کۆسرەت رەسوڵ: یا چارەسەرکردنی کێشەکان یان لێکترازان

17-12-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن کۆسرەت رەسوڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت قبوڵ ناکەین کەس یەکێتی بکاتە موڵکی خۆی و لە ماوەی رابردووشدا لە غیابی مام جەلال هەندێک شتی قبوڵکردووە لەبەر یەکڕیزی یەکێتی بووە.


کۆسرەت رەسوڵ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری شار باسی دوایین نامەی خۆی و بەرهەم ساڵح و کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکات. کۆسرەت رەسوڵ دەڵێت کۆبوونەوەیەکی ئیجابیان ئەنجامداوە و بڕیاریانداوە کە “‌ رێكبكه‌وین له‌سه‌ر ورده‌كاری‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان تاكو بڕیاری‌ یه‌كێتی‌ بڕیاری‌ شه‌رعی‌ بێت ‌و راگه‌یاندنی‌ یه‌كێتی‌ به‌ئاراسته‌ی‌ خزمه‌تی‌ یه‌كێتی ‌‌و گه‌لی‌ كورد بێت”.

کۆسرەت رەسوڵ بە روونی روودەکاتە باڵی دەسترۆشتووی یەکێتی و دەڵێ ئەمجارە یان کێشەکان چارەسەردەکەین یان ئەوەتا لێکترازان روودەدات.

کۆسرەت رەسوڵ دەڵێ خۆی و بەرهەم ساڵح پاڵیۆراوی مام جەلال بوون و هەڵبژێردراوی کۆنگرەن بۆیە دەیانەوێ کێشەکان بە شێوەیەک چارەسەربکەن كە سەربەخۆیی بڕیار و پاشکۆنەبوونی یەکێتی لێبکەوێتەوە و پابەندی “رێبازی مام جەلال” بن.

لە بەشێکی دیکەدا کۆسرەت رەسوڵ ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوایین کۆبوونەی خۆی و بەرهەم ساڵح و هێرۆخان داوای کۆنگرەیەکی شەرعیان کردووە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ. ئەو دەشڵێت:”دەمانەوێ كێشه‌كانمان زووبه‌زوو چاره‌سه‌ربكرێن‌ و چیتر كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بن له‌سه‌ر یه‌كتر، یه‌كێتی‌ موڵكی كه‌س نییه‌، یه‌كێتی‌ موڵكی‌ هه‌زاره‌ها تێكۆشه‌رو پێشمه‌رگه ‌و كه‌مئه‌ندامی‌ سه‌نگه‌ر و زیندانی‌ سیاسییه‌، یه‌كێتی‌ به‌رهه‌می‌ خوێنی‌ زیاتر له‌19 هه‌زار شه‌هیدی‌ قاره‌مانه‌، بۆیه‌ قبوڵی ناكه‌ین كه‌س یه‌كێتی‌ بكاته‌ موڵكی‌ خۆی‌ و یه‌كێتی‌ هی‌ هه‌موومانه‌.”

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی لەبارەی ئەوەی لەبەرامبەر پێدانی ئیمتیازاتی شەخسی ئەمجارە لەسەر واژۆکەی پاشگەزدەبێتەوە و دەڵێت:”من هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌مه‌وه ‌و مێژووش شاهێده‌ كه‌ هیچ شتێك كارم تێ‌ ناكات ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان نه‌بێ”.

کۆسرەت رەسوڵ لە بارەی ئەوەی ئامادەیە دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنی وەک کەسی یەکەم لە دوای تاڵەبانی، دەڵێت :”حه‌زده‌كه‌م هه‌موو لایه‌ك چاك بزانن هیچ كه‌سێك له‌خۆم دڵسۆزتر‌و به‌تواناتر نابینم‌و هه‌میشه‌ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ هه‌وڵمداوه‌ كاربكه‌م‌و خزمه‌تی‌ حیزبه‌كه‌م‌و گه‌له‌كه‌م بكه‌م، به‌ڵام هه‌ندێك شتم قبوڵكردووه‌ له‌ماوه‌ی‌ غیابی جه‌نابی مام جه‌لال هه‌ر ته‌نها له‌به‌ر چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال‌و پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ ناو یه‌كێتی‌ بووه‌.”

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە