رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر دەڵێت، پێویستە هاونیشتمانییانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان و لەوێ ناویان لە سەرژمێری تۆماربکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-11-2024)، بژمێران لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە سەردانیکردنی خێزانەکان کرد. دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''دوێنێ تابلێتەکانی تایبەت بە سەرژمێریی تاقیکرانەوە و ئەو کێشانەی کە لە رووی تەکنیکییەوە هەبوون، چارەسەری پێویستیان بۆ دۆزرایەوە.''
دڵزار حەمەساڵح گوتی، دەبێت رۆژانی 20 و 21ـی مانگ خێزانەکان لە ماڵەوە بن و رایگەیاند، ''ئەوانەی کە شوێنی دانیشتنیان دەگۆڕن، بەتایبەتی لەکاتی چوون بۆ دەرەوەی شاری هەولێر، زەرەرمەندی یەکەم خۆیان دەبن، چونکە سەرژمێرییەکە لە داهاتوودا بۆ زۆر شت دەبێتە بنەما".
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگەی هەولێر داوا لە خەڵک دەکات، ئەگەر بەر لە قەدەخەی هاتووچۆ چوون بۆ شوێنێکی دیکە و لەماڵی خۆیان نەبوون، ''لانیکەم لە شوێنێک بن کە لە ماڵی خۆیان نزیک بن، چونکە ئەگەر بژمێران نەیاندۆزنەوە، ئەوە فۆرمی پێویستیان بۆ پڕناکرێتەوە.''
دڵزار حەمەساڵح لەبارەی ئەو هاونیشتمانییانەی خەڵکی ناوچەکانی سنووریی مادەی 140ـن گوتی، ''دەبێ بە زووترین کات بڕۆنەوە شوێنەکانی خۆیان؛ ئاسانکاریی پێویستیان بۆ کراوە. با ئەم چەند رۆژە دان بەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی مافی خۆیان و خاکەکەیان پارێزراو بێت.''
دوێنێ شەممە لە کاتی تاقیکردنەوەیان، تابلێتەکانی تایبەت بە سەرژمێری کێشەیان هەبوو. بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لەوبارەوە بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''هۆکاری کێشەی تەکنیکی لە تابلێتەکاندا هەبوونی لۆدی زۆر بووە لەسەر سێرڤەرەکانی عێراق''.
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگەی هەولێر گوتیشی: ''دوو جۆرە کێشە هەن. یەکەمیان لە پەیوەندیی تابلێتەکان لەگەڵ سێرڤەرەکان دەبینرێت و ئەوی دیکەش کێشەی ئینتەرنێتییە''.
بەگوتەی دڵزار حەمەساڵح، کێشەکانی تایبەت بە سەرژمێری لە هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە کەمترن و ''ئێستا چارەسەر کراون''.
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرسیارانەی رۆژانی 17 بۆ 19ـی مانگ لە خێزانەکان دەکرێن، فۆرمێکی کورتە و لە 20 و 21ـی مانگیش لەکاتی سەردانیکردنەوەی بژمێرەکان، تەنیا بۆ ئەوەیە وردبینی لە پرسیارەکان بکرێتەوە.
وەک دڵزار حەمەساڵح گوتی، لە 22ـی مانگەوە تاوەکو 10ـی کانوونی یەکەم، پرسیارەکانی فۆرمی سەرەکیی خێزان کە 77 پرسیارن، پڕدەکرێنەوە.
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمی کوردستانیش لە 01-10-2024ـەوە دەستیپێکرد.
دوێنێ لە پارێزگەکانی عێراق و ناوچە جێناکۆکەکان و ئەمڕۆش لە هەرێمی کوردستان سەرژمێریی دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ