ئەم ساڵ لە مهاباد 19 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

17-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا 19 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.

ئەمرۆ یەکشەممە، 17-12-2023، ئیسماعیل کەیکاوس، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی نەغەدە - مهاباد رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا 12 رووداوی هاتووچۆ کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییان، لە رێگە سەرەکییەکانی شاری مهاباد روویانداوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. 
 
ئیسماعیل کەیکاوس گوتی، ئەم ساڵ لە مهاباد 19 کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا ژمارەی گیانلەدەستدان بە هۆی ئەو رووداوانەوە 13 کەس بووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی نەغەدە - مهاباد، زیاترین رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رێگەی سەرەکیی نێوان بۆکان - مهاباد بووە کە بە جادەی بورهان دەناسرێت، بە شێوەیەک کە ٪60ـی رووداوەکان لە سەر ئەو رێگەیە روویانداوە.
 
ئاماژەشی بەوە کرد کە لە سنووری شاری مهاباد بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئەو رووداوە هاتووچۆیانەی کە بوونەتە هۆی برینداربوونی هاونیشتمانییان، 40٪ و ئەوانەی بوونەتە هۆی زیانی زۆری مادی 30٪ زیادیان کردووە.
 
ئیسماعیل کەیکاوس هەروەها رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوەکانیان هۆکاری 45٪ـی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سەر رێگە سەرەکییەکانی شاری مهاباد خێرایی لێخوڕینە، هەروەها خراپی رێگەوبانەکان، نەبوونی تابلۆی هاتووچۆ بە پێی پێویست، نەبوونی پرد لە هەندێک شوێنی رێگەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتووچۆ کۆمەڵێک هۆکاری دیکەن کە بوونەتە هۆی زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری شارەکە.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی 20-11-2023 رایگەیاندبوو، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ ئەم ساڵ 400 کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە زیادی کردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، پار لە سنووری ئەو پارێزگایە 587 کەس بە هۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو.
 
حوجەت موشتاق، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێش هەمان رۆژ رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ 90 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی نێو شارەکانی ئەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەستداوە و 5 هەزار و 139 کەسیش بریندار بوون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 50٪ زیادی کردووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە