دەستەی نەزاهە لە 83 بندیواری پلە تایبەت دەكۆڵێتەوە

رووداو – هەولێر

دەستەی نەزاهە داوای زانیاری لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان دەكات دەربارەی ئەو كەسانەی پلەی تایبەتی "معوەم"یان هەیە، داواش دەكات بگەڕێنەوە سەر وەزیفەكانیان یان خانەنشین بكرێن.

"پلە تایبەتی معوەم" بەو كەسانە دەگوترێت كە پێشتر لە وەزیفەدا بوون، بەڵام ئێستا هیچ وەزیفەیەكیان نییە، كەچی مووچە وەردەگرن. دەستەی نەزاهەش داوا دەكات كە وەزیفەیان بدرێتێ‌، یان خانەنشین بكرێن. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست (رووداو) كەوتوون 83 كەس ئەو پلەیەیان هەیە، پلەكانیش لە بریكاری وەزیرەوە دەستپێدەكات تاوەكو بەڕێوەبەری ناحیە.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانە، ئەو 83 كەسە پۆستەكانیان بەمشێوەیە: 2 بریكاری وەزیر، 3 جێگری پارێزگار، 17 بەڕێوەبەری گشتی، 26 قایمقام، 30 بەڕێوەبەری ناحیە و 5 راوێژكار. مووچەكانیشیان بەپێی پلەكانیان لە ملیۆنێك و 63 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو 4 ملیۆن دینار. كۆی گشتی مووچەی ئەمانە لە مانگێكدا دەگاتە 226 ملیۆن و 858 هەزار و 300 دینار. بەپێی بەڵگەنامەكان ئەو پلە تایبەتە معوەمانە چەند ساڵێكە مووچە و دەرماڵە وەردەگرن بەبێ‌ ئەوەی هیچ دەوامێك بكەن.

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی ژمارە 169 لە رۆژی 9/9/2014 داوای لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لیستی ناوی ئەو پلە تایبەتانەیان بۆ بنێرێت. ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە نووسراوی ژمارە 6994 لە رۆژی 6/11/2014 وەڵامی دەستەكەی داوەتەوە و ناوەكانی بۆ ناردوون.

بەپێی ئەو لیستەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستەی دەستپاكی ناردووە، وەزارەتی ناوخۆ زۆرترین پلە تایبەتی معوەمی هەیە، كە ژمارەیان 55 كەسە و زۆربەیان قایقمام و بەڕێوەبەری ناحیەن.

موشیر رەشید، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و لێكۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاكی بە(رووداو)ی راگەیاند "بوونی ئەو پلە تایبەتانە كە بە معەوەم ناسراون هۆكاری مێژوویی هەیە، زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ كاتی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان، بە جۆرێك لە زۆنی سەوز چەندین بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام و جێگری پارێزگا و پلەی دیكەی باڵا دانرابوون بۆ ناوچەكانی زۆنی زەرد، بە پێچەوانەوەش پۆستی ناوچەكانی زۆنی سەوز لە لایەن بەرپرسانی زۆنی زەرد دیاریكرابوون، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێستا چەندین بەڕێوەبەری بێ ناحیە و قایمقامی بێ قەزا و جێگری پارێزگاری بێ پارێزگا و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی هەبن كە دەوام ناكەن، یاخود هیچ ئەركێكیان نییە و مووچەی خۆشیان وەردەگرن".

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو كەسانە لەلای دەستەی دەستپاكی، موشیر رەشید گوتی "كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەو كەسانە بەپێی یاسا خانەنشین بكرێن، یاخود پۆست و ئەركی دیكەیان پێ بسپێردرێت، لە بەرامبەر ئەو مووچەیەی وەریدەگرن".

بەپێی یاسا هەر كەسێك لە بەرامبەر ئەو مووچەیەی وەریدەگرێ دەبێت كارێك بكات و ئەركی پێ بسپێردرێت. بەڵام ئەو معەوەمانە جگە لەوەی دەوام ناكەن، وەك هەر فەرمانبەرێكی حكومەت ساڵانە مووچەكەیان زیاد دەبێت، ئەویش بەهۆی تەرفیع و عەلاوە.

فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت ئەو كەسانە كە مووچە وەردەگرن و دەوام ناكەن یاخود هیچ ئەركێكیان نییە ، هیچ یاسایەك نایانگرێتەوە، وەرگرتنی مووچەكەیان نایاساییە.  فرسەت سۆفی گوتیشی "ئەو كەسانەی جێگری پارێزگار، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەن كە لەو پۆستانە نامێنن، دەبێت راژەكانیان بگوازرێتەوە بۆ شوێنێكی دیكە و ئەركیان پێ بدرێت، یان ئەگەر تەمەنی گەیشتووەتە ئاستی خانەنشینی، دەبێت بەپێی یاسا خانەنشین بكرێ. بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریكاری وەزیر و راوێژكاریش بە هەمانشێوە، بۆیە هەر كەسێك هەر ناونیشانێكی هەبێت دەبێت لە بەرامبەر ئەو مووچەیەی وەریدەگرێت ئەركی پێبدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ئەمە هەر ناوێكی لێ بنرێت لە هیچ یاسایەكدا جێی نابێتەوە".

زۆر لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان دوای  ئەوەی لە پۆستەكانیان نامێنن، دەگوازرێنەوە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، یان دیوانی پارێزگاكان و ئەركی دیكەیان پێ دەسپێردرێ، بەڵام ئەو 83 كەسە هیچ كارێكیان نییە.

د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند "بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەبێت ئەو كەسانە لە دیوانی پارێزگاكان دەوام بكەن و ئەو كەیسانەشمان زۆربەی چارەسەر كردووە، بۆیە هەر كەسێك دەوام نەكات بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و دەبێت لە بەرامبەر ئەو مووچەیەی وەریدەگرن ئەركیان پێ بسپێردرێت".


پۆست    ژمارە    مووچە    دەرماڵە

جێگری پارێزگار    3    25790000- 1832000    1500000
قایمقام    26    1998000    1500000
بەڕێوەبەری ناحیە    30    1068000- 148000    
بەڕێوەبەری گشتی    17    2913000 - 1583000    1500000
راوێژكار     5    2745000    1500000
بریكاری  وەزیر    2    2249000    1500000