بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 17-12-2022، تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و بە رێوڕەسمێکی سەربازی پێشوازی لێکرا.
تەرمی فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیاوە بۆ سلێمانی گەڕێندرایەوە، لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.
لە رێورەسمەکەدا دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی خوێندەوە و رایگەیاند: "شەهید ئاکام عومەر لە ئەرکی نیشتمانی و پاراستنی کوردستاندا گیانی بەخشی و شەهید بوو."
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکدا نیگەرانی خۆی بۆ شەهیدبوونی فەرماندەکەی کۆماندۆ دەربڕی و گوتی، "بەڵێنمان بە کاک ئاکام داوە وەک ئەو بە گیان و خوێنمان بەرگری لە کوردستان دەکەین."