قوباد تاڵەبانی لەبارەی شەهیدبوونی دوو فەرماندە و پاسەوانێکیان: هێزەکانمان تۆڵەی خوێنیان دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەو سێ پێشمەرگەیە دەکات کە ئەمڕۆ لە خورماتوو شەهید بوون. دەشڵێت، "هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی پیرۆزیان دەکەنەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بۆ ماڵباتی ئەو پێشمەرگانە رایگەیاند، "لە دڵەوە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و هاوسەنگەرانیان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە قەزای خورماتوو بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی لیوایەکی هاوبهشی هێزەکانی پێشمهرگه و سوپاى عێراقدا تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو فەرماندە و پاسەوانێکیان "شەهیدبوون" و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
ناوی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیەیە: عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج، عەقید محەممەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و جێگری ملازم دوو، شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین.
قوباد تاڵەبانی هەروەها دەڵێت، "وەک چۆن هەموو جارێک دوای شەهیدبوونی رۆڵەیەکی گەلەکەمان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانمان گورزی کوشندە و جەرگبڕتر لە تیرۆریستان دەوەشێنن، بە دڵنیاییەوە دوای شەهیدبوونی ئەم سێ قارەمانەشمان، هێزەکانمان تۆڵەی خوێنی پیرۆزیان دەکەنەوە".
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو چووە خورماتوو بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە و ئاماژەی بەوە کرد، "رووداوەکە تائێستا بە لای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەش گوماناوییە، لەبەرئەوەی تەرمەکان سووتاون، بۆیە گومان لە جۆری تەقینەوەکە هەیە."
پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند: تەرمەکان لەسەر داوای وەزیری بەرگریی عێراق بە هێلیکۆپتەر رەوانەی بەغدا کراون و لەوێ توێکارییان بۆ دەکرێت، "دوای تەواوبوونی توێکاریش، سبەی یان دوو سبەی دەگەڕێندرێنەوە."