رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی The Sunday Timesـی بەریتانی، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا و ڤێتنام رێکدەکەوێت و بودجەیان بۆ دابین دەکات لەپێناو کەمکردنەوە و راگرتنی شەپۆلی رۆشتنی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا و ئەو وڵاتە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، حکومەتی بەریتانیا، بە سەرۆکایەتیی کیەر ستامەر دەیەوێ وەکو حکومەتی ئیتاڵیا، بە سەرۆکایەتیی جۆرجیا میلۆنی رێگە لە رۆشتنی کۆچبەران بگرێت.
حکومەتی ئیتاڵیا لە رێگەی دابینکردنی بودجە و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتان تاوەکو رادەیەکی باش شەپۆلی کۆچبەرانی بۆ وڵاتەکەی کەم کردووەتەوە.
رۆژنامەی The Sunday Times وردەکاریی زۆری ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت حکومەتی بەریتانیا پلانێکی وای بەدەستەوەیە کە لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان، تورکیا و ڤێتنام گفتوگۆ بکات و پارە و بودجەیان بۆ تەرخان بکات تاوەکو لای خۆیانەوە رێگە لە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا و بەریتانیا بگرن.
بۆ ئەو رێککەوتنەش تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی دیاریکردووە.
هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەم ئەجێندایەی حکومەتی بەریتانیادایە ئەوەیە کە، ژمارەیەکی زۆر لەو کۆچبەرانەی دەچنە بەریتانیا کوردن و خەڵکی باشووری کوردستانن. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە قاچاخچییەکانی رێگەی چوونە بەریتانیا، کوردن.
کێشەی چوونی بەلێشاوی کۆچبەران بۆ بەریتانیا تازە نییە، حکومەتی پێشتری ئەو وڵاتە بە سەرۆکایەتیی ریشی سووناک هەوڵی دا کۆچبەران رەوانەی رواندا بکات لە ئەفریقا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
ئێستا کە پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست سیاسەتی جیاوازترە؛ کیەر ستامەر دەڵێت، لەبری رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ وڵاتێکی دیکە، کار دەکەن بۆ ئەوەی کۆچبەران لە بنەڕەتەوە وڵاتەکەی خۆیان جێنەهێڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ