رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی ئاڵای کوردستان، ئاڵایەکی 103 مەتر درێژ و 20 مەتر پان لە پڕۆژەی ئیمپایەری هەولێر هەڵواسرا. سێ رۆژ ئاڵاکە لەسەر بەرزترین باڵەخانەی پڕۆژەکە دەمێنێتەوە. ئاڵاکە لەلایەن کۆمپانیایەکی نێوخۆیی دروستکراوە و ئەمساڵ درێژترین ئاڵا بوو.
هەر لە هەولێر چەند رێکخراوێک ئاڵایەکی 63 مەتر درێژ و 13 مەتر پانیان درستکردبوو، بە دەستی 120 پێشمەرگەی زێرەڤانی بۆ سەر قەڵای هەولێر بردرا و لەسەر قەڵاش گۆرانی بۆ ئاڵای کوردستان گوترا. هەروەها لە ئاسمانەوە تیمی فڕۆکەوانی هەولێر نمایشی خۆیان کرد.
لە کۆیە، لەسەر گۆڕی دڵداری شاعیر، نووسەری ئەی رەقیبی سروودی نیشتیمانی کوردستان ئاڵا بەدەستی دوو منداڵی شەهیدان بەرزکرایەوە.
لە کەرکووک هیچ چالاکییەک بۆ رۆژی ئاڵای کوردستان نەکرا، بەڵام لە خانەقین ئاڵایەکی 10 مەتری بەنێو بازاڕی شارەکە شەکێندرایەوە.
ساڵی 1999 پەرلەمانی کوردستان، یاسای ئاڵای کوردستانی پەسندکرد، هەروەها ساڵی 2004، بە گەڕانەوە بۆ کانوونی یەکەمی 1945 و رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کۆماری کوردستان لە مهاباد بڕیاریدا 17-12ی هەموو ساڵێک وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری بکرێت.
درێژترین ئاڵای کوردستان تاوەکو ئێستا دروستکرابێت، ئەو ئاڵایە بوو کە درێژیەکەی نزیکەی 5 کیلۆمەتر بوو کە لە 22-9-2017 لە کەرنەڤاڵی پشتگیری بۆ گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە هەولێر نمایشکرا، ئاڵاکە لەلایەن چەند چالاکڤان و گەنجێکی خۆبەخش دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ