پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بە کۆمەڵێک مەرج دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 پشکی هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە، بەڵام کۆمەڵێک مەرج دانراون کە بە جێبەجێکردنیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ئینجا دەدرێت.
بەشی سێیەمی پرۆژەیاسای بودجە، کە هێشتا تێنەپەڕێندراوە و دەنگی پەرلەمانی لەسەر نەدراوە باسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی 2021دا دەکات، کە "لە کۆی گشتیی خەرجی فیعلی دیاریدەکرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک". هەروەها بۆ خەرجی بەکاربردن و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، دیسان ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دەبێ، ئەوەیان دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی.
لە ماددەی 11ی پرۆژەیاساکەدا باسی یەکلاییکردنەوەی شایستەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2020 ، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی دەکەن.
وردەکارییەکەی دیاریکردنی پشکی هەریمی کوردستان لە بودجەدا بەمشێوەیە:
بەشی سێیەم
حوکمە گشتییەکان و کۆتایی
ماددەی 10
یەکەم: پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فعلی دیاریدەکرێت لە خشتەی دال/ خەرجی حاکیمە هاوپێچی یاساکە هەیە، بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، وەزارەتی دارایی خەرجی دەکات بە رەزامەندی سەرۆکوەزیران.
دووەم: دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەکۆی گشتی خەرجی فعلی (خەرجی بەکاربردن و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان) بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی.
ماددەی 11
یەکەم: شایستەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی دەکەن، شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی رابردوو هەژمار دەکەن، ژمێرەی کۆتایی دەردەکەوێت کە لەلایەن دیوانی چادێری دارایی پەسند دەکرێت لەگەڵ رەچاوکردنی حوکمی ماددەکانی (24- دووەم- ب) لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
دووەم:
ا: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی تێکڕا 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی و فرۆشتنی لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت، پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنیا رادەستی گەنجینەی گشتی دەوڵەت بکرێت.
ب: هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2021 لەو پارەیەی لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021 بۆی دیاریدەکرێت و هەژمارکردنی قەرەبووی فەرمانبەران.
ج: ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت داهاتی فیدراڵی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی یاخود حوکمەکانی بڕگەی ئەلف-ی ئەو بەندە جێبەجێ نەکات، ئەوا وەزارەتی دارایی فیدراڵی حوکمی ماددەی (27- پێنجەم) جێبەجێ دەکات لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019، پشکی دیاریکراوی لێدەبڕێت بەپێی بەندەکانی یەکەم و دووەم (ئەلف) لەو مادەیە و دواتر حیسابەکە یەکلایی دەکەنەوە.
سێیەم:
ا: حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی قەرز و پابەندبوونە داراییە کەڵەکەبووەکانی لایەتی بەهۆی کورتهێنانەوە لە بودجەی ساڵانی 2014-2019 پێشکێشی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات لەماوەیەک کە 30 رۆژ زیاتر نەبێت لە رێکەوتی دەرچوونی ئەو یاسایە.
ب- پێداچوونەوە بە داتای ئاماژە بۆ کراو دەکرێت کە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە هاوکاری لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و لەماوەیەک کە 90 رۆژ لە رێکەوتنی دەرچوونی ئەو یاسا تێپەڕنەکات.
ج- لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی و لەژێر رۆشنایی ئەنجامی پێداچوونەوەی ئاماژە بۆ کراو لەسەرەوە ئەو قەرز و پابەندبوونە داراییانە بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخی ساڵانە یەکلایی دەکرێنەوە.
چوارەم:
پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بە پێدانی خەرجی گواستنەوەی بە نزیکەی 350 هەزار بەرمیل رۆژانە لە نەوتی خاوی هەناردەکراو لە رێگەی بۆری نەوتی هەناردەکراو 250 هەزار بەرمیل نەوت لە نەوتی هەرێم و 100 هەزار بەرمیل لە چوارچێوەی پشکی بودجەی هەرێم بە حیسابکردنی پێویستی خزمەتگوزاریی ساڵی 2020 دوای ئەوەی وردبینی دەکرێت لە تێچووی ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی فیدراڵی.
پێنجەم:
وەزارەتی دارایی لە سەرەتای 2021 دەستدەکات بە دابەزینی قیستی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەو قەرزانەی دەیدرێتێ لەلایەن بانکی بازرگانی عێراق، بەپێی خشتەی قەرز بۆ ماوەی 10ساڵ کە لە سەرەتای ساڵی 2021 دەستپێدەکات.