دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن: بە 12 ساڵ فیلمەکەمان بەرهەمهێنا

17-11-2023
هێمن عەبدوڵڵا
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حسێن
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حسێن
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن باسی 12 ساڵی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە و ئاستەنگەکان و گوشارەکانی بەردەم پرۆژەکە دەکات و دەڵێت، پێشاندانی راستی چیرۆکی ئەو چاڵەی سەدام حوسێنی تێدا شاردرابووەوە بۆ من وەکو کوردێک قورس بوو. هەروەها باسی لە رۆڵی رووداو لە فیلمەکە کرد و گوتی، "رووداو بەشێکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە."
 
رۆژی هەینی، 17-11-2023، هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەری بەڵگە فیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن لە هەڤپەیڤینێک لە بەرنامەی دیاسپۆرا کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، گوتی، "دوو ساڵ بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە هاوکاری سەدام حوسێنی کردبوو لە دروستکردنی ئەو چاڵی خۆشاردنەوەیە، بەلامەوە گرنگ بوو راستی چیرۆکی ئەو چاڵە پێشان بدرێت، هەموو کەسێک لە جیهان مافی خۆیەتی چیرۆکی ئەو چاڵە بزانێت." 
 
چیرۆکی دۆزینەوەی ئەو کەسەی چاڵەکەی بۆ سەدام حوسێن هەڵکەند.
 
بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 2012 رۆژنامەی واشنتن پۆست ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکراکرد کە چاڵەکەی بۆ سەدام حوسێن دروستکردبوو، هەڵکەوت مستەفا دەڵێت، "کاتێک زانیم ئەو کەسە ناوی عەللایە، زۆر بەدوای گەڕام تاوەکو ژمارەی سەرۆک هۆزەکەیانم دەستکەوت، دواتر پەیوەندیم پێوەکرد و دوای دوو ساڵ گەڕان، توانیم لەگەڵ عەللا دابنیشم." 
 
دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە باس لەوە دەکات، قورس بووە عەللا رازی بکات تاوەکو چیرۆکەکە باس بکات، لە سەرەتاوە متمانەی نەبووە پاش ئەوەی ماندووبوون و پشوودرێژی ئەوی بینیوە بڕیاری داوە چیرۆکەکە بگێڕێتەوە.
 
ئەو چیرۆکەی عەللا سەبارەت بە چاڵەکە گێڕاویەتیەوە راستییە؟ 
 
دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی چیرۆکێک کە نزیکەی 20 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، کارێکی ئاسان نییە، دەرهێنەری فیلمەکە لەبارەی ئەوەی چۆن دڵنیابووەتەوە لەو قسانەی عەللا لەبارەی چاڵەکەوە کردوونی دەڵێت، "لە سەرەتا هەستاین کۆی ئەو زانیارییانەی لە راگەیاندنەکان بڵاوکرابوونەوە هەموومان کۆکردەوە کە چی روویداوە، چۆن روویان داوە کێ چاوی بە سەدام حوسێن کەوتووە لەو ماوەیەدا، لە کۆتاییدا مرۆڤ ئەو هەموو زانیارییانەی پێویست نییە، چونکە قورسی ژیان بۆ هەموو مرۆڤەکان ئەوەیە چیرۆکی خۆت بدۆزیتەوە، چیرۆکی من چیرۆکی سەدام نییە، چیرۆکی دۆزینەوەی عەللاش نییە، بەڵکو چیرۆکی دۆزینەوەی ئەو چاڵەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن:
 
رووداو: هەڵکەوت مستەفا فیلمی شاردنەوەی سەدام حوسێن، کورد فیلم لەسەر سەدام حوسێن دروست دەکات، بەڵام فیلمێک دروست دەکات کە ناخۆشترین رۆژەکانی ژیانی سەدام حوسێنە، بەڵام ویژدانی هەیە بەرامبەری و بە هاوسەنگی دروستی دەکات، هەستی رابردووی کاریگەری نەکردووەتە سەر دروستکردنی فیلمەکە، لەوانەیە ئەم هاوسەنگییە گوشارێکی دەروونی زۆری لەسەر تۆ وەک دەرهێنەر دروستکردبێت و بۆت قورس بووبێت، دەمەوێ باسی ئەوەم بۆ بکەیت.
 
هەڵکەوت مستەفا: فیلمی شاردنەوەی سەدام، زۆر بەلامەوە گرنگ بوو کە راستی چیرۆکی چاڵەکە بدۆزرێتەوە، چی لە پشتی چیرۆکی چاڵەکەوە هەیە، من دوو ساڵ گەڕام بەدوای عەللا، ئەو کەسەیە کە چاڵەکەی دروستکردبوو و سەدامیش خۆی تێدا شاردبووەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست بۆ یەکەمینجار لە ساڵی 2012 ناوی عەللای هێنا، ئەوە بۆ من گرنگ بوو کە زیاتر بە دوای ئەو عەللا ناوە بگەڕێم، لە رێگەی چەند راگەیاندنێکەوە توانیم ژمارەی سەرۆک هۆزی ئەو کەسە پەیدابکەم و بەوهۆیەوە توانیم عەللا بدۆزمەوە و چاوم پێی بکەوێت، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ئەوە بوو بزانم لەو ماوەیەی سەدام لەو چاڵەدا بووە چی روویداوە و چی کردووە و هەروەها هەموو دونیا ببینێت ئەو کەسانەی دەسەڵاتی گەورەیان هەیە و خراپ بەکاری دەهێنن چۆن کۆتاییان دێت، لەوێوە توانیم ئەو هاوسەنگیەی خۆم بپارێزم و وەکو دەرهێنەری فیلمەکە، چیرۆکەکە بە راستی و تەواوی وەکو خۆی بگێڕمەوە، پێموایە هەموو مرۆڤەکانی ئەم جیهانە مافی خۆیانە راستی چیرۆکی ئەو چاڵە بزانن.
 
رووداو: بەڵام وەک کوردێک بۆت زەحمەت بوو کە ئەو کارە بکەی وانییە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: زۆر زەحمەت بوو، لەبەر ئەوەی چیرۆکەکە زۆر زەحمەت بوو، تەنیا یەک کەس دەتوانێت چیرۆکی ئەو چاڵە بگێڕێتەوە ئەویش ئەو کەسەیە کە چاڵەکەی دروستکردووە و ئەو کەسەش نەیدەویست قسە بکات.
 
رووداو: گەورەترین چاڵێنج و ئاڵنگاری کە بۆت دروست بوو لە دروستکردنی ئەو فیلمەدا چی بوو؟
 
هەڵکەوت مستەفا: گەورەترین ئاڵنگاری ئەوەبوو کە داعش لە 2014 ئەو ناوچەیەی داگیرکردبوو، پرۆژەکە بەشێوەیەک لە شێوەکان وەستێنرا، ئاڵنگارییەکی دیکە ئەوەبوو کە دەمویست لایەنی ماددی لەو پرۆژەیە دووربخرێتەوە، کە ئێمە بتوانین هۆکاری دروستکردنی ئەو فیلمە بکەینە هۆکارێکی رۆحی و هۆکاری ئاشکراکردنی راستییەکان، چانس بدەین کە پیاوێکی عێراقی، چونکە ئەوە مەرجی من بوو وەک دەرهێنەر کە ئەو پیاوە شانسی ئەوەی پێبدرێت کە وەک خۆی دەیەوێت فیلمەکە دروست بکات، نەک بە دیدگا ئەوروپی و ئەمریکی کە ئێمە کاریگەرییەکمان لەسەر شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بێت، چانسی ئەوەی پێبدرێت کە پیاوێکی عەگال بەسەری عەرەب دابنیشێت و چیرۆکی شاردنەوەی سەدام حوسێن بگێڕێتەوە.
 
رووداو: پیاوێکی زۆر سادە دەردەکەوێت لەنێو فیلمەکەدا، بەڵام لە پاڵ گێرانەوەکانیدا پیاوێکی زۆر زیرەک و وریا دەبینی کەسایەتی چۆن بوو عەللا؟
 
هەڵکەوت مستەفا: ئەمە زۆر سەرەنجی منی راکێشا هەست دەکەم ئەو کەسانە پەیوەندییەکی زۆر رۆحیان لەگەڵ سرووشت هەیە و نزیکن لە سروشتەوە، زیاتر زیرەکترن لەوەی کە مرۆڤ پێشبینی بۆی هەیە، من زۆر شت لەو چیرۆکەوە فێربووم و زۆر شت لە عەللاوە فێربووم، زۆر شت لە دیدگا بینینی مرۆڤی گوندنشینەوە فێربووم، چونکە عەللا باکگراوندێکی راوچی هەیە هەستەکەم ئەو باکگراوندی شاردنەوەیە، ئەمەش مەرجی سەدام بووە کە یەکەم رۆژ پرسیاری لێکردوون کام لە براکانتان راوچییە، پێیان گوتوە عەللا، ئەویش گوتوویەتی بڕۆن بۆم بێنن.
 
رووداو: چۆن دڵنیابوویتەوە کە ئەوەی عەللا دەیڵێت راستە؟
 
هەڵکەوت مستەفا: پرسیارێکی زۆر سەرنجراکێشە، ئێمە کەلێندەرێکمان دروستکردبوو لە 22-4-2003 تاوەکو 13ـی دیسەمبەری هەمان ساڵ بە دیوارێکەوە هەڵمانواسی بوو، هەموو ئەو 235 رۆژە چی روویداوە لە راگەیاندنەکانی عێراق و ئەمریکا و تەواوی جیهان و مەزرەعەکە لەو بارەوەیە هەیە نووسرابوو، بۆ نموونە کەلە 3ـی تەمووز پۆڵ بریمەر دێتە سەر شاشە و 7ـی مانگ عودەی و قوسەی دێن بۆلای و لە 22ـی تەمووزی 2003 هەردووکیان دەکوژرێن، ئەو کەلێندەرە زۆر هاوکاری دەکردین، ئێمە رۆژ بەڕۆژ دەمانزانی لە عێراق چی روویداوە و لەناو مەزرەعەکە چی روویداوە و لەناو مەزرەعەکە کێ کێی بینیوە، لە کۆتاییدا مرۆڤ ئەو هەموو زانیارییانەی پێویست نییە، چونکە قورسی ژیان بۆ هەموو مرۆڤەکان ئەوەیە چیرۆکی خۆت بدۆزیتەوە، چیرۆکی من چیرۆکی سەدام نییە، چیرۆکی دۆزینەوەی عەللاش نییە، بەڵکو چیرۆکی دۆزینەوەی ئەو چاڵەیە.
 
رووداو: یەکێکی عەرەبی سوننە کە هێشتا بە سەدام دەڵێت، سەرۆک سەدام حوسێن، هێشتا لە ناخەوە خۆشی دەوێت و پێی سەرسامە، خۆی بێ بەری دەکات لەوەی زانیبێتی کە دیکتاتۆر بووە، بەڵام دێت تەنیا بۆ دەرهێنەرێکی کورد کە هەڵکەوت مستەفایە قسە دەکات، ئەمە چۆن بوو چۆن رازی بوو؟
 
هەڵکەوت مستەفا: من هەستدەکەم دوو لایەنی هەبوو، لایەنێک ئەوەیە عەللا خۆی بتوانێت وەڵامی بداتەوە، لایەنی دووەم ئەوەیە کە من یەکەمجار عەللام بینی هەستم پێکرد، ژوانەکەمان لەگەڵ کوڕی مامەکەی بوو با راستگۆبم، کە پێنج دەقە قسەمان کرد، یەکسەر خۆی ئاشکرا کرد و گوتی من عەللام، هەستم کرد ئەویش ترسێکی هەبوو لەو دیدارەی نێوانمان، لەکاتێکدا دوو ساڵ خەریکی ئەو دیدارە بووین و بۆ ئەوەی من و ئەو پێکەوە دابنیشین، یەکەمجار عەللا هیچ قسەیەکی نەکرد، دووەمجاریش کە یەکمان بینی لە وڵاتێکی دیکە چوار رۆژ پێکەوەبووین و سێ رۆژ شەڕمان کرد، لەسەر ئەوە بوو کە چیرۆکی سەدام چۆن بگێڕێتەوە، بەدیدگای منێکی بیر ئەسکەندەناڤیەوە شتێک نییە بەناوی باش و خراپەوە تاقەتی ئەوەم نییە گوێ لە وەسفی باش و خراپی سەرکردەکان بگرم، ئەوە لای من پێویست بە گێڕانەوە ناکات، من دەمویست عەللا تێبگەیێنم کە مرۆڤەکان گرنگە چیرۆکە راستییەکەی چاڵەکە بزانن، وەک لەوەی ئێمە دابنیشین وەسفی بکەین، چونکە ئەو فیلمە وەسفی باش و خراپی سەدام نییە، بەڵکو  باسی گێڕانەوەی راستییەکانە، عەللاش پێویستی بە متمانەیەک هەبوو کە وێنەی سەدام چۆن پێشاندەدرێت، منیش پێم گوت دەبێت تۆ یەک شت بکەی نەک دوو شت، گوتی چی؟، گوتم یان هیچ مەگێڕەوە، یاخود ئەگەر دەیگێڕیتەوە دەبێت بزانی بەرپرسی بەرامبەر هەموو دونیا کە چی دەگێڕییەوە، هەستەکەم تەحەمولی منیش کاریگەری لەسەر بوو، چونکە من 10 بۆ 12 ساڵ خەریکی فیلمەکە بووم و دوو ساڵیش خەریکی دۆزینەوەی عەللا بووم.
 
رووداو: 14 ساڵ بۆ دروستکردنی بەڵگەفیلمێک پشوو درێژی دەوێت، واتە ئەوەی ئێستا بەرهەم هاتووە کە بەرهەمی بیرکردنەوەی تۆ و عەللایە کە فیلمەکە چۆن دروست بکرێت دەتوانین وابڵێین؟
 
هەڵکەوت مستەفا: دەتوانین وا بڵێین، بەڵام ئەوەی لای من گرنگ بوو یەک شت بوو، ئێمە زۆربەی ئەو پرۆژانەی بینیومانە لە دونیا لەسەر جەنگی عێراق یان سەدام ئەوە کێشەیە لەسەر داگیرکردنی عێراق یان ئازادکردنی عێراق لە 2003 کە ئەوەش قسەی لەسەرە، چیرۆکەکان لە دیدگای ئەمریکی و ئەوروپییەوە گێڕدراونەتەوە، باشە ئێمە بۆ چانس نەدەین بە پیاوێکی عێراقی بەو پیاوەی کە خۆی چاڵەکەی دروستکردووە و ئاخۆ ئەو چی دەڵێت، چونکە ئەگەر دیوە مرۆڤایەتی و سیاسییەکەیشی واز لێبێنی کەسی دیکە نازانێت چی روویداوە، بەس پرسیارە رەخنەیەکانم کە بۆ سەدامت لەلای خۆت هێشتەوە؟  بۆ سەدامت نەفرۆشت و 25 ملیۆن دۆلار وەربگریت و بڕۆیت؟ ئەوانە ئەو پرسیارە رەخنەیانەبوون کە من وەک دەرهێنەر لێم کردووە، هەروەها کێ سەدامی بینیوە و چی زانیوە و کێ چیکردووە، ئەوکاتە شانس بدەین بە عەللا کە چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە و بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بزانن و شایەنی ئەوەن بزانن چی لەنێو چاڵەکە روویداوە.
 
رووداو: رۆڵی رووداو چی بووە لەم فیلمەدا؟
 
هەڵکەوت مستەفا: رووداو بەشێکی سەرەکییە لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە، هەروەها چەندین کەناڵی جیهان بەشدارن لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە، رووداو دەرگایەکی باشی لە کوردستان و عێراق بۆ کردینەوە کە ئێمە باشتر بتوانین کاری وێنەگرتن بکەین و ئارامییەکی رۆحی بۆ ستافی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دابینکرد.
 
رووداو: هەڵکەوت مستەفا سوپاست دەکەم.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە