ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری: د. بەرهەم ساڵح گوتی لەنێو یەکێتی دەمێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکەی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ بۆ لای د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق سەردانێکی سیاسیی نەبووە. دەشڵێت: "د. بەرهەم ساڵح گوتی لەنێو یەکێتی و لە چوارچێوەی ئەو حیزبە لە کارەکانی بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، فارووق عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەو شاندەی رۆژی چوارشەممە سەردانی بەرهەم ساڵحیان کرد رایگەیاند، سەردانێکی ئاسایی بوو نەک سیاسی.
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و تەوەرەکانیشی گوتی: "بارودۆخی ناتەبایی نێوان یەکێتی و پارتی قسەیان لەبارەوە کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەگەر ئەو ناکۆکییانە بەردەوام بن، هەموو لایەک زەرەری لێدەکەن و دەبێت چارەسەربکرێت، بەتایبەت ئێستا دۆخەکە زیاتر پەرەی سەندووە و هەردوولا چەقۆ لەیەکدی هەڵدەسوون و لە میدیاکاندا رەنگی داوەتەوە و هەردوولا وەڵامی یەکدی دەدەنەوە."
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری باسی لەوە کرد، هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکە باس نەکراوە. ئاشکراشی کرد: "بەڵکو باس لەوەکرا هەفتەی داهاتوو رەنگە کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان هەبێت، مامۆستا عەلی باپیر گوتی ئەگەر کرا و چووین ئەوە لەوێ را و بۆچوونەکانی خۆمان باس دەکەین."
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و لایەنە سیاسییەکان، فارووق عەلی روونیکردەوە: "بڕیاربوو هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەکە بکرێت، بەڵام دواخرا و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو بکرێت."
 
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق پێشتر لە یەکێتی جیابووەوە و حیزبێکی بە ناوی هاوپەیمانیی دیموکراسی و ئاشتی دامەزراند، دواتر گەڕایەوە نێو یەکێتی و بووە سەرۆککۆماری عێراق. لە دوایین کۆنگرەی یەکێتیش بووە ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە.
 
سەبارەت بە وێستگەی داهاتووی کارکردنی بەرهەم ساڵح، فارووق عەلی گوتی: "د. بەرهەم ساڵح بەشێوەیەکی گشتی پێیوابوو لەنێو یەکێتی و لەچوارچێوەی یەکێتی کارەکانی درێژە پێدەدات."
 
رۆژی چوارشەممە، 16-11-2022، شاندێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری سەردانی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراقی لە مێرگەپان لە سلێمانی کرد و بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، بەمەبەستی" هەواڵپرسین و تاوتوێکردنی هەندێک پرسی سیاسی بوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی."