نێچیرڤان بارزانی: رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکی چەمچەماڵ لە ناخەوە هەژاندمی

رووداو - هەولێر 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێکی چەمچەماڵ و گیانلەدەستدانی سێ منداڵ و برینداربوونی دایکیان رایگەیاند "هەرچی پێویست بێت هاوکاریان دەبین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە توویتەر رایگەیاند "کارەساتی ئاگرکەوتنەوەی شەوی رابردووی ماڵێکی چەمچەماڵ، کە تێیدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکیان بە سەختی بریندار بوو، لە ناخەوە هەژاندمی. هاوبەشی خەمی خانەوادەیانم، چی پێویست بێت هاوکار دەبین".

سەرۆکوەزیران هەروەها داوایەک ئاراستەی هاونیشتمانییان دەکات و، لە توویتەکەدا دەڵێ "داوای ئاگایی و خۆپاراستنی باشتر لە هاووڵاتیان دەکەم".

شەوی رابردوو (یەکشەممە، 16-12-2018) لە گەڕەکی ئاسوودەی چەمچەماڵ، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، بەهۆیەوە سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا، بەگوتەی کەسوکارەکانیان دایکی منداڵەکانیش رێژەی 85%ـی جەستەی سووتا. 

رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تەمەنی منداڵەکان لەنێوان یەک بۆ 5 ساڵدایە و دایکی منداڵەکانیش بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە".

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی چەمچەماڵ لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە رایگەیاندبوو "بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە".

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار