ئەفسەرێکی باڵای عێراقی کۆتایی بە ژیانی هێنا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەفسەرێکی باڵای عێراقی لە پارێزگای واست لەسەر پردێک خۆی فڕێ دایە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی هێنا.

ئەفسەرەکە ناوی نعمان عەبدوڵڵا سایل مەعمورییە، تازە پلەکەی لە عەمیدەوە بۆ لیوا بەرزبووەتەوە. لە گەڕەکی شوهەدا-ی  قەزای سوێرە لە پارێزگای واست نیشتەجێیە. 
 
عەلی محەممەد،بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو ئەفسەرە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەوامی دەکرد، کاژێر 7:30ی شەوی رابردوو کاتێک لەگەڵ خێزانەکەی بووە لەسەر پردی سوێرە خۆی فڕێداوەتە نێو رووباری دیجلە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29ى شوباتى 2024، وەزارەتى تەندروستیى عێراق، ستراتیژیی نیشتمانى بۆ خۆپارێزى لە خۆکوشتن راگەیاند. 
 
ساڵح حەسناوى، وەزیرى تەندروستیى عێراق لە کۆنگرەى دەستپێکردنى ئەو ستراتیژیەتەدا رایگەیاند، عێراق دووەم وڵاتى ئەندام لە کۆمکاری عەرەبییە ئەو ستراتیژیەتە رابگەیێنێت.
 
لە 26ى ئەیلوولى 2023، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندى لەسەر ستراتیژییەتى نیشتیمانى بۆ خۆپارێزى لە خوکوشتن پەسند کرد کە تاوەکو 2030 درێژە دەکێشێت. ئەو هەڵمەتە بە پاڵپشتیى رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
 
وەزیرى تەندروستیی عێراق گوتی، خۆکوشتن لە وڵاتەکەى هێشتا لە رێژەى جیهانى کەمترە، بەڵام داواى لە رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، راگەیاندنەکان و ناوەندە ئایینییەکان کرد یارمەتیدەری سەرخستنی ئەو ستراتیژییە بن. 
 
بەگوتەی لقى عێراقى رێکخراوى کۆچی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، لە ساڵى 2022دا 1028 هەوڵى خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراون و 29% هەوڵەکان پیاوان بوون و 71%یان ژنان بوون.