رووداو دیجیتاڵ
کوردانی فەیلیی دانیشتووی بەغدا، لە سەرژمێریی دا لەسەر ئەو شارە تۆمار دەکرێن. هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەندەلیی دانیشتووی بەغدا، لە دوو سەرژمێریی پێشتردا لەسەر بەغدا تۆمارکراوە، پلانی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی نییە و پێدەچێت، سەرژمێریی سێیەمیشان لەسەر بەغدا تۆمار بکرێت.
زیا تاریق، هاونیشتمانیی خەڵکی مەندەلی و دانیشتووی بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکەی ئێمە ئەوەیە شوێنمان لە بەغدایە، راستە ناسنامەمان مەندەلییە، بەڵام سەرژمێریمان لە بەغدایە، ئەمەش قورسە، سەرژمێریی ساڵی 97 و پێشتریش هەر لێرە بووین، بۆیە قورسە جارێکی دیکە بگەڕێینەوە".
تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد نییە ژمارەی کورد لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق دیاری بکات، پێدەچێت لەم سەرژمێرییەش هەر بەناڕوونی بمێنێتەوە، چونکە پرسیاری نەتەوەی تێدانییە.
کەریم ئەحمەد، هاونیشتیمانیی کوردی دانیشتووی بەغدا دەڵێت، "بابڕۆنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان سەرژمێری بکەن باشترە بۆ خۆیان، باشترە بۆ خەڵکی کورد، باشترە بۆ ئەوەی دیاربێت کورد رێژەیان چەندە".
سەمیر عەلی، هاونیشتیمانییەکی دیکەی خەڵکی مەندەلییە، بە رووداوی گوت، "نزیکەی 60 بۆ 70 ساڵە لە بەغدام، بەڵام لەبەر سەرژمێری دەگەڕێمەوە مەندەلی، یەک دوو رۆژ دەمێنمەوە و دێمەوە ئێرە، بۆ ئەوەی لە مەندەلی رۆڵمان زیاتر بێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان 9 رۆژ پشووی بەو فەرمانبەر و خوێندکارانە داوە کە لە سنووری مادەی 140ن بۆ ئەوەی لە ناوچە رەسەنەکانیان ناونووس بکرێن.
سۆزان مەنسور، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "رێکخستنێکی زۆر باشکراوە لەلایەن مەڵبەندەکان و کۆمیتەکان، ئەو کەسانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بەم سەرژمێرییەوە هەیە، هەندێک ماڵ رێکخراوە، بۆ نموونە پێی گوتراوە تۆ ئەوەندە خێزانە وەردەگریت، واتە هەموو شتەکان رێکخراوە، بەڵام من دووبارەی دەکەمەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕاستی ئامادەکارییەکی زۆر باشی بۆنەکرابوو".
ئەمە دەبێتە یەکەمین سەرژمێریی گشتیی دوای 37 ساڵ لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەچێت.
حکومەتی عێراق بڕیاری دا لە سنووری مادەی 140 ئەو کەسانەی کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە نەبن، لەسەر ئەو ناوچانە هەژمار نەکرێن، ئەمەش بە پشتبەستن بە لیژنەیەک کە دوای تەواوبوونی سەرژمێری، کارەکانیان دەستپێدەکەن، بەڵام کورد هێشتا گومانی هەیە ئەمەش درێژکراوەی یارییە سیاسییەکانی رابردوو بێت بۆ تەعریب و کەم نیشاندانی کورد لەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ