وەزیری پێشمەرگە: خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هێزی پێشمه‌رگه له ‌ئاماده‌باشیی تەواودایە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هێزی پێشمه‌رگه له ‌ئاماده‌باشیی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان".
 
ئەو راگەیێندراوەی شۆڕش ئیسماعیل دوای ئەوە هات، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە قەزای خورماتوو بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی لیوایەکی هاوبه‌شی هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقدا‌ تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو فەرماندە و پاسەوانێکیان "شەهیدبوون" و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو دوو ئەفسەر و پاسەوانەی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، "جموجووڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا".
 
ناوی ئەوانەی شەهدیبوون بەمشێوەیەیە: عەقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەی فەوج، عەقید محەممەد رەزا کەریم، ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی 9ـی سوپای عێراق و جێگری ملازم دوو، شەریف ئەحمەد محەممەدئەمین.
 
وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و، لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سوپای عێراق بەردەوام دەبێت".