شەپۆلێکی بەفر و باران هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شەپۆلێکی بەفر و باران هەر چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە، شەپۆلەکە دوو رۆژە باکووری کوردستانی گرتوووەتەوە، لە دوێنێ شەویش باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. شەپۆلەکە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات.
 
لە دوێنێ شەوەوە شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، کاژێر چواری بەرەبەیانی، بارانی بەخوڕ لە هەولێر و دەوروبەری باری. بارانەکە لە گەڕەکەکانی باشووری هەولێر لەوانەش رۆشنبیری و ژیان، هەروەها لە ناحیەی دارەتوو و قوشتەپە لافاوی لێکەوتەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "بەهۆی لافاوەکەی شاری هەولێر هەشت کەس بەهۆی لافاوەکە، کەسێکیش بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستداوە".
 
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 09:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند، تاوەکو کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ ئەگەری بارانبارینی بەخووڕ لە هەولێر هەیە، دواتر شەپۆلی بارانبارینەکە بەرەو کۆیە و سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان دەڕوات.
 
هەروەها فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژی شەممە بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبێت و لە ئێوارەی شەممەوە قۆناخی یەکەمی بارانبارین تەواو دەبێت، دواتر رۆژی دووشەممە قۆناخی دووەم دەستپێدەکات.
 
لە 14 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان باران دەبارێت
 
بەڕێوەبەری پێشبینی کەشناسی و بەڕێوەبەری قەیرانی ئێران رایگەیاند، لە ئەمڕۆ هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین 14 پارێزگای ئێران لە باکوور، باكووری رۆژئاوا، رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە کە هەر پێنج پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
 
سادق زیاییان، بەڕێوەبەری پێشبینی کەشناسی و بەڕێوەبەری قەیرانی ئێران، رایگەیاند، ئەو شەپۆلی بارانبارینە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە.
 
سەرچاوە خۆجێیەکان لە پارێزگای ورمێ ئاماژە بەوە دەکەن کە لافاو لە چەند ناوچەیەکی مهاباد روویداوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 16-12-2021 ئەحمەد شیرانی، سەرۆکی ناوەندیی زانیاری و کۆنتڕۆڵی ترافیکی پۆلیسی رێگای ئێران هۆشداری دایە شوفێرانی شارەکانی ئێران، کە بەهۆی بەفر و باران و تەم و مژەوە، کۆتایی ئەم هەفتەیە کاتێکی گونجاو نییە بۆ گەشتکردن بۆ پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەحمەد شیرانی، گوتی: "بەپێی راگەیێندراوی کەشناسی پێشبینی دەکرێ رۆژانی هەینی و شەممە بەفر و باران ببارێت، بەهۆی تەمومژەوە مەودای بینین کەم ببێتەوە و هەروەها پلەکانی گەرماش دادەبەزن".
 
بەگوتەی ئەحمەد شیرانی، بەپێی بارودۆخی کەشوهەوا ئەگەری داخرانی رێگاکان لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، لوڕستان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێران هەیە، بۆیە چەند رۆژی داهاتوو کاتێکی گونجاو نییە گەشت بۆ ئەم پارێزگایانە بکەن.
 
سەرۆکی ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی رێگای ئێران هەروەها گوتی: "ئەو کەسانەی کە زۆر پێویستە گەشت بکەن، دەبێت ئامادەییان بۆ بارودۆخی بەفر و باران هەبێت، دڵنیاببنەوە ئۆتۆمبێلەکانیان کێشەی نییە و زنجیر و کەلوپەلی گەرمکردنەوەیان پێبێت".
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان بەفر و باران دەبارێت
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا بڵاویکردەوە، بەفر و باران لە ژمارەیەک پارێزگای باکووری کوردستان دەبارێت و شەپۆلی بەفر و باران هەفتەیەک دەخایێنێت. 
 
بەگوێرەی ئەو هەواڵەی لە ماڵپەڕی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە پارێزگاکانی شرناخ، سێرت، وان و مێردین ماوەی دوو رۆژە بارانی بەخوڕ دەبارێت و پێشبینی دەکرێت سێ رۆژی دیکە بخایێنێت. 
 
هەروەها لە رۆژی 14ی کانوونی یەکەمەوە، بەفر لە پارێزگاکانی سێواس، ئەرزینجان، قارس، ئەرزەڕۆم، مووش، بەدلیس و ئاگری باریووە. پێشبینی دەکرێت شەپۆڵی بەفر بارینەکە تاوەکو نیوەشەوی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.   
 
لە رۆژئاوای کوردستان پروشکە باران دەبارێت
 
هەور ئاسمانی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانیشی گرتووەتەوە. بارزان فەرمان، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند لە ئەمڕۆ بەیانییەوە ناو بەناو پروشکە باران دەبارێت. بەڵام بەپێی کەشناسی ئەگەری هەیە لە ماوەی داهاتوو بارانێکی زۆر ببارێت.