رێبوار تەها: ئومێدم وایە هەموو کوردەکان بگەڕێنەوە شاری خۆیان

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، هەر پارێزگارێک لەدوای ئەو بێتە سەر کار دەبێت ماندوو بێت، لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانی خزمەتکردن و هاوسەنگیی دەنرێت و خزمەت بۆ ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەڕێنینەوە.
 
رێبوار تەها لە بەرنامەی بێستوون تۆک لەبارەی چەندین تەوەر سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک وەڵامی گەنجانی دایەوە، لەوانە؛ سەرژمێریی، کێشەی زمان، خوێندن، ژینگە، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، مادەی 140 و چەندین پرسی دیکە.
 
لە بەرنامەکەدا کچە خوێندکارێک پرسیاری لە رێبوار تەها کرد، "بۆچی هەر کچ و کوڕێکی کورد کە خوێندن تەواو دەکات و ناویان بۆ دامەزراندن دێتەوە، دواتر ناوەکانیان دەفرۆشرێت؟ من کە کچە شەهیدێکم کە ناوم بۆ مووچەی شەهیدانە دێتەوە و بە دوایدا دەچم دەڵێن ناوت فرۆشراوە."
 
رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی: "ئەوە راستییەکە لە عێراقدا هەیە و قسەکانی راستە، شتێک دەڵێم کە پێشتر باسم نەکردووە؛ نزیکەی 7 هەزار و 200 ناو بۆ دامەزراندن هاتووەتەوە و واژۆم لەسەر نەکردووە، یەکێک لە هۆکارەکانی واژۆنەکردنی قسەکانی ئەو خاتوونەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەش ئەوەیە کەسوکاری شەهیدانی هێزەکانی دیکەیان تێکەڵی کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە کردووە. بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەم و لەگەڵ ئەمیندارێتیی گشتیی بەغداش قسەم کردووە؛ پێم گوتوون کە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەش پێویستە وەک کەسوکاری شەهیدانی دیکە خاوەن مافی خۆیان بن. هەوڵی جیدی بۆ ئەو بابەتە دەدەم."
 
لەبارەی ئەوەی ئایە لەماوەی کارکردنیدا دەتوانێت هاوسەنگییەک دروست بکات کە پارێزگاری دوای خۆی تێکی نەدات؟ رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی: "هەر پارێزگارێک لەدوای من بێتە سەر کار دەبێت ماندوو بێت، لەبەر ئەوەی هەنگاوەکانی خزمەتکردن و هاوسەنگیی دەنرێت و خزمەت بۆ ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەڕێنینەوە، بۆیە دەبێت ئەوەی لە دوای منیش دێت ماندووبێت و هەمان کار بکات". 
 
رێبوار تەها هەروەها گوتی: "ئەگەر بمانەوێت خەڵکەکە بحەسێتەوە؛ کلیلی چارەسەری کێشەکان پێکەوە ژیانی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانە، ئەمە قسەی ناخی دڵمە و نواندن نییە. کەرکووک شارێکی جوانە با جوانتری بکەین. من نامەوێت کە لەسەر حوکم نەماین برایانی عەرەب و تورکمان وەڵامی سڵاوەکانمان نەدەنەوە."
 
کچە خوێندکارێک پرسیاری لەبارەی شێوازی سەرژمێریی کرد و داوای گەڕانەوەی کوردەکانی کەرکووکی کرد لەو رۆژانەی سەرژمێریدا، رێبوار تەهاش پێی گوت، ئیشەکان زۆربەباشی دەڕۆن، ئێستا لە کەرکووک حیسابی یەک ملیۆن 350 هەزارمان بۆ دەکەن، ئەوە لە ژمارەی دامەزراندن و بەشە بودجە کاریگەری لێکردووین، بەدڵنیاییەوە ئێستا کەرکووکییەکان بوون بە یەک ملیۆن و 850 هەزار، کۆمەڵێک خەڵکی دیکەش بەناوی ئاوارەییەوە روویان لە کەرکووک کردووە، کە ژمارەیان نزیکەی 500 هەزار کەس دەبێت، ئەوانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەسڵی شارەکەی خۆیان، بەگوێرەی ئەو بەڵێنانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە کە کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، ئیدی منیش ئومێدم وایە هەموو کوردەکان بگەڕێنەوە شاری خۆیان."
 
هاونیشتمانییەکی تورکمانی کەرکووک گوتی: پرسیارێکی تورکمانی، ناوم عائیل ئەسوەدە، ئایا پشت بە بنەمای 32٪ بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەبەستن یان پشت بە بنەما و بڕیاری نوێ دەبەستن؟ ئایا بڕیاری دامەزراندنەکان لە بەرژەوەندی سەرجەم نەتەوەکان دەبێت؟ 
 
رێبوار تەها لە وەڵامدا گوتی: "بابەتی 32٪ بەشی پلە و پۆستەکان و دامەزراندنەکانە، منیش و تۆش دەمانەوێت ئەم بنەمایە کاری پێبکرێت، بەڵام ئایا حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت لەسەر ئەرزی واقیع ئەم بنەمایە جێبەجێ بکات؟ وەڵامەکە نەخێرە. ئەم بابەتە پێویستی بە بودجە و کات و زۆر بابەتی دیکەش هەیە. بۆ دابەشکاریی پۆستەکان دەتوانین پشت بە بنەمای 32٪ ببەستین. کاتێک ئەم ئیدارەیەمان دامەزراند بنەمای نیشتمانیمان کردە پێوەر بۆ کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیانەکان کە بەشدارییان لەم ئیدارەیەدا کردووە. خۆم لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدام و داواش لە برایانی عەرەب و تورکمان دەکەم لەمە هاوکارم بن. ئەمە لەبەرژەوەندی منی کورد و ئێوەشە وەک نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک."
 
میوانێکی دیکە پرسیاری ئەوەی کرد، ئایا "رێبوار تەها دەتوانێت وەکو سەردەمی دکتۆر نەجمەدین ئاڵای کەرکووک لەسەر باڵەخانەی پارێزگا و قەڵای کەرکووک هەڵبکات؟"
 
پارێزگاری کەرکووک وەڵامی دایەوە: "ئەوانەی ئەو کارانەیان کرد دوایی چییان بۆ کەرکووک بەرهەمهێنا؟ ئەمە ئەو حاڵەیە ئێستا تێیداین، ئێمە ئێستا سیستم و پرۆگرامێکی نوێیە دەستمان داوەتێ، ئارام بگرن بزانن چی دەکەین، دڵنیابن کاری باش دەکەین بۆتان."
 
کوردێکی کاکەییش بەناوی کاکەییەکانی سنوورەکەوە پرسیاری لە پارێزگاری کەرکووک کرد لەبارەی چارەسەر و جێبەجێ کردنی مادەی 140، کە ئاخۆ "بە ئێوە چارەسەر دەکرێت؟"
 
رێبوار تەهاش گوتی: "من سەرۆکی یەکەی کارگێڕیم، جێبەجێکردنی مادەی 140 دەستوورییە و دیارە کە کێ بەرپرسە لەوە، بەڵام هەندێک هەنگاو هەیە لە پێش جێبەجێ کردنی ئەو مادەیە دەبێت بگرێتەبەر، من ئامادەم ئەوانە دەکەم، بۆ نموونە بابەتی کێشەی زەوی و زار، هەرکام لەو بابەتانە لە دەسەڵاتی من بێت وەکو پارێزگار بەڵنیاییەوە دەیکەم. بەڵام مادەی 140 پێویستی بە رێککەوتنێکی ستراتیژییە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا ئەو کارە بکەن."