پارێزگاری هەولێر: بەهۆی لافاوەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بارینی بارانی زۆر لافاو دروستبووە و جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیش هەیە. هەروەها راشیگەیاند، بە وردی ژمارەی گیانلەدەستدان دیار نییە، بەڵام تاوەکو ئێستا حەوت کەس بەهۆی لافاو و کەسێكیش بەهۆی هەورە برووسکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە رایگەیاند، لە خێزانێكی دانیشتووی دارەتوو سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، لە دەرەوەی دارەتووش دوو کەس، لە ناحیەی قوشتەپە منداڵێک گیانی لەدەستداوە و لە ناحیەی شەمامەش کەسێك بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، "دەتوانین بڵێین لە دوای کاژێر 07:00ـی ئەم بەیانییە مەترسییەکە نەماوە".
پێشتر پارێزگاری هەولێر لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، "بهداخهوه له نزیک کاژێر 04:00ی بەیانییەوە لافاو له شوێنهکانی سنووری پارێزگای ههولێر زۆره و ئهو شوێنانهی کاریگهریی لافاویان لەسەرە رێگهی هاتووچۆی تیمهکانیش تێیاندا ئاسان نییه".
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی کەوتنەوەی لافاوەوە "جگه له زیانی ماددی، زیانی گیانیش ههیه"، دەشڵێت، "ههموو تیمهکان له کاردان، بهڵام پێویسته خهڵکیش هاوکاربێت".
بەشێک لە هاونیشتمانیانی شاری هەولێر بەهۆی کەوتنەوەی لافاو لە گەڕەکەکانیان داوای بەهاناوەچوون لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، دەردەکەوێت کە بەهۆی کەوتنەوەی لافاو زیان بەر بەشێک لە ماڵەکان کەوتووە. لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا هاونیشتمانیان تەقە بە ئاسماندا دەکەن بۆئەوەی بەهانایانەوە بچن.