لەگەڵ رەنج؛ كوالێتیی گەنمی كوردستان دابەزیوە، بەڵام رێگەیەكی چارەسەر هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر پێوەرەكە تەنیا مێژوو بێت، كەم نەتەوە هەیە لە دنیادا هێندەی كورد پەیوەست بووبێت بە چاندنی دانەوێڵە بەتایبەت گەنم و جۆ، تاوەكو ئەو رادەیەی پڕۆفیسۆرێكی بواری گەنم و بنەتۆوە، باس لەوە دەكات مێژووی ماڵیكردنی دانەوێڵەكان لە كوردستان بۆ 10 هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، تەنانەت دەگاتە ئەوەی كە بڵێ پێش گوندی چەرمووی نزیك چەمچەماڵیش، گەنم لە ناوچەی بێستانسووری شارەزوور كراوە. بۆ ئەوەش بەڵگەی تەواوی لەبەر دەستە، بەڵام لەدوای سەتان ساڵ، بەبۆچوونی بەشێكی میوانەكانی ئەم بەرنامەیە هەنگاو بە هەنگاو كوالێتیی گەنمی كوردستان بەرەو دابەزین چووە و بەشێك لە بەها خۆراكییەكەی لەدەستداوە.
هەرچەندە لە شاری (نۆرێچ)ی بەریتانیا نموونەی گەنمی 100 ساڵ لەمەوبەری كوردستان بە كوالێتییەكی بەرز هەڵگیراوە و ماوەتەوە، دەشتوانرێ بهێنرێتەوە كوردستان و سوودی لێببینرێ، بەڵام پڕۆفیسۆرەكەی بواری گەنم و بنەتۆو جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی 50 نموونەی زۆر باشی گەنمی كێوی لە شاخ و دەشتەكانی كوردستان دۆزیوەتەوە كە دەتوانرێ دووبارە سوودی لێوەربگرێتەوە بە تایبەت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی و بەهای خۆراكیی گەنم.
نەبوونی بانكی بنەتۆوی گەنم لە كوردستان گرفتێكی گەورەیە، بەڵام وەك لەم بەرنامەیەدا باس كرا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2025 لە شاری سلێمانی لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا بانكێكی بنەتۆو دروست بكرێت.
رایەكی دیكە كە لە بەرنامەكەدا خرایەڕوو، ئەوەیە هەموو بنەتۆوێكی گەنم كە دێتە كوردستان دەبێت پێشتر و بۆ ماوەی پێنج ساڵ توێژینەوەی لەسەر كرابێت و لەچەند ناوچەیەكیش وەك تاقیكردنەوەیەك چێنرابێت، تاوەكو بزانرێ لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان دەگونجێ، ئەوجا وەك بنەتۆوی گەنم تۆمار دەكرێت، بەڵام بە دانپێدانانی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ كە لە بەرنامەكەدا میوان بوو، لەنێو ئەو بنەتۆوانەی كە تۆماریش كراون تێیاندا هەیە لەگەڵ كەش و هەوای كوردستان ناگونجێ، بەڵام لە بازاڕەكاندا هەیە و هەندێک جار جووتیار بە هەڵە دەیانچێنێ.
گرفتێكی دیكە كە لە بەرنامەیەدا باس كرا ئەوەیە ئەم ساڵ حكومەتی عێراق نیوەی ساڵی رابردوو گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان و جووتیارەكانی خۆشی وەردەگرێ، بۆیە باشتر وایە لە ئێستاوە جووتیاران ئەوە لەبەرچاو بگرن كە ئەم ساڵ هەموو گەنمەكەیان بە نرخێكی باش بۆ نافرۆشێ.
قسەی جووتیاران چییە؟
ساڵی رابردوو هیچ بنەتۆوێكی گەنم بە نرخی پاڵپشتیكراو نەدرایە جووتیاران، ئەم ساڵ نزیكەی شەش هەزار تۆن بە نرخی پاڵپشتیكراو دابەشكراوە، بەڵام هەموو جووتیاران لێ سوودمەند نەبوون، یاخود بڕێكی كەمیان پێدراوە جووتیارێك دەڵێت: "150دۆنم زەویم هەیە. یەک تۆن بنەتۆوی گەنمیان پێداوم، ئەوە بەشی چی دەكات؟" جووتیارێكی بەتەمەنیش كە لە ژیانیدا تەنیا كاری جووتیاریی كردووە، باس لەوە دەكات: "نەك قازانج جار هەبووە لەسەر گەنمكردن قەرزداریش بووە".
داهاتی گەنمیش وەك بەشێك لە جووتیاران ئاماژەی بۆ دەكەن بەراورد بە رابردوو كەمیكردووە. جووتیارێك دەڵێت: "پێشتر گەنم یەك و 25ی دەبڕی، ئێستا بۆ یەك و 15 دابەزیوە". بەشێكی دیكە لە جووتیاران بۆچوونیان وابوو، دەبێت زیاتر باسی بەبازاڕكردنی بەرهەمەكانیان بكرێت نەک بەتەنیا بنەتۆوی گەنم.
"زۆری و بۆری"، یاخود هەمەجۆری ئەو بنەتۆوانەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندان وەك گرفتێک لەم بەرنامەیەدا باس كرا، هەر جووتیارە و بەپێی ئەزموونی خۆی باسی باشی و خراپی جۆرەكانی بنەتۆوی دەكرد. یەكێك دەیگوت: "بنەتۆوی وفییە لە بنەتۆوی هەولێر چوار باشترە". كەسێكی دیكە بۆچوونی وابوو "بنەتۆوی رزگاری باشترە لە سلێمانی دوو، یاخود بنەتۆوی ئاراس باشترە لە هەموویان".
جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە جووتیارانی عێراق، نەك لە بڕی وەرگرتنی گەنم وەك خۆیان دەڵێن "غەدریان لێدەكرێت"، بەڵكو لە پێدانی هەندێك پێداویستیی دیكەش جیاوازییان لە نێوان دەكرێت. هەروەک جووتیارێک گوتی: "جووتیارانی عێراق گاز و پەینی كیمیایی و بنەتۆویش وەردەگرن، ئێمە هیچ، هەرچەندە لەكاتی وەرگرتنی گەنم 2٪ـی پارەی بنەتۆومان لێدەبڕن، بەڵام دواتر بنەتۆویشمان نادەنێ."
جووتیارێكی دیكە باسی لەوە دەكرد 75 دۆنم زەوی بە گەنمەشامیی چاندووە، كەچی رێگە دەدەن لە توركیاوە گەنمەشامی بێت و گوتی: "ئەم ساڵ 50٪ـی جووتیاران گەنمەشامییان كردووە، كەچی لە بازاڕدا كیلۆی 250 دینار دەكات".
كێشەیەكی دیكە كە جووتیاران كۆدەنگ بوون لەسەری و "بەغەدر" ناویان برد ئەوەیە، ئەم ساڵ نیوەی ساڵی پێشوو گەنمیان لێوەردەگیرێ. بەنموونە پار 700 هەزار تۆن لە جووتیارانی كوردستان وەرگیراوە، ئەم ساڵ باس لە كەمتر لە 400 هەزار تۆن دەكرێ.
گەنم بووتە دووهێندە و خەڵكیش حەوت هێندە زیادیكردووە
پڕۆفیسۆر د. نەریمان ساڵح، مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵیی زانكۆی سلێمانی، دڵخۆشە بەوەی لە 50 ساڵی رابردوو دا توانراوە بەرهەمی گەنم دووهێندە بكرێت، بەڵام دەشڵێت: "خەڵكیش حەوت هێندە زیادیكردووە، دەبێت ئاگامان لەو ژمارەیەش بێت".
ئەو مامۆستای زانكۆی سلێمانی جەخت لەوە دەكاتەوە بنەتۆوی گەنم پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە: "بۆ بنەتۆوی گەنم كاری زۆرباش لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ كراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە بەباشی ئاڕاستە نەكراون". هەر بەپێی قسەی ئەو شارەزایەی بواری گەنم و بنەتۆو لە دنیادا پێنج شوێنی جیهان هەیە كە كاریگەریی گۆڕانكاری كەشوهەوایان زۆر لەسەر دیارە: "عێراق و كوردستانیش یەكێكن لەو پێنج شوێنەی جیهان".
بوونی ئەو هەموو جۆر بنەتۆوە لە بازاڕەكانی كوردستان بەبۆچوونی د. نەریمان شتێكی باش نییە، چونكە لە هیچ شوێنێكی دنیا ئەوە نییە بچیت لە بازاڕ گەنم بكڕیت و بیچێنی. ئەو گوتی: "دەبێت هەموو بنەتۆوێك بچێتە سەنتەرێكی توێژینەوە، دواتر بچێنرێ".
نیوەی زەویی كشتوكاڵی عێراق بۆ گەنم بووە
د. نەریمان ساڵح ئەوە دەخاتەڕوو، ساڵی رابردوو لە عێراق پێنج ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم هاتبوو، بەم جۆرە بۆ پێنج ملیۆن تۆنەكە، نیوەی زەویی كشتوكاڵیی عێراق بەكارهاتبوو. ئەو دەڵێت: "ئەوە شتێكی باش و زانستی نییە، چونكە ئێمە تەنیا گەنممان پێویست نییە، بەڵكو پێداویستیی دیكەشمان هەیە، بۆیە نابێت نیوەی زەویی كشتوكاڵ تەنیا بۆ بوارێكی بەرهەمی كشتوكاڵی تەرخان بكرێت".
د. نەریمان ساڵح، خەفەت بۆ ئەوەش دەخوات، ئەو تەكنەلۆژیایەی كە لەبواری پێشكەوتنی كشتوكاڵ لە دنیادا هەیە، لە كوردستان و عێراقیش بەشێوازێكی باش بەكارنەهاتووە: "ئەوەش هۆكارێكی دیكەی دواكەوتنی كەرتی كشتوكاڵە لە كوردستان".
بەبۆچوونی د. نەریمان ساڵح، مامەڵەكردن لەگەڵ دانەوێڵەكان بەتایبەت گەنم لە كوردستان بۆ 10 هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەوەش مێژوویەكی باشە بۆ گەشەكردن و بەروپێشچوون لەو بوارەدا و گوتیشی: "پێش گوندی چەرمووش، گەنم لە ناوچەی بێستانسووری شارەزوور كراوە".
د. نەریمان ساڵح، ئەوەش دەخاتەڕوو گرفتمان لە كوالێتی گەنمدا هەیە ئەو دەڵێت: "ساڵانە رەنگە بڕێكی باش گەنممان هەبێت، بەڵام گرفت لە كوالێتییەكەیدایە، ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئەو گەنمەش كە ساڵانە لە سایلۆكان وەردەگیرێ لەسەر بنەمای كوالێتی وەرناگیرێت، بەڵكو زیاتر لەسەر بنەمای زۆر و پاكی گەنمەكە وەردەگیرێ".
د. نەریمان ئەوەشی روونكردەوە كێشەی گەنمی كوردستان كە هەندێكجار دەڵێن بەكەڵكی ئارد نایەت ئەوەیە كە "گەنمەكە پڕۆتینی(گلوتینی) كەمە".
50 جۆر گەنمی كێوی كوردستانی كۆكردووەتەوە
ئەوەی بۆ د. نەریمان ساڵح مایەی خۆشحاڵییە ئەوەیە كە هێشتا گەنمی كوالێتیی بەرز لە كوردستاندا نموونەی هەیە و دەكرێت بەرەوپێش ببرێ. ئەو دەڵێت: "توێژینەوەیەكەم كردووە 50 جۆر گەنمی كێوی كوردستانم كۆكردووەتەوە. دەتوانین بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی و بەهای خۆراكی سوودی زۆری لێوەربگرین".
لەبارەی ئەوەش بۆچی بەشێكی زۆر لە خەڵكی پەنا دەباتە بەر ئاردی توركی و گەنمی نێوخۆ كەمتر بەكاردێت؟ ئەو شارەزایەی بواری گەنم ئاشكرای كرد: "ئاردی گەنمی كوردستان وەكو پێویست پڕۆتینی گلوتینی تێدا نییە، هەر ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە دەگوترێ هەویرەكەی بێ پێزە." د. نەریمان ساڵح وەهای بۆ دەچێت چەند ساڵێكی دیكە كێشەی كوالێتیی گەنمیش دروست دەبێت و دەشڵێت "بەراورد بە ئێستا لە داهاتوودا كێشەی كوالێتی گەنم گەورەتر دەبێت و كێشەی سایلۆ و بە بازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانیش بەتەنیا بە وەزارەتی كشتوكاڵ چارەسەر ناكرێت، دەبێت وەزارەتەكانی دیكەش هاوكاربن".
گرفتێكی گەورەی كوردستان ئەوەیە كە بانكی بنەتۆوی گەنمی نییە، هەر بۆیە د. نەریمان و هاوكارەكانی بیریان لەوە كردووەتەوە كە بانكێكی بنەتۆو دروست بكەن، هەروەك ئەو روونیدەكاتەوە 10ساڵە سەرقاڵی ئەوەن بانكێكی بنەتۆو لە كوردستان دروست بكەن، بۆ ئەوەش ئێستا پڕۆژەیەك هەیە: "دروستكردنی ئەو بانكی بنەتۆوە لەلایەن رێكخراوی فاوەوە دەستیپێكردوە لە سلێمانی لەسەر بودجەی یەكێتیی ئەورووپا دروست دەكرێت و كاری نەخشەسازییەكەی تەواو كراوە و بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بەدروستكردنی بیناكەی بكرێت".
باوانی گەنم لە شاخ و دەشتەكانمان ماوەتەوە
د. رێكەوت رەحمان، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین وەک میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو تاوەكو ئێستاش باوانی گەنمەكان لە شاخ و دەشتەكانی ئێمە بە سروشتی ماوەتەوە و گوتیشی: "گەنمی كوردستان باشترین بەرگری كەش و هەوای هەیە دوای چەندەها ساڵ لە شاخ و دەشتەكاندا بە سرووشتی ماوەتەوە." د.رێكەوت رەحمان دان بەوەشدا دەنێ ئەو گەنمە ئێستا هەمانە كوالێتی وەكو ئەو گەنمەی باوانی گەنم نییە كە لە رابردوو هەمانبووە: "ئێمە زیاتر گەنممان بۆ ئارد بەكارهێناوە و لە بوارەكانی دیكە وەكو پێویست سودمان لێنەبینیوە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەڵاحەدین باسی لەوەش كرد لە رووی زانستییەوە نابێت دوو جۆر بنەتۆو بەتێكەڵی بچێنرێ وەك هەندێك جووتیار ئەو هەڵەیە دەكەن. ئەو گوتی: "تێكەڵكردنی دوو جۆر بنەتۆو لە سایلۆش كێشە بۆ فرۆشیارەكەی دروست دەكات".
د. رێكەوت رەحمان ئەوەش ناشارێتەوە كە بە بازاڕكردنی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە كوردستاندا زۆر خراپن. ئەو گوتی: "دەبێت وەزارەتی پلاندانان پلانی بۆ ئەوە هەبێت لە چ بەرهەمێكی كشتوكاڵی چەندمان پێویستە ئەوەندە بەرهەم بێت نەك زیاتر".
جووتیاران ئەم جۆرە بنەتۆوانە بچێنن
پشتیوان حەمەعەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی كە وەك نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ لە بەرنامەكەدا بەشدار بوو، ئەوەی خستەڕوو، 95٪ـی ئەو بنەتۆوانەی لە بازاڕدان مۆڵەتپێدراون. گوتیشی: "ئەو بنەتۆوانەی دراونەتە جووتیارانیش لانی كەم پێنج ساڵ توێژینەوەی لەسەر كراوە و تاقیكراونەتەوە ئەوجا خراونەتە بازاڕەوە".
سەبارەت بەوە بنەتۆوانەش كە لە بازاڕدان و لەلایەن كۆمپانیای مۆڵەت پێدراو هێنراون. پشتیوان حەمەعەلی گوتی: "ئەو كۆمپانیایانەی كە بنەتۆوی گەنم دەهێنن سەرەتا بڕوانامەی هێنانی بنەتۆوەكە وەردەگرن ئینجا دەیخنە بازاڕەوە". نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دان بەوەدا دەنێ لەناو ئەو بنەتۆوانەی كە تۆماریش كراون تیاندا هەیە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان ناگونجێ، بەڵام لە بازاڕەكاندا بوونی هەیە و گوتیشی: "تەرزی گەنم هەیە سەرەتا قبووڵكراوە، بەڵام دوای بەكارهێنان كە زانراوە بەكەڵک نایەت رەتكراوەتەوە".
سەبارەت بە باشی و خراپیی جۆری تەرزە بنەتۆوەكانیش، پشتیوان حەمەعەلی باسی لەوەكرد تەرزی گەنمی ئاراس زۆر باشبوو، بەتایبەت لە كاتی وشكەساڵی هاوكات تەرزی گەنمی سلێمانی دوو، بەهەمان شێوە بەتایبەت لە سنووری سلێمانی زۆر سەركەوتوو بووە لەبارەی سنووری هەولێریش ئەوەی خستەڕوو بنەتۆوی گەنمی رزگاری لە هەولێر بەرهەمی باش بووە. گوتیشی: "بنەتۆوی گەنمی رزگاری و ئاراس بۆ هەموو كوردستان دەبێت جووتیاران دەتوانن بچێنن".
نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ داوا لە جووتیارانی سنووری هەولێر دەكات بنەتۆوی گەنمی هەولێر چوار بەكاربهێنن زۆر سوودی لێوەردەگرن و گوتی: "گەنمی هەولێر چوار لەگەڵ گەنمی توركی هیچ جیاوازییەكیان نییە، تێناگەم بۆچی جووتیاران توركییەكە بەگران دەكڕن و هەولێر چوار بەكارناهێنن؟"
ئەو بەگوناهی دەزانێ بەشێك لە جووتیاران دەچن تۆنێك بنەتۆوی گەنمی و فییە بە 2000 دۆلار دەكڕن، بەڵام بنەتۆوەكانی كوردستان پشتگوێ دەخەن. ئەو گوتیشی: "دەبێت جووتیاران ئەوەش بزانن گەنمی وفییە زۆر هەستیارە بۆ ژەنگ".
ئەم ساڵ چەند گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێ؟
لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا نوێنەرەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ جەختی لەوە كردەوە وەكو وەزارەتی كشتوكاڵ بەردەوام بۆ گرفتەكانی جووتیاران سەردانی بەغدا دەكەن. ئەو گوتی: "هێشتا گەنم نەچێنرابوو بۆ پرسی گەنم پێنج جار سەردانی بەغدامان كردبوو". ئەو باس لەوەش دەكات ساڵی رابردوو بە هەوڵی وەزارەتەكەیان وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی كوردستان گەیشتووەتە 700 هەزار تۆن و گوتیشی: "وەرگرتنی گەنم ئەم ساڵ بۆ كوردستان بووەتە 400 هەزار تۆن، عێراق خۆشی ساڵی رابردوو 6 ملیۆن تۆنی وەردەگرت. ئەم ساڵ 3 ملیۆن تۆن وەردەگرێ. واتە بۆ جووتیارانی خۆشی وەرگرتنی گەنمی بۆ 50٪ دابەزاندوە".
بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆو لە كشتوكاڵی سلێمانی دڵنیایی ئەوەشی دایە جووتیارانی كوردستان، ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە و حكومەتی عێراق لە جووتیارانی وەرناگرێ، لەلایەن كۆمپانیاكانی قەیوان و خۆشنا وەردەگیرێ.
پشتیوان حەمەعەلی ئەوەش ناشارێتەوە لە هەموو عێراقدا بەتایبەت لە كوردستان كێشەیان لە كوالێتی گەنمی ئاردا هەیە ئەو گوتی: "هەربۆیە مۆڵەت دراوە بە هەر دوو كۆمپانیاكە (قەیوان و خۆشناو) 30٪ـی گەنم باش هاوردە بكەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ گەنمی خۆمان تێكەڵ بكەن و بكرێتە ئاردی سفر".
پشتیوان حەمەعەلی ناحەقی جووتیاران ناگرێت كە گەنمی زبر (گەنمی ساوەر) ناچێنن، چونكە بازاڕی نییە و گوتی: "بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین گەنمی ساوەریش لە جووتیاران وەربگرێت، بۆیە ئەوەی گەنمی ساوەریش بكات سوودی لێدەبینێ، بەڵام بەڕاستی بەشێك لە جووتیاران كارێكی باش ناكەن كە بەرهەمەكانیان هەمەجۆر ناكەن، جووتیار زۆرە گەنمی ساوەرو نۆک و نیسك ناكات، ئێ خۆ ئەوەش پێویستی بەئاوی زۆر نییە بۆ نایكەن؟"
خراپترین گەنم چەند دەكات و چەند لەسەر جووتیار دەكەوێت؟
پشتیوان حەمەعەلی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر جووتیارێك زەویەكەی هی خۆی بێت، كیلۆیەك گەنم بدات بە 500 دیناریش زەرەر ناكات. ئەو گوتی: "خراپترین گەنم كیلۆی 500 دینار هەر دەكات". سەبارەت بە تێچووی گەنمیش بەبڕوای ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ بەرهەمهێنانی كیلۆیەك گەنم هەر 300 دینار دەكەوێت و بۆیە گوتی: "هیچ جووتیارێك لە گەنمكردن زەرەر ناكات، بەمەرجێك زەوییەكەی بەكرێیەكی زۆر نەگرتبێت".
لە كۆتایی قسەكانی لەم بەرنامەیەدا پشتیوان حەمەعەلی دوو بەڵێنی بە جووتیاران دا و گوتی: "بەڵێن بێت ساڵ لە دوای ساڵ بازنەی بنەتۆ بەرفراوان بكەین و بەڵێنی دووەمیشم ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوو گەنمی ساوەریش لە جووتیاران وەربگرین".
"بنەتۆو زیاتر درایە ئەوانەی دەستیان دەڕوات"
هەڵكەوت محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێکاری (تەنفیزی)ـی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان كە زیاتر وەكو نوێنەرێكی جووتیاران لە بەرنامەكەدا قسەی كرد باسی لەوە كرد دابەشكردنی بنەتۆوی گەنم بە نرخی پاڵپشتیكراو و زیاتر بۆ ئەوانە بووە كە خاوەن زەوی و دەستڕۆیشتوون. ئەو گوتی: "شەش هەزار بنەتۆوی گەنم دابەشكراوە. زیاتر دراوەتە ئەوانەی بەشێوازی بەراو گەنم دەچێنن".
نوێنەرەكەی یەكێتیی جووتیاران ئەوە ناشارێتەوە كە پرسی بنەتۆو لە عێراق و كوردستانیش بۆ جووتیاران بووەتە كێشەیەكی گەورە. ئەمە جگە لە گرانی نرخەكەی گوتی: "بنەتۆوی گەنم تۆنی بە 600 تاوەكو 640 هەزار دینار دراوەتە جووتیاران بەڕاستی ئەوە نرخێكی زۆرە".
دیاریكردنی نرخی كرێی كارەبای پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی وەك نرخی كرێی پڕۆژەیەكی بازرگانی لەلای هەڵكەوت محەممەد، ناحەقییەكی دیكەیە بەرامبەر بە جووتیاران دەكرێت و دەشڵێت: "تاوەكو ئێستا تۆسقاڵێك هاوكاری جووتیار نەكراوە بەنموونە بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران زۆر خراپە".
كەمیی ئاو بۆ پڕۆژە كشتوكاڵییەكان یەكێكی دیكە بوو لە گرفتەكانی جووتیاران. هەڵكەوت محەممەد ئەوەی روونكردەوە كە وەزارەتی كشتوكاڵ رێگە نادات هەموو جووتیارێك بیری ئیرتیوازی لێبدات و گوتی: "وەكو رێگە بە هەڵكەندنی بیر نادەن پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ بەنداوی بچووك لە ناوچە جیاوازەكان دروست بكات".