لیژنەی شەهیدانی پەرلەمان داوای زیادکردنی مووچە و شایستەکانی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دووشەممەی داهاتوو لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری شەهیدان کۆدەبنەوە. سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "داوا دەکەین مووچە و مینحەی کەسوکاری شەهیدان زیادبکرێت."
رۆژی شەممە 17-12-2022، سەوسەن محەممەد، سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لەگەڵ ژمارەیەک لە رزگاربووانی ئەنفال کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردن و بەدواداچوون بۆ کێشە و گیروگرفتەکانیان و دوو سبەی کە دەکاتە دووشەممە لەگەڵ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆدەبنەوە.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری شەهیدان بۆ ئەوەیە لە هەندێک گیروگرفتی شەهیدان و رزگاربووانی ئەنفال و زیندانیانی سیاسی ئاگاداریان بکەنەوە.
سەوسەن محەممەد گوتی: "داوا دەکەین لە داهاتی چاکسازی لە مووچە کە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، بەشێکی بۆ کەسوکاری شەهیدان تەرخانبکرێت، چونکە پێویستە ژیانێکی باشتریان هەبێت و حکومەت ئاوڕیان لێبداتەوە، هەرچەندە بەهۆی قەیرانی داراییەوە کێشە هەیە، هاوکات بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییە کە هەمانە لە هەرێمی کوردستان مینحە و مووچەی کەسوکاری شەهیدان کەمترە بەراورد بە عێراق."
سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی گوتیشی: "هەندێک گرفت و کێشە هەن کە ئاراستەی لیژنەکانمان کراوە و بەدواداچوونمان بۆ کردووە ئەوانەش بەشێک دەبن لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزیری شەهیدان."