بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک دوو فەرماندە و پاسەوانێکی هێزەکانی پێشمەرگە شەهیدبوون

رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری خورماتوو بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو فەرماندە و پاسەوانێکیان شەهید بوون.
 
سەرچاوەیەک لە هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-11-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 09:00ـی ئەم بەیانییە، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە هێزەکانی لیوای یەکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی غەڕڕەی خورماتوو؛ دوو فەرماندە بەناوەکانی عەقید روکن سامان و عەقید محەممەد، لەگەڵ یەکێک لە پاسەوانەکانیان شەهید بوون، سێ پاسەوانی دیکەش بریندارن."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "بۆمبەکە بە هەمەڕێکی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و بە ئەگەری زۆرەوە چێندراوی دەستی داعش بووە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە ئەمڕۆ رایگەیاند "بۆمبێکی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی فەرماندەی فەوجی سێی ی لیوای یەکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەقیەوە، لەئەنجامدا عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج و عەقید محەممەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و جێگری ملازم دوو، شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین شەهید بوون، هەروەها سێ سەربازیش برینداربوون."
 
رووداوەکە وەک لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "لە ئەنجامی کێوماڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی ئاسایشی هاوبەش بووە."
 
 بەپێی زانیارییەکانی هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو "رووداوەکە تائێستا بە لای وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگەش گوماناوییە، لەبەرئەوەی تەرمەکان سووتاون، بۆیە گومان لە جۆری تەقینەوەکە هەیە."
 
بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، "تەرمەکان لەسەر داوای وەزیری بەرگریی عێراق بە هێلیکۆپتەر رەوانەی بەغدا دەکرێن و لەوێ توێکارییان بۆ دەکرێت، دوای تەواوبوونی توێکاریش، سبەی یان دوو سبەی دەگەڕێندرێنەوە."