رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی گەنم لە هەرێمی کوردستان ئێستا خەریکن زەوییەکانیان بۆ باران و پەڵە ئامادەدەکەن، بەڵام کەمی و نەبوونی بنەتۆوی گەنم، مەترسیی بۆ سەر چاندنی ئەمساڵیان دروستکردووە.
ئەدهەم عەدنان، جووتیارێکی دەشتی شەمامکی هەولێرە، خۆی و هاوبەشەکانی 1500 دۆنم زەوییان هەیە، بەڵام هیچ گەنمێکی بنەتۆویان بۆ چاندن نییە، وەزارەتی کشتوکاڵ پێیان نادات و رێگەشیان پێ نادرێت ئەو بنەتۆوەی داوایان کردووە، لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە هاوردەی بکەن.
ئەدهەم عەدنان، جووتیار دەڵێ "ئێستا کاتییەتی، کاتەکەشی درەنگە، کەچی ئێستا کۆمپانیا ئاگادارمان دەکاتەوە و دەڵێ ناتوانم (گەنمی بنەتۆو) بهێنم، ئەو نەتوانێت بیهێنێت، ئێمە ئاوا دەمێنینەوە."
هەروەها دەڵێ "ئێستا داواکاریمان ئەوەیە؛ یان (وەزارەتی کشتوکاڵ) بۆمان دابین بکات. یان رێگەمان بدەن بۆخۆمان (بنەتۆو) بهێنین، یان رێگەمان بدەن ئەو کۆمپانیایانە بتوانن هاوکاریمان بکەن و بتوانین بنەتۆویان لێ وەربگرین.''
باران دەستیپێکردووە و لە بازاڕەکانیش گەنم بۆ بنەتۆو بە زەحمەت دەستدەکەوێت، بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵیش لەماوەی هەفتەیەکدا، تۆنێک گەنم لە 700 دۆلارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 900 دۆلار.
بەهۆی بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی گەنم و بنەتۆو بۆ هەرێمی کوردستان، ئێستا کۆگەکانی بنەتۆو هەموویان بەتاڵن، لەوانەش گەورەترین کۆگەی هەڵگرتنی بنەتۆو لە سنووری هەولێر.
تیمی رووداو، نیو کاژێر لای بازرگانێکی گەنم بوون، بە دەیان پەیوەندی جووتیارانی لە دەشتی هەولێر، کۆیە، چەمچەماڵ و بادینانەوە بۆ هات، کە بنەتۆویان نییە دەیانەوێت بیکڕن، بەڵام بازرگانەکە یەک وەڵامی هەبوو؛ نییەتی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی توێژینەوەی کشتوکاڵیش، رێگەنادات وەک ساڵانی رابردوو گەنمی بنەتۆو هاوردەبکات.
عەلی عەللاف، بازرگانی گەنم بە رووداوی گوت، ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەر جێگرەوەیەکی دیکەی هەیە، فەرموو با بیخەنەڕوو، "ئەگەر دەتوانن گەنم بۆ جووتیار دابین بکەن، با رێگە نەدەن گەنمی هاوردەکراو بێت، بۆ ئەوەی گەنمی هاوردەکراو بێت، هەموو ئەو مەرجانەی دایانناون، جێبەجێکراون."
ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی توێژینەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ گەنمێکی وەک بنەتۆو نییە بەسەر جووتیارانی دابەش بکات، رێگەش نادات ئەو جۆرە گەنمەی ساڵانی رابردوو هێندراوە، هاوردەبکرێت.
ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 120 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمە، ئێستا کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە لای جووتیاران و لە بازاڕەکان بەردەستە، بڕەکەی دیکە دەبێت بە گەنمی هاوردەکراو پڕبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ