیاریی کراوە.
ئەحمەد عەلیڕەزا بەیگی دەڵێ "بەرپرسان بەگوێرەی پێویست گرنگی بەو کارەساتە نادەن کە ئێستا خەریکە روودەدات."
محەممەد رەزا میرتاجەلدینی، سەرۆکی کۆڕی پەرلەمانتارانی باکووری رۆژئاوای ئێران رۆژی 15-08-2023 گوتی: هۆکاری سەرەکیی قەیرانی دەریاچەی ورمێ ئیدارەنەدانی سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی ئاوە لە رێژاوی دەریاچەی ورمێ، لەم پەیوەندییەدا بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە.
بەگوتەی محەممەد رەزا میرتاجەدینی، لە ناوچەی رێژاوی دەریاچەی ورمێدا 105 هەزار بیری ئاو هەن، کە 70 هەزار بیریان نایاسایین و دەبێت بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەبارەوە بدرێت.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، ساڵی 1998 تاوەکو ساڵی 2019 لە نزیکەی 140 هەزار هێکتار زەوی، کشتوکاڵ لە رێژاوی دەریاچەی ورمێدا کراوە و ئەمەش ساڵانە پێویستیی بە یەک ملیار و 400 ملیۆن مەترسێجا ئاو هەیە و ئەم ئاوەش لە پشکی ئاوی دەریاچەی ورمێ کەم کراوەتەوە.
دەریاچەی ورمێ 14 ملیار مەترسێجا ئاوی پێویستە بۆ ئەوە بگاتە ئاستی ئیکۆلۆژی، ئەم دەریاچەیە ساڵی 1996 نزیکەی 33 ملیار مەترسێجا ئاوی تێدا بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی یەک ملیار مەترسێجا ئاوی تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ