ساڵێکە قوتابخانەی گوندێکی سنووری رۆڤیا تێکدراوە و 20 قوتابی لە خوێندن دابڕاون
رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی گوندی قەرەناز لە سنووری ناحیەی رۆڤیا بەهۆی مەترسیی رووخان، پار تێکدرا، بڕیاربوو لە 10 مانگدا قوتابخانەیەکی نوێ دروستبکرێت. بەڵێندەری پڕۆژەکە هۆکاری وەستانی کارکردنی بۆ "خەرجنەکردنی پارە" دەگەڕێنێتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دوو هەفتە مۆڵەت بە بەڵێندەری پڕۆژەکە دەدات.
قوتابخانەی گوندی قەرەناز لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە 1998 لەلایەن رێکخراوی هابیتات دروستکرا، لە 13-9-2023 فەرمانی "رووخاندن و دروستکردنەوە"ی لەلایەن پەروەردەی بەردەڕەشەوە بۆ دەرچوو. دوای رووخاندنی، ئێستا 190 قوتابیی گوندەکە بێ قوتابخانە ماونەتەوە و بە ناچاری رۆژانە بۆ خوێندن هاتووچۆی گوندی خرابەیاسین دەکەن.
کەسوکاری بەشێکی قوتابیانی گوندی قەرەناز، ناتوانن کرێی رۆژانەی گواستنەوەی قوتابییەکانیان دابین بکەن. ئیسماعیل محەممەد، دانیشتوویەکی ئەو گوندە لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "20 قوتابیی گوندەکە بەهۆی نەمانی قوتابخانە وازیان لە خوێندن هێناوە. بەشێکی خەڵكی گوند بەهۆی کەم دەرامەتییەوە ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە و پارەی کرێی هاتووچۆ بدەن."
قوتابخانەی گوندی خرابەیاسین 22 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو 6 تێیدا دەخوێنن، دوای چوونی 190 قوتابیی گوندی قەرەناز بۆ ئەو قوتابخانەیە، کراوەتە دوو دەوامی، دەوامی بەیانیان پۆلی یەک تاوەکو 6 تێیدا دەخوێنن و دەوامی کاژێر 01:00 تاوەکو 05:00ـی ئێوارە قوتابیانی پۆلی 6 تاوەکو 9 دەخوێنن.
پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ کێشەکە کرد. چووەتە گوندەکە، تەنیا دیواری قوتابخانەکە ماوەتەوە و ساڵێک زیاتر بەسەر ماوەی تەواوبوونی قوتابخانەکە، کە 10 مانگە، تێپەڕبووە و تاوەکو ئێستا یەک بلۆکی پڕۆژەکە بۆ دروستکردنی بینا دانەنراوە. بارزان ئیسماعیل، خەڵکی گوندی قەرەنازە، بە هونەر رەشیدی گوت: "پارێزگاری دهۆک پێش مانگێک هاتە پێش قوتابخانەکە، راوەستا و گوتی، 'لە ماوەیەکی نزیک قوتابخانەکە دروستدەکەین'. ئەوە یەک مانگ تێپەڕی و دەستیان پێنەکردووە."
عومران شەوکەت، خەڵکی گوندەکەیە، بە رووداوی گوت: "پارەی کۆستەر، جلوبەرگ، زستانە و سەرمایە، خەڵک ناتوانێت منداڵی خۆی بنێرێت، زۆربەی قوتابیانی ئەو گوندە بێ دایک و باوکن یان هەژارن و ناتوانن بیاننێرنە قوتابخانە."
بە گوتەی موختاری گوندی قەرەناز، لەکاتی سەردانیکردنی پارێزگاری دهۆک بۆ گوندەکەیان، بەڵێن بە گوندنشینان دراوە لە ماوەی "یەک هەفتەدا" کارەکانی دروستکردنی قوتابخانەکە دەستپێبکاتەوە. شەوکەت مووشیر لە بەرپرسیار گوتی: "کێشەکەم گەیاندووەتە ناحیە، قایمقام، لق و پارێزگا، هەموویان گوتوویانە بەزووترین کات قوتابخانەکە دروستدەکرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ کارێک نەکراوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا دوو هەفتە مۆڵەتی بە بەڵێندەری پڕۆژەکە داوە بۆ ئەوەی دەست بە کار بکاتەوە. مەنهەل موەفەق لە بەرپرسیار گوتی: "ئەگەر بەڵێندەر دەستبەکار نەکاتەوە، ناچارین لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکەین و بەڵێندەر بگۆڕدرێت یان گرێبەستەکەی هەڵوەشێتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەڵێندەرێکی دیکە بەڕێوەی ببات."
بەڵێندەری پڕۆژەکە رەتیدەکاتەوە دەستی لە پڕۆژەکە هەڵگرتبێت. نەشوان ئەحمەد دەڵێت، "هەڵە لە خەڵکی گوندی قەرەنازە، دەبوو قوتابخانە کۆنەکە تێکنەدەن و زەوییەک تەرخان بکەن بۆ دروستکردنی قوتابخانە، دەوام نەوەستابا تاوەکو بینای قوتابخانەی نوێ تەواو دەبوو. ئامادەم لە گیرفانی خۆم پڕۆژەکە تەواو بکەم، بەڵام کێ گەرەنتیم پێدەدات خەرجیی پڕۆژەکەم بۆ وەربگرێتەوە. پڕۆژەیەکی دیکەم لە ناحیەی دارەتوو بەردەستە، تەواو بێت، دوای ئەو دەست بە دروستکردنی قوتابخانەی قەرەناز دەکەم."
ئەمجەد محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەرەناز بە رووداوی گوت: "پەروەردەی دهۆک و پارێزگاری دهۆک لەسەر ئەو قوتابخانەیە لەسەر هێڵن و لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە دروستکردنی دەکرێت."
پڕۆژەی تێکدان و دروستکردنەوەی قوتابخانەی گوندی قەرەناز لە رۆڤیا لەسەر هەمان زەوی و رووبەر، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆکە بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار، ماوەی 300 رۆژ دەستنیشانکراوە بۆ تێکدان و دووبارە دروستکردنەوەی، بڕیارە قوتابخانەکە دوونهۆمی بێت و 12 پۆل لەخۆبگرێت.