لە رۆژانی سەرژمێریدا کام شوێنانە کراوە دەبن؟
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هانی هاونیشتمانییان دەدات، لەکاتی سەرژمێری دا لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بە راستی و دروستی داتاکانی خۆیان لەو پرۆسەیە تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-11-2024، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگارەکان، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، ئاسایش و هاتووچۆ و نوێنەری وەزارەتی پلاندانان، کۆبوونەوەیەک لەبارەی سەرژمێری کرا.
کۆبوونەوەکە هانی هاونیشتمانییانی ناوچەکانی مادەی 140 دەدات، "ئەوانەی دەتوانن شوێنی مانەوە دابین بکەن، لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی لە رۆژانی 17 تاوەکو 19ی تشرینی دووەم تۆمار بکرێن و لە رۆژانی 20-21ـی تشرینی دووەمیش داتاکانیان پشتڕاست بکرێتەوە و لەو ناوچانە کە زێدی خۆیان و باب و باپیریانە، تۆمار بکرێن".
کۆبوونەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
یەکەم: پاڵپشت بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە 15988 لە 14-11-2024، فەرمانبەران و کارمەند و ئەفسەران، ئەوانەی خەڵکی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، پێویستە لە رۆژانی 17، 18 و 19ـی تشرینی دووەم لەو شوێنانە بن بۆ ئەوەی لەلایەن بژمێرەکانی سەرژمێری زانیارییە سەرەتاییەکان تۆمار بکەن. دواتر پێویستە رۆژانی 20 و 21ـی تشرینی دووەم، وەکو ئەوەی لە رێنماییەکانی وەزارەتی پلانداناندا هاتووە، لەو شوێنانە بمێنن بۆ ئەوەی بژمێرەکان پشتڕاستی زانیارییەکان بکەنەوە و دڵنیابن لەوەی هیچ خانەوادەیەک یان ئەندامی خانەوادەیەک لەبیر نەکراوە. پێویستە هاونیشتمانیان بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو ناوچانە خۆیان ناونووس بکەن. ئەوانەی گوند و لادێکانیان خاپوو کراوە و شوێنی مانەوەیان نییە، دەتوانن لە شوێنی دانیشتنی ئێستایان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیان ناونووس بکەن، بەڵام ئاماژە بە زێدی رەسەنی خۆیان بکەن و هۆکاری راگواستن و دەرکردنیان تۆمار بکەن.
دووەم: دەربارەی دانیشتووانی خۆجێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە هاونیشتمانییان بەڵگەنامە فەرمییەکانی خۆیان وەکو کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لەگەڵ کۆبۆنی خۆراک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بژمێر تەواوی زانیاریی خێزانەکەیان بە راستی و دروستی تۆمار بکات.
سێیەم: هەر هاووڵاتییەک بە هەر هۆکارێک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان نییە، پێویستە خانەوادەکەی بەڵگەنامە پێویستەکانی وەکو کارتی نیشتیمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە، لە لای خۆیان ئامادە بکەن و پێشکێشی بژمێری بکەن بۆ تۆمارکردن.
چوارەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری، کاتژمێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20 تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی 21 لەسەر 22ـی تشرینی دووەمی 2024، لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەی هاتوچۆیە. هاووڵاتییان پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و چاوەڕێی بژمێرەکان بکەن تاوەکو سەردانیان بکەن و زانیارییەکانیان بە دروستی تۆمار بکەن. هاتنەدەرەوە و هاتووچۆی ناوشارەکان و نێوان شارەکان سنووردار دەبێت و تەنها تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان بۆ خۆراکی سەرەکی، بە سنوورداری کراوە دەبن. هەر دامودەزگایەکی دیکەی کەرتی گشتی و تایبەت کە سرووشتی کارەکانیان پێویست دەکات، بە سنوورداری رێگای هاتوچۆیان پێ دەدرێت. نوێنەران و کارمەندانی نێردە دیبلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسانی بیانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان لە قەدەخەی هاتووچۆ ریزپەڕ دەکرێن.
پێنجەم: فڕۆکەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەشتیاری و هاتن و جووڵەی بازرگانی کراوە دەبن.
شەشەم: دەسەڵات دەدرێتە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتوچۆ و هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی کارەکانیان بە دروستی ئەنجام بدەن.