لێدوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاتێک سوودانی هەفتەی رابردوو سەردانی هەولێری کرد، پرسی مووچە بابەتی گەرمی نێوان سوودانی و مەسرور بارزانی بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد سەباح لە کەرکووک لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان دا گوتی، "لە دوایین سەردانی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان، پرسی مووچە بابەتی گەرمی نێوان سوودانی و مەسرور بارزانی بووە. بەڵێن دراوە کە چارەسەری یاسایی بۆ ئەو بابەتانە بدۆزرێتەوە".
 
رۆژی چوارشەممە، 13-11-2024، د. موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، سوودانی رایگەیاندووە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "مسۆگەرە"، بەڵام هەندێکجار بەهۆی کێشەی هونەرییەوە دوادەکەوێت.
  
د. موسەننا ئەمین بە رووداوی گوت، بەشێکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سوودانی تایبەت بوو بە کێشەکانی مووچە، لەو بارەیەوە سوودانی رایگەیاند، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان "مسۆگەرە و پارەی پێویست بۆ مووچە دابین دەکەین"، بەڵام هەندێکجار کێشە هونەرییەکان دەبنە هۆکاری دواکەوتنی. 
 
"لیستی مووچە جێگیر نییە و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت"، ئەمە گوتەی د. موسەننا ئەمینە، دەشڵێت، هۆکارێکی دیکەی دواکەوتنی مووچە ئەوەیە هەندێک جار لە عێراق کێشەی سیولە دروست دەبێت.