لیژنەی پێشمەرگە: یەکخستنەوەی پێشمەرگە بە سستی دەڕوات و سێ وەزیر بانگهێشت دەکەین

17-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی كاروبارى پێشمه‌رگه لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی یەکخستن و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بە سستی دەڕوات و دەڵێت، "لە ئەستۆی یەکێتی و پارتییە و پێویستە ئیرادەی تەواویان بۆ ئەو پرسە هەبێت." دەشڵێت، "لەبەر سێ هۆکار بەنیازنین پڕۆژەیاسا بۆ سەربازیی ناچاری ئامادەبکەین." 
 
‌رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، رێڤینگ هروورى، سەرۆکی لێژنەی كاروبارى پێشمه‌رگه لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان بە سستی دەڕوات و ئێمەش لەمە نیگەرانین، ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە هەیە."
 
لەبارەی هۆکاری سستیی پڕۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە رێڤینگ هروورى گوتی، "نەبوونی ئیرادەیەکی تەواوە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە و دەبێت ئەمان زیاتر رژدبن لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان، ئێستا 20 لیوای پێشمەرگەمان هەیە و رێکخراونەتەوە، کار بۆ دروستکردنی دوو فیرقە دەکرێت کە ئەمە زۆر باش دەبێت، هێزی پێشمەرگە تۆکمەتر دەکات و هێزەکانی هاوپەیمانانیش زیاتر هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن."
 
رۆژی 22ی ئایاری 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی دەرچوونی خولی 6ی ئەفسەران و خولی 16ی پێشمەرگە لە کۆلێژی سەربازیی 3ی قەڵاچوالان، باسی پێویستیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد.
 
سەبارەت بە رەشنووسی یاسای سەربازیی ناچاری لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئێمە لە لیژنەی پێشمەرگە و وەزارەتیش هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆئەوەی رەشنووسی یاسای سەربازیی ناچاری ئامادەبکەین و هەمانبێت، ئەو کارەش ناکەین لەبەر سێ هۆ، یەکەم؛ لەبەرئەوەی قورساییەکی دارایی دەخاتە سەر حکومەت و هەرێمی کوردستان. دووەم؛ لەبەرئەوەی ئێستا ژمارەی پێشمەرگەمان زۆرە و دەبێت بەشێکیان ئەوانەی وادەی خانەنشینبوونیان هاتووە بکرێن. سێیەم؛ لەبەرئەوەی سیستمی پێشمەرگایەتی لە کوردستان خۆبەخشییە نەوەک ناچار."
 
لە ساڵی 2010ـەوە تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخراون و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.
 
رێڤینگ هروورى، سەرۆکی لیژنەی كاروبارى پێشمه‌رگه لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ بانگهێشتکردنی سێ لە وەزیرانی حکومەت دەکات و دەڵێت، "دەمانەوێ وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ و دارایی لەسەر ژمارەیەک پرسی تایبەت بە پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و زێرەڤانی بانگهێشتی لیژنەکەمان بکەین، بەڵام هێشتا بڕیارنەدراوە کەی بانگهێشت بکرێن."
 
ئەو تەوەرانەشی ئاشکراکرد کە ئەو سێ وەزیرەی بۆ بانگهێشت دەکرێن و روونیکردەوە، "کێشەکانی پێشمەرگە بە گشتی، پرسی پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینییان، بابەتی ئەو پێشمەرگانەی لەنێو شۆڕش بوون و بەگشتی ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە، هەروەها وەزیری ناوخۆش بۆ پرسی هێزەکانی زێرەڤانی و کێشەکانیان بانگهێشت دەکرێت، ئەم هێزە لەلایەک سەربە وەزارەتی پێشمەرگە و لەلایەکی دیکە سەربە وەزارەتی ناوخۆن."
 
سەبارەت بەو پێشمەرگانەی پێش ساڵی 1991 لەنێو شۆڕشەکانی باشووری کوردستان خزمەتیان هەبووە، هرووری دەڵێت، "ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵی 1961 تاوەکو 1991 کە بەشێکیان بە پلەی باڵا بە وەزیر و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی  دامەزراون و پلەکانیان نەبینیوە، بەپێی یاسای چاکسازی پلەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە و لەبەرامبەردا مووچەیەکی شایستەیان پێدەدرێت کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت، ئەمە بووەتە بڕیار و جێبەجی دەکرێت."
 
لە هەرێمی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ن، وەزارەتی پێشمەرگەش خاوەنی 22 لیوایە کە ژمارەیان بە فەرمی 125 هەزار پێشمەرگە دەبێت. دوو لەو لیوایانە لە چوارچێوەی دوو لیوای هاوبەش بۆ پاراستنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەچنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق.
 
رێڤینگ هرورى، سەرۆکی لیژنەی كاروبارى پێشمه‌رگه لە پەرلەمانی کوردستان، پەیوەست بەرێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق رایگەیاند، "ژمارە و رێژەی کورد لەنێو سوپای عێراق زۆر زۆر کەمە و دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

رێنوێنییەکانی خوێندنی دیپلۆم، ماستەر و دکتۆرا؛ ئەم کەسانە بە خۆڕایی دەخوێنن

بۆ خوێندنی دیپلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی، زمانی ئینگلیزی و تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆس بۆ پێشکێشکردن مەرج نییە، واتە هەر خوازیارێک تێکڕای نمرەی بەکالۆریۆسی لە 50٪ بەسەرەوە بێت مافی پێشکێشکردنی دەبێت، بەڵام بۆ خوێندنی ماستەر، مەرجە خوازیار تێکڕای نمرەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە 60٪ کەمتر نەبێت و مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت، جگە لە دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان.