لە رۆژانی سەرژمێریدا گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راناگیرێن

17-11-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆی تایبەت بە سەرژمێری، ئاسایین و بەردەوام دەبن.
 
رێکارەکانی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری لە دوێنێوە لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. هەروەها بڕیارە 20 و 21ـی ئەم مانگە قەدەخەی هاتووچۆ بێت و سەرژمێریی گشتی بکرێت.
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانەی مەدەنی هەن، کە بریتین لە: هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، نەجەف و بەسرە.
 
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا کە 20 و 21 ئەم مانگەیە، گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئاسایی و بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو دەکرێن، هیچ کێشە و گرفتێکی نییە، ئەو قەدەخەیە گەشتیی ئاسمانی ناگرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان هاوئاهەنگی و ئاسانکاریی بۆ گەشتیاران دەکەن، پشت بە تیکتی فڕۆکە و پاسپۆرتەکانیان دەبەستن بۆ هاتووچۆیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە