لاوک بووەتە بەشێک لە ناسنامەی پارێزگای رووها

رووداو - هەولێر

لە زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان کوردستان لاوک لەگەڵ نەستی هونەرمەندان و دانیشووان تێکەڵ بوون، لە پارێزگای رووها کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، بە سەدان لاوکبێژی دەژین، کە جگە لە شێوازی گوتنەوەی لاوک بە شێوازی پۆشینی جلە کوردییەکانیان دەناسرێنەوە. 

سەدای لاوک لە دووری یەکێک لە خانە مێژووییەکانی رووها دەبیسترێت، ئەم شوێنە خانەی لاوکبێژانە لە رووهای باکووری کوردستان.

محەممەد ئایدۆغدو، حەیرانبێژە و دەڵێ "ئەمە لە باووباپیرانمانەوە ماوەتەوە، لاوک بە کوردی دەگوترێ، جاران کە تەلەڤیزیۆن و مۆبایل و ئامێری پێشکەوتوو نەبوون، لە کۆڕ و مەجلیسی کوردەواریدا بە شێوەیەکی زیندوو و لەبەر دەگوترا. لاوک کولتوورێکی کوردییە".

لاوکبێژانی رووهایی جگە لەو دەنگە ناوازەیەی هەیانە، بە مۆدێلی جلە کوردییەکەشیان دەناسرێنەوە، بە گشتی ئەوان جامانە نابەستن و بەسەر شانیاندا دەیهێننە خوارەوە.

نەوەک هەر لە باکووری کوردستان، بەڵکو لە شارەکانی تورکیاشدا گرنگی بە لاوکی  رووها دەدرێت. محەممەد ئایدۆغدو هەروەها دەڵێ "تەنانەت کە دەچینە ئەنقەرەش خەڵکی ئەوێ لەڕێی تەلەڤیزیۆنەوە دەمانناسن. گرنگی و نرخمان پێدەدەن".

شارەوانیی رووها لە هەوڵدایە ئەم دەنگ و سەدا رەسەنە کوردییە بگەیەنێتە یونسکۆ. سوبحی چیچەک، سەرۆکی فەرمانگەی کولتووریی شارەوانیی رووها دەڵێ "شانڵی ئورفا شاری میوزیکە، شاری دەنگە رەسەنەکان. لەم نێوەندەدا پێشنیازنامەی ئێمە لەبارەی تۆمارکردنی شارەکەمان لە رێکخراوی یونسکۆ پەسندکراوە".

بەرپرس و شارەزایانی ئەم شارە دەڵێن ماوەی 12 هەزار ساڵە رووها هونەر و میوزیکی لێ دانەبڕاوە.