کەشناسی: سبەی باران لە چەند ناوچەیەک دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی لە سنووری دهۆک باران ببارێت. شارەزایەکی کەشناسیش ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلێکی بارانبارین زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2024) بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشی سبەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتەکە، "سبەی ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لەکاتەکانی دوانیوەڕۆدا دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ بارانبارین لە شەودا لە پارێزگای دهۆک و ئەگەری بەفربارین لە هەندێ ناوچە شاخاوییەکانی؛ هەروەها بارینی باران و هەورەبرووسکە لە هەندێ لە ناوچەکانی گەرمیان، هەڵەبجە و باشووری سلێمانی."
لەبارەی کەشی رۆژانی داهاتوو، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشبینی دەکرێت شه‌پۆلێكی مامناوه‌ندی بارانبارین له رۆژی 19ـی ئەم مانگە بگاتە به‌شێكی ناوچه‌كانی هەرێمی كوردستان و دوو رۆژ بەردەوام بێت. چه‌قی كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچه شاخاوییه‌كان دەبێت؛ ناوبه‌ناو ئه‌گه‌ری تاوه‌باران هه‌یه، بەڵام به‌شێوه‌ی كه‌متر كاریگه‌ری له‌سه‌ر سنووری پارێزگای هه‌ولێر ده‌بێت."
ئەو کەشناسە دەشڵێت، "پله‌ی گه‌رما 3 بۆ 4 پله دادەبەزێت و ئه‌گه‌ری به‌فربارین له‌ناوچه شاخاوییه‌كانی دهۆک و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه هه‌یه."