لەتیف رەشید، مەسرور بارزانی و حەلبووسی بەشداریی کۆڕبەندێک لە دهۆک دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سێیەم رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتارێک پێشکێش بکات.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بڕیارە لە کاژێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17-11-2022، کارەکانی سێیەم رۆژ و دوایین رۆژی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەستپێدەکات.
کارەکانی سێیەم رۆژی کۆڕبەندەکە بە گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، دواتر پانێڵی یەکەم و دووەم و پاشان گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و تاوەکو کاژێر 5:30 ئێوارە گفتوگۆ و پانێڵەکان بەردەوام دەبن.
لە پانێڵی یەکەم، هەریەک لە مەلا بەختیار، رێبەر ئەحمەد، عادل باخەوان و فالح فەیاز بەشدار دەبن، دواتر پانێڵی دووەمیش لە کاژێر 2:20ی دوای نیوەڕۆ گفتوگۆیەک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ماوەی کاژێر و نیوێک.
راندڵ رودس، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک لەبارەی نێوەڕۆکی کارەکانی ئەمڕۆی کۆڕبەندەکە، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ سەرنجمان لەسەر روانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسەکانە، ئەو رێوشوێنانەی دەگیرێنەبەر بۆ پێشخستنی سەرجەم بوارەکانی چاکسازی و ئاسایش."
لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەممەد حەلبووس، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکە لە بەغدا، هەروەها ژمارەیەک کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە کۆڕبەندەکە ئامادە دەبن.