مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەو سێ پێشمەرگەیە دەکات لە خورماتوو شەهیدبوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەو سێ پێشمەرگەیە دەکات کە ئەمڕۆ لە خورماتوو، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو پێیاندا، شەهید بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا رایگەیاند: "پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزی (عەقید روکن سامان سابیر سلێمان، فەرماندەی فەوجی لیوای یەکی هاوبەش و عەقید محەممەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی نۆی زرێپۆشی سوپای عێراق و شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین) دەکەم کە بە داخەوە، ئەمڕۆ لە سنووری خورماتوو شەهید بوون".
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە ئەمڕۆ رایگەیاند "بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لەئەنجامدا عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەممەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و جێگری ملازم دوو، شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین شەهید بوون، هەروەها سێ سەربازیش برینداربوون."
هاوکات، سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 09:00ـی ئەم بەیانییە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی غەڕەی خورماتوو؛ دوو فەرماندە بەناوەکانی عەقید روکن سامان و عەقید محەممەد، لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانیان شەهید بوون، سێ پاسەوانی دیکەش بریندارن."
بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو، "رووداوەکە تائێستا بە لای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەش گوماناوییە، لەبەرئەوەی تەرمەکان سووتاون، بۆیە گومان لە جۆری تەقینەوەکە هەیە."