رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 24 رۆژە بەشێک لە تورکمانی ناحیەی قەرەتەپە لەبەردەم ناحیەکە خێوەتیان هەڵداوە و مانیانگرتووە، داوا دەکەن پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە بدرێتە تورکمان.
رۆژی یەکشەممە، 17-11-2024، وەسفی تەمیمی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تورکمانەکانی قەرەتەپە لەسەر دیاریکردنی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەکەیان ناڕەزاین کە دراوەتە عەرەبێكی سوننەی سەر بە پارتی تەقەدووم، داوا دەکەن ئەو پۆستە بدرێتە پێکهاتەی تورکمان.
ناحیەی قەرتەپە، ناوچەیەکی کوردستانیی سەر بە قەزای خانەقینە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 47 هەزار کەسە. تاوەکو رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری بەڕێوەبەری ناحیەکە کورد بوو.
رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگیدا بۆ دیاریکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگاکە. تەها ئیبراهیم محەممەد، کە لە پارتی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسییە بە بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپە دیاریکرا.
بەڵام وەسفی تەمیمی دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەها ئیبراهیم وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی قەرەتەپە دەستبەکار نەبووە، کێشەی تێکەوتووە.
بەگوتەی وەسفی تەمیمی، تورکمان هیچ پۆستێکی کارگێڕییان لە سنوورەکەدا نییە؛ لەسەردەمی رژێمی بەعس بە ناچاری نەتەوەی خۆیان گۆڕیوە بۆ عەرەب؛ وەک چۆن بەشێک لە کورد خۆیان بە عەرەب تۆمار کردووە.
وەسفی تەمیمی دان بەوە دەنێت کە لە بنەڕەتدا خۆی تورکمانە؛ بەڵام لەسەردەمی رژێمی بەعس بە ناچاری نەتەوەی خۆی بۆ عەرەب گۆڕیوە و دەڵێت، سکاڵای بێبەشکردنی تورکمانیان لە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کردووە؛ بەڵام بێ سوودە، دوایین جار سکاڵا و بانگەوازیان بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، چاوەڕێی وەڵامی ئەو دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ