سەندیکای رۆژنامەنووسان: قەدەخەی هاتووچۆ بۆ سەرژمێری رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی سەرژمێری، رۆژنامەڤانان ناگرێتەوە و داواش دەکات لە پاڵ رووماڵی پرۆسەکە، بەشداری لە سەرژمێریشدا بکەن.
ئەمڕۆ قۆناخی کۆتایی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بڕیارە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگەش سەرژمێریی گشتی بەڕێوەبچێت. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکەش، هەردوو رۆژەکە کراوەتە پشووی فەرمی و قەدەخەی هاتووچۆش دەبێت.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، "سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان کە هەڵگری ناسنامەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن یان دەزگاکانی خۆیان، قەدەخەی هاتووچۆ نایانگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام بدەن".
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسان، داوا لە لە رۆژنامەڤانان دەکات، جگە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا، وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، بەشداری لە سەرژمێریی گشیی دانیشتوواندا بکەن.
سەندیکاکە، هەروەها لق و نووسینگەکانی رۆژنامەنووسانی کوردستانی لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستاندا راسپاردووە لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هاوئاهەنگی بکەن بۆ هاوکاریکردنی پەیامنێران و تیمەکانی راگەیاندن لە کەناڵە باوەڕپێکراوەکان.
دەقی راگەیێندراوی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان:
ئاماژە بە نووسراوی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ژمارە 772 لەبارەی رێنماییەکانی قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و نووسراوی دەستەی ئاماری عێراق بە ژمارە (ت/س/2 /1938) تایبەت بە قەدەخەی هاتووچۆ هەروەها ئاماژە بە بڕگەی 3 لە نووسراوی وەزارەتی پلاندانان (سەرۆکی دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان)، سەرجەم رۆژنامەنووسانی کوردستان کە هەڵگری ناسنامەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن یان دەزگاکانی خۆیان، قەدەخەی هاتووچۆ نایانگرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.
ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داوا لە لە رۆژنامەنووسان دەکات جگە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان، لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا، وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، بەشداری لە سەرژمێریی گشیی بکەن. هەروەها لق و نووسینگەکانی رۆژنامەنووسانی کوردستان لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستاندا رادەسپێردرێن کە لە رۆژانی قەدەخەی هاتووچۆدا، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هاوئاهەنگی بکەن بۆ هاوکاریکردنی پەیامنێران و تیمەکانی راگەیاندن لە کەناڵە باوەڕپێکراوەکان.