رووداو دیجیتاڵ
خێزانێک بۆ ئەوەی لە سەرژمێریدا لە دەشتی قەراج لە سنووری مەخموور ناویان تۆمار بکەن، گەڕاونەتەوە ناوچەکە و دەڵێن، هەر خێزانێکی دیکە بیەوێت بگەڕێتەوە، شوێنی بۆ دابین دەکەن.
دەشتی مەحموود، لەگەڵ دایک و پێنچ برای دیکەی گەڕاونەتەوە گوندی "مەحمەر ئۆمەران" لە قەراج و دەڵێن، ئامادەن شوێن بۆ 6 خێزانی دیکەش دابین بکەن.
دەشتی مەحموود بە رووداوی گوت، "داواکارم لە گشت ئەو خەڵکەی دانیشتووی ئەم ناوچانەن بەتایبەت قەراج و مەخموور، بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، ئێمە چەند خێزانێکین بۆ ماوەی دوو سێ رۆژە هاتووینەتەوە تاوەکو شوێنمان هەبێت، دەتوانین جێگای خێزانەکان بکەینەوە و لەگەڵ ئێمەبن بۆ سەرژمێری".
حاجی مەعرووفی تەمەن 77 ساڵ، دانیشتوویەکی سنووری قەراجە، حکومەتی بەعس پێنج جار خانووەکەیان تێکدا و گوندەکەی جێنەهێشت، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش لە ساڵی 2014، بە ناچاری رووی لە هەولێر کرد، ئێستاش بۆ سەرژمێری گەڕاوەتەوە.
مەعرووف یەحیا یوسف دەڵێت: "چەند رۆژێکە هاتووینەتەوە و خۆمان ئامادەکردووە، منداڵەکانیشم هەمووی لەگەڵ خۆم هێناوە، داواکارم لە خەڵک ئەوەیە بگەڕێنەوە گوندەکانیان و هیچ شتێک لە ئارادانییە، هەموو شتێک باشە، ئێمە چەند ماڵێکی باش گەڕاوینەتەوە، هیوادارم هەموی بێنەوە ناویان لێرە تۆماربکەن".
لەگەڵ ئەوەی نزیکەی نیوەی خەڵکی ناوچەکە گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتاش هاونیشتمانیی دیکە هەن کێشەی گەڕانەوە هەیە.
ساجد ساڵح، بژمێر بۆ سەرژمێری دەڵێت، "تاوەکو 20ـی مانگ ناوتۆمارکردن کۆتایی دێت و رۆژانی 20 و 21ـی مانگ قەدەخەی هاتووچۆیە، لەو دوو رۆژە جارێکی دیکە سەردانیان دەکەینەوە، بزانین حاڵەتی مردن و لەدایکبوون هەبووە، ئەگەر هەبووبێت تۆمار دەکرێن و لەگەڵ وردەکارییەکانی دیکە".
بەپیی ئامارە نافەرمییەکان، لە سێ رۆژی رابردوودا، نزیکەی 40٪ـی هاونشتمانییانی ناوچەکانی مەخموور، قەراج، دیبەگە و گوێڕ گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان وەکو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمێری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ