ئومێد سەباح: لە سنووری مادەی 140 گەرەنتیمان لەبارەی سەرژمێری وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارئاسانییان بۆ فەرمانبەر و قوتابییانی سنووری مادەی 140 کردووە بۆ ئەوەی لە رۆژانی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە. گوتیشی: "گەرەنتیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژی سەرژمێری و دواتریش دەستکاری رێژەی دانیشتووان نەکرێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17.11.2024، ئومێد سەباح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کەرکووک وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
باسی گرفتێک کرا کە ئەو خێزانانەی لە دەرەوەی کەرکووکەوە بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە، ئەو لیژنانەی کە عەرەبن تۆماریان ناکەن. لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە لیژنەیەکی باڵامان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەیە، سەرپەرشتیاری دەزگەی ئامار لەو کێشانە ئاگادار کراوەتەوە و لەگەڵ لایەنی حکومەتی عێراق لەسەر هێڵ دەبێت و داوا دەکەین ئەو بابەتانە رۆژ بە رۆژ بۆ دەزگەی ئاماری هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین، خۆشمان بۆ ئەوە لێرەین [کەرکووک]".
ئومێد سەباح، لە وەڵامی پرسیارێکی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک لەبارەی کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی خەڵکی سنووری کەرکووک بۆ سەرژمێری گوتی: "ئاسانکاریمان بۆ فەرمانبەران و قوتابییان کردووە بۆ گەڕانەوە، جگە لەوەش داوامان لە وەزارەتەکان کردووە لەگەڵ ناوەندەکانی ئێرە [کەرکووک] چ حیزبی بێت یان سیاسی، چ شتێک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت ئامادەین پێشکەشی بکەین".
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "لە دوایین سەردانی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان پرسی مووچە بابەتی گەرمی نێوان بەڕێز سوودانی و بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵێن دراوە چارەسەرێکی یاسایی بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە".
لەبارەی دانوستاندنی حیزبەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیشە گوتی: "لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆک بارزانی، لیژنەیەکی گفتگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان دروستکراوە، دەستپێکراوە و بەردەوامیش دەبین، سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین بەبێ جیاوازی".
ئومێد سەباح داوا لە هاونیشتمانییانی سنووری کەرکووک دەکات لە رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە و دەڵێ: "وەکو کەرکووکییەک داوا لە هەموو کەرکووکییەک دەکەم بگەڕێنەوە بۆ سەرژمێری بۆ ئەوەی ئێستا و ئایندەمان مسۆگەر بێت و مافەکانمان زامنتر بێت".
دڵنیاییشی دا کە "پێشتر گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ بەغدا کرد و کارمان لەسەر ئەوە کردووە و گەرەنتیمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رۆژی سەرژمێری و دواتریش دەستکاری رێژەی دانیشتووان نەکرێت و سەرژمێری ساڵی 1957 بکرێتە پێوەر".