لە زۆرینەی گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بژمێری عەرەب یان تورکمان سەرژمێری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە تیمەکانی سەرژمێری، بۆ قۆناخی دووەمی سەرژمێریی گشتی، بەنێو گەڕەک و کۆڵانی کەرکووک و دەرووبەری دەگەڕێن. لە بەشێکی گەڕەکە کوردییەکان، بژمێرەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵ هاونیشتمانییان کردووە و بەبیانووی بوونی خێزانی زۆر لە یەک خانوودا، سەرژمێرییان نەکردوون.
رێبین کاکە زیاد، دانیشتووی پردێ بە رووداوی گوت: "خەڵکی کەرکووک و بە ئەسڵ خەڵکی پردێم و بۆ سەرژمێری هاتوومەتەوە، دوو رۆژە لێرەم و کاتێک تیمەکانی سەرژمێری هاتن و ناوی منیان تۆمار نەکرد، زۆر هەوڵمدا لەگەڵیان، بەڵام سوودی نەبوو، گوتیان 'ناتوانین ناوت بخەینە سیستمەکەوە'، نازانم هۆکارەکەی چییە، بەڵام هەست دەکەم دەمارگیرییەکی نەتەوەیی تێدا بوو".
بەشێک لە هانیشتمانییان بژمێرەکان داتایان لێوەرنەگرتوون و پێیانگوتوون سیستمەکەیان لە هەر خانوویەک یەک خێزان زیاتر هەبێت، تۆماری ناکات.
پشتیوان رەشید، هاونیشتمانی دەڵێت: "هەندێک لە بژمێرەکان کە دەگەڕێن بە ماڵەکاندا، لێکۆڵینەوە دەکەن، دەپرسن چەند ماڵ لەم خانووەدایە و هەندێک جار بڕوا ناکەن و کێشە دروست دەکەن، ئەم جۆرە کێشانە روویانداوە و حەقە بەرلەوەی سەرژمێریی گشتی دەستپێبکات، چارەسەر بکرێت".
ئەگەرچی لە رێنماییەکانی سەرژمێری، مافی لێکۆڵینەوە بە بژمێرەکان نەدراوە، بەڵام لە سنووری پردێ، دوبز، شوان و کەرکووک، بژمێرەکان ئایپادەکانیان کوژاندووەتەوە و سەرژمێرییان نەکردووە.
وریا هادی، بەرپرسی سەرژمێریی کەرتی دوبز گوتی، "ئەو رێنماییەمان بۆ هاتووە کە بژمێرەکان مافیان بەسەر کەسەوە نەبێت، بەڵکو خاوەن ماڵ چی گوت ئەوە بنووسرێتەوە، ئەو بژمێرانەی گەڕاونەتەوە و سەرژمێرییان نەکردووە، دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکان و پرۆسەکە تەواو بکەن و مافیان بەو جۆرە پرسیارانە نەبێت".
قۆناخی دووەمی سەرژمێری بریتییە لە وەرگرتنی زانیاری، تۆمارکردنی ناو و داتای خێزان. رۆژی سەرژمێریی گشتی کە 20 و 21ـی ئەم مانگەیە، دوای دڵنیابوون، داتاکان جێگیردەکرێن.