بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا: مووچە زیاد دەکەین و نرخی شتوومەک کەمدەکەینەوە

18-11-2023
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەهاب حەسۆ بەربژێری پارتی نیوسۆسیال کۆنتراکت بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەهاب حەسۆ بەربژێری پارتی نیوسۆسیال کۆنتراکت بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایەکی کاروباری هۆڵەندا دەڵێت، دیلان یەشیلگۆز بەربژێرێکی کوردە دەیەوێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا و چانسی ئەو لە سێ بەربژێرەکەی دیکە زیاترە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران. بەربژێرێکی کورد بۆ پەرلەمانی هۆڵەنداش باس لەوەش دەکات، ئەگەر بچنە پەرلەمان مووچە زیاد دەکەن و نرخی شتوومەک کەمدەکەنەوە
 
دیلان یەشیلگۆز خەڵکی باکووری کوردستانە، ئێستا وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندایە لە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی کە بە VVD ناسراوە.
 
شەوی هەینی، 17-11-2023، دیندار کۆچەر، شارەزایەکی کاروباری هۆڵەندا لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو، گوتی، "بەربژێرێکی دیکەی کوردمان هەیە، ئەویش خانمێکی کوردە و دەیەوێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا، ئەویش دیلان یەشیلگۆزە، کە ئێمە وەک کوردەکان شانازی پێوەدەکەین."
 
دیلان یەکێکە لەو سێ بەربژێرە کە دەیانەوێت ببنە سەرۆکوەزیران، بەڵام چانسی دیلان لە هەموویان زیاترە. دیندار کۆچەر، لەو بارەیەوە باسی لەوەکرد، " دیلان کوردە و باوکیشی کوردە و خەڵکی شاری دێرسمی باکووری کوردستانە و فاتیمەی دایکیشی بەڕێوەبەری رێکخراوی فۆنت بووە لە شاری ئودرێخت کە تایبەتە بە هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی پەنابەران و لە ساڵانی رابردوو هاوکاری زۆری هەموو رێکخراوەکانی کردووە و ناوێکی دیاربووە، دیلانیش وەک دەزانین ناوەکەشی کوردییە و لە تویتێکدا دیلان دەڵێت "باوکم منی بە ناوی سترانێکی شڤان پەروەر کردووە کە دیلان بووە." 
 
ئەو شارەزایەی کاروباری هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە کە ژنێکی کورد ئێستا پۆستی وەزیری ئاسایش و دادی هۆڵەندای هەبێت و بەربژێریش بێت بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بۆیە هیچ گومان لە کوردبوونی دیلان نییە و کوردە و هاوکاری زۆری کوردەکانی کردووەو پێشتریش لە گوتارەکانیدا کە بڵاویدەکردەوە زۆر باسی دۆزی نەتەوەکەی کردووە بەتایبەتی ئەو زوڵم و ستەمەی دەرهەق بە کوردی باکووری کوردستان دەکرێت."
 
بەرنامەی دیلان بۆ کوردانی هۆڵەندا چییە؟ 
 
دیندار کۆچەر دەڵێت، "بڕواناکەم لەکاتی دەرەچوونی شتێکی تایبەت بۆ کوردی نیشتەجێی هۆڵەندا بکات، لەکاتێکدا مەیدانی سیاسەتی ئەو هۆڵەندایە و زیاتر گرنگی بەو تەوەرانە دەدات کە تایبەت و گرێدراون بە هۆڵەندا بە گشتی، بەڵام ئێمەی کورد هەمیشە خوێنی کوردبوون لەناو جەستەمان بۆ یەکتر دەکوڵێت و شانازی بەوە دەکەین ژنێکی کورد لەو پۆستە باڵایەدا ببینین، ئێستا لە هۆڵەندا رەوەندی تورکی دژایەتییەکی گەورە و ئاشکرا بەرامبەر بە دیلان دەکەن، بەهۆی ئەوەی کوردە."
 
هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشکاری دیاسپۆرا دەڵێت، " پێیتەر ئۆمتزیخت[یەکێکە لە رکابەرەکانی دیلان و بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا]  ژنەکەی کوردە، کە زانی ئێمە وەک تیمی دیاسپۆرا لەوێین هاتە لامان و دەیزانی کە بەنیازی هەڤپەیڤینین لەگەڵ وەهاب حەسۆ کە سەر بە لیستی حیزبەکەی ئەوانە، پێیتەر زۆر بە ویژدانەوە باسی دیلانی کرد و گوتی، "تورکەکان لە رابردوو و ئێستاش دژایەتی دیلانیان کردووە و دەشیکەن، هەروەها دەیزانی کە رووداو میدیایەکی کوردییە و کەچی زۆر بە ویژدانەوە باسی دیلانی کرد، لەکاتێکدا رکابەرێکی سەرسەختی ئەوە و لەوانەشە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەهاب حەسۆ بەربژێری پارتی نیوسۆسیال کۆنتراکت بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا: 
 
رووداو: وەهاب حەسۆ پێش 11 ساڵ وەک کۆچبەر چوویتە هۆڵەندا و ئێستا لەنێو پەرلەمانی هۆڵەندا ئەم هەڤپەیڤینە دەکەین و ئەو کورسیانەی ئێستا ئێمە لەسەری دانیشتووین کورسی پەرلەمانتاری نین، بەڵام لەوانەیە هەفتەی داهاتوو چانسی ئەوەت هەبێت تۆ لەسەر یەکێک لەو کورسیانەی پەرلەمانتاران دابنیشی کە ئێستا لە نزیکمانن، بۆچی بۆ تۆ گرنگبوو خۆت بەربژێر بکەی بۆ ئەوەی ببیتە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا؟
 
وەهاب حەسۆ: بەڕاستی من و خێزانەکەم لە عێراق ناخۆشی زۆرمان بینی، دوای ئەوەی هاتینە ئێرە و هەروەها فەرمانی ساڵی 2014 بەسەر ئێزدییەکان کاریگەری زۆری بەسەرمەوە هەبوو لەوێ خوێندم بەجێهێشت، دواتر لێرە دەرفەتم بۆ رەخسا و لە سیاسەت خوێندم و گوتم رۆژێک دادێت دەبێت من ببمە دەنگێک بۆ گەلەکەم و ئێستا بەربژێرم لە حیزبی نیو سۆسیال کۆنتراکت بە سەرکردایەتی پێیتەر ئۆمتزیخت.
 
رووداو: نیوسۆسیال کۆنتراکت چییە؟
 
وەهاب حەسۆ: پارتێکی نوێیە، پێشتر پێیتەر ئۆمتزیخت لەگەڵ کریستیان دیموکراتیک پارتی بوو (سێ دێ ئا) و دواتر لێیان جیابووەوە و پارتێکی نوێی پێکهێنا بە ناوی نیوسۆسیال کۆنتراکت، ئامانجیشی نزیکردنەوەی خەڵک و حکومەتە کە ئێستا لێک دوورکەوتوونەتەوە، ناوەکەشی کە کۆنتراکتە واتە نزیکردنەوەی حکومەت و خەڵکە لە یەکتر، پێشتر خەڵک دەنگی بە پارتەکان دا، بەڵام ئەوان خۆیان لە خەڵک دوورخستەوە، بۆیە پارتەکەمان دەیەوێت ئەمە چاکبکاتەوە و وەکو پارتێکی نوێ ببنە پردێک لە نێوان خەڵک و حکومەتدا.
 
رووداو: پارتەکەتان زیاتر گەنج و لاون یان هەموو تەمەنەکانی تێدان؟
 
وەهاب حەسۆ: هەموو تەمەنێکی تێدان، بەڵام نیوەی زیاتر ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان 43 بۆ 44 ساڵن، تەنیا من و کەسێکی دیکە نەبین لە هەموویان بچووکترین و ئەو تەنیا ساڵێک لەمن بچووکترە، بەڵام خەڵکی دیکەی تێدایە کە تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵییەوەن ئەزموونێکی زۆری کارکردنیان هەیە.
 
رووداو: ئێوە تازە ماستەرتان وەرگرتووە لەسەر چی بوو؟
 
وەهاب حەسۆ: ماستەرەکەم لەسەر زانستە سیاسییەکان بوو، کرۆکەکەشی دژایەتی تیرۆر و ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
 
رووداو: ئەگەر دەربچیت بۆ پەرلەمان ئایە لەوێ دەمێنیتەوە یان پلانێکی دیکەت هەیە؟
 
وەهاب حەسۆ: بەڕاستی شتێکی دیکە لە مێشکمدایە و بیرم لەوە نەکردبووەوە رۆژێک لە رۆژان بانگم بکەن، هەرچەندە من داواکاری خۆم پێشکێش کردبوو، بەڵام لەو بڕوایە نەبووم بانگم بکەن و قسەم لەگەڵ بکەن و دواتر قبووڵیان کردم وەک بەربژێر، بەڵام بەڕاستی من دەمەوێت پۆستێکی دیپلۆماسی وەربگرم، چونکە ئەوەی من دەیزانم پێموایە سوودی زیاتر لەوە دەبێت کە پۆستێکی دیپلۆماسی وەرگرم و کار بکەم، چونکە جگە لە بڕوانامە و پسپۆڕییەکەم من زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و هۆڵەندی بە باشی دەزانم، بۆیە کاتێک ئەوان ئەمەیان بینی رازیبوون و منیان بەربژێر کرد.
 
رووداو: لەنێو پرۆگرامی پارتی ئێوەدا شتێک هەیە کە بۆ دەنگدەری کوردی نیشتەجێی هۆڵەندا گرنگ بێت و بۆچی دەنگ بە ئێوە بدەن و دەنگ بە تۆ بدەن؟
 
وەهاب حەسۆ: زۆر گرنگە کوردی نیشتەجێی ئێرە و هەروەها هەموو هۆڵەندییەکان دەنگ بە حیزبەکەمان بدەن، چونکە ئەو حیزبە دەیەوێت مووچەکان باشتر بکات و وەک ئاشکرایە نرخی زۆربەی شتەکان بەرزبووەتەوە و ئێمە دەمانەوێت ئەو نرخانە کەم بکەینەوە، هەروەها کێشەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت لێرە بخوێنن و کۆمەڵێک کێشەی دیکە، بۆیە سەرنجی تەواوی ئەو حیزبە لەسەر ئەمانەیە، واتە زیاتر کاردەکات بۆ کێشە و گرفتەکانی ناوخۆی هۆڵەندا نەک دەرەوەی هۆڵەندا، کاتێک خەڵکی ئێمە هاتن بۆ هۆڵەندا و بەگشتی کۆچبەران کە دێنە ئێرە دووچاری ژیانێکی قورس دەبنەوە، بۆیە حیزب دەیەوێت هەموو ئەو گرفتانە چارەسەر بکات.
 
رووداو: ئەمانە تەنیا بەڵێنی بانگەشە و هەڵبژاردنن یاخود بەڵێنی کۆنکرێتین و جێبەجێیان دەکەن؟
 
وەهاب حەسۆ: نەخێر بەڵێنەکانمان بە تەواوی جێبەجێ دەکەین، چونکە حیزبەکە کەسێک سەرکردایەتی دەکات کاتێک بەتەنیا بوو و ئەو حیزبەی دروستکرد ئێستا ئەو حیزبە گەورەترین حیزبی هۆڵەندایە بە گوێرەی راپرسییەکان، ئەگەر متمانە گەورەیەی هۆڵەندییەکان نەبووایە ئێستا ئێمە خاوەنی 44 نوێنەر نەدەبووین، ئێمە تەنیا سۆز و بەڵێن وەک حیزبەکانی دیکە نادەین بە خەڵک، بەڵکو ئەوەی بۆمان دەکرێت و دەشزانین دەتوانین بیکەین ئینجا بەڵێن بەخەڵک دەدەین و دواتر جێبەجێیان دەکەین.
 
رووداو: ئێستا زۆر کورد دەزانن کە تۆ بەربژێری و هەروەها هەمووان دەزانن کە هەڕەشەی کوشتنت لێکراوە و لە ماوەی رابردوو لە دیاسپۆراش کەمێکت باس کرد، ئایە ئەوان پشتیوانیت دەکەن؟
 
وەهاب حەسۆ: بەڵێ ماوەی دوو هەفتەیە کوردێکی زۆری دیاسپۆرای هۆڵەندا پەیوەندیم پێوەدەکەن و پێم دەڵێن کە ئەوان پشتیوانی منن و دەنگیان بۆ منە و تەنانەت بەلایەنی ماددیش هاوکارم دەبن، من سوپاسیان دەکەم، تەنانەت هۆڵەندییەکانیش پشتیوانیم دەکەن، ماویەک لەمەوبەر کەسێکی هۆڵەندی پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، ئەگەر بتەوێت وەرە لە ماڵەکەم ژوورێکم هەیە لەگەڵمان بمێنەوە، من بەو هەڵوێستانە سەربڵندم.
 
رووداو: کوردی سۆرانی پەیوەندیت پێوەدەکەن؟
 
وەهاب حەسۆ: هاوڕێی زۆری سۆرانیم هەن و خەڵکی سلێمانین و هەروەها رۆژهەڵاتین، بەڵێ بە کوردی قسە دەکەین، خەڵکی رۆژهەڵات بە ئاسانی لە کورمانجی تێدەگەن و منیش لێیان تێدەگەم، بەڵام بەڕاستی خەڵکی سلێمانی زمانیان زۆر گرانە و  هەرچەندە من سەت لە سەت لێیان تێناگەم، بەڵام باشە لێیان حاڵی دەبم و ئەوانیش لێم تێدەگەن.
 
رووداو: دەتوانیت بە سۆرانی قسە بکەیت؟
 
وەهاب حەسۆ: نا ناتوانم بە سۆرانی قسە بکەم کاکە.
 
رووداو: رۆژی 22ـی ئەم مانگە هۆڵەندییەکان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەنە وەهاب حەسۆ لەسەر لیستی نیوسۆسیال کۆنتراکت، زۆر سوپاس.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.