ئەعرەجى لە سلێمانی تاوتوێى پرسی گواستنەوەی کەمپى حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەى رۆژنامەڤانیی راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق رایگەیاند: لەسەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى سلێمانى، تاوتوێى دۆخى کەمپەکانیان کردووە لەنزیک سنوورەوە بۆ ناو شارەکە لە چوارچێوەى رێککەوتنى ئەمنیى نێوان عێراق و ئێران، کە مەبەست لێى کەمپى حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـى تشرینى دووەمى 2024، قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق سەردانى پارێزگاى سلێمانى کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و بەرپرسانى ئەمنیى ئەو پارێزگایە کۆبووەوە. 
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى نووسینگەى رۆژنامەڤانییەکەى، قاسم ئەعرەجى لەو سەردانەدا تاوتوێى جێبەجێکردنى رێککەوتنى ئەمنیى نێوان عێراق و  کۆمارى ئیسلامیى ئێرانی کردووە لەگەڵ سەرجەم ئەو زانیارییانەى کە لە رێککەوتنامەکەدا هەن.
 
19ـی ئادارى 2023، عێراق و ئێران لە بەغدا رێککەوتنێکى ئەمنییان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
 
بەگوێرەى ئەو رێککەوتنە، حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەگوێزرێنەوە بۆ چەند کەمپێکی دوور لە سنوور کە لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە دەستنیشان دەکرێن. 
 
نووسینگەى رۆژنامەڤانیی راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوانەدا تاوتوێى دۆخى ئەو کەمپانەیان کردووە کە حکومەتى فیدراڵى دابینى کردبوون و لە ناوچە سنوورییەکانەوە گوێزراونەتەوە بۆ ناو سلێمانى.