زیاتر لە 355 هەزار کوردی ناوچە کوردستانییەکان لەم سەرژمێرییەدا لە زێدی خۆیان نین
رووداو دیجیتاڵ
سۆران حوسێن و مالیک محەممەد
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، تەنیا لە سنووری کەرکووک و شنگال زیاتر لە 355 هەزار کورد دوور لە شارەکانی خۆیان دەژین و ئەگەر نەگەڕێنەوە لە سەرژمێرییەکەدا بە دانیشتووی زێدی خۆیان تۆمار ناکرێن.
رێکارەکانی قۆناخی کۆتایی سەرژمێری لە دوێنێوە لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. هەروەها بڕیارە 20 و 21ـی ئەم مانگە قەدەخەی هاتووچۆ بێت و سەرژمێریی گشتی بکرێت.
لایەنە کوردستانییەکان لە هەوڵدان زۆرترین هاونیشتمانیی ناوچە کێشەلەسەرەکان کە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیانن، بگەڕێننەوە لەوێ خۆیان تۆمار بکەن، ئەوەش بە ئامانجی هێشتنەوەی کورد بە زۆرینە لەو ناوچانەدا، بەتایبەت لە کەرکووک، شنگال، مەخموور، خانەقین و خوورماتوو.
200 هەزار کوردی ئێزدی لە ئاوارەییدا دەژمێردرێن
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعشەوە نزیکەی 360 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و لە 21 کەمپدا جێگیر کران.
قائیدی دەڵێت، ئێستا نزیکەی 200 هەزار ئێزدی لە هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە. لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ شنگال بەمەبەستی سەرژمێری، گوتی "گەڕانەوەیان زەحمەت و قورسە، چونکە دۆخی شنگال لەبار نییە و رۆشتنیش ئاسان نییە."
"155 هەزار کەرکووکی لە دەرەوەی شارەکەن"
لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا هەزاران کەس بەهۆی کوردبوونیانەوە لە کەرکووک دەرکران یان خۆیان جێیانهێشت. دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـش ژمارەیەکی دیکەی کورد سنوورەکەیان جێهێشت، بەگوێرەی ئامارێک کە بە رووداو دراوە، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو 24ـی هەمان مانگ، 4 هەزار 800 خێزانی کورد لە کەرکووک ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوای ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 40 هەزار خێزانی کورد کەرکووکیان جێهێشتووە."
تاوەکو ئەمڕۆ، زۆرینەی ئەو خێزانانە لە دەرەوەی زێدی خۆیان دەژین، کە بە نزیکەی 155 هەزار هاونیشتمانی دەژمێردرێن، ئەمەش بەگوێرەی ئاماری بەردەست عەلی قەڵایی، کە سەرپەشتیی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شارەکەی دەکات.
کوردی ناوچە کوردستانییەکان کە لە هەرێمی کوردستانن، لە کوێ تۆمار دەکرێن؟
گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو خێزانانەی لە شارەکانی کەرکووک، شنگال و هەر ناوچەیەکی دیکەوە هاتوون و لە هەرێمی کوردستان دەژین، دەتوانن بۆ سەرژمێری یەک کەسیان بچێتەوە زێدی خۆیان."
ئەو کەسەی دەگەڕێتەوە بە نوێنەرایەتی خێزانەکەی بۆ ناوچە کورستانییەکان، دەبێت کارتی نیشتمانی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی و فۆرمی خۆراکەکەیانی پێبێت. ئەمەش بەگوێرەی لیژنەی سەرژمێری بۆ رووداو.
گوهدار محەممەد دەڵێت "لەکاتی سەرژمێریدا، تیمەکانمان سێ جار دەچنە ماڵەکان، جارێکیان پێش 20ـی مانگ، جارێکیش لە 20 یان 21ـی مانگ و دواجاریش پێش کۆتایی ئەم مانگە دەبێت. بۆ تۆمارکردنەکەش، وا پێویستە هەر سێ جارەکە نوێنەری خێزانەکە ئامادە بێت و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە."
سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، رێگەی دروست ئەوەیە؛ ئەگەر دەرفەت هەبێت تەواوی ئەندامانی خێزان بگەڕێنەوە شارەکەیان.
ئەو کوردانەی ناگەڕێنەوە چۆن تۆمار دەکرێن؟
بەشێکی کوردانی ئێزدی کە لە کەمپەکاندا دەژین، یان هاونیشتمانیانی کەرکووک کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و نایانەوێت بگەڕێنەوە، لەو شوێنە تۆمار دەکرێن کە ئێستا تێیدا نیشتەجێن.
گوهدار محەممەد دەڵێت: "ئەگەر خەڵکی هەر شارێک بیت و لە شارێکی دیکە بژیت، بۆ نموونە؛ ئێزدییەکی خەڵکی شنگال لە هەولێر نیشتەجێ بێت هەر لە هەولێر تۆمار دەکرێت، بەڵام لە فۆڕمەکەدا تەنیا ئاماژە بەوە دەکرێ لە بنەڕەتدا لەدایکبووی شنگالە."
ئەوانەی بگەڕێنەوە کەرکووک شوێنیان بۆ دابین دەکرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، حیزبە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا 14ـی ئەم مانگە بڕیاریانداوە، هەموویان ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی کوردی کەرکووک بۆ زێدی خۆیان بکەن، بەمەبەستی تۆمارکردنیان لە سەرژمێریدا، بۆ ئەوەش لیژنەیەکیان پێکهێناوە.
حیزبە کوردستانییەکان دەڵێن، بەگوێرەی توانایان شوێن بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دابین دەکەن، کە ئێستا لە دەرەوەی شارەکەدا دەژین و بۆ سەرژمێریی دەگەڕێنەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت، ئەوانەی لە گەمارۆسازی و ژمارەلێدان خۆیان تۆمار نەکردووە، گرنگە لە ئەمڕۆوە بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە گرنگی زانی، هاونیشتمانیان بۆ هێشتنەوەی ناسنامەی کوردبوونی کەرکووک، بگەڕێنەوە شارەکە و "ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەن."